"تەنها لەمانگێكدا عێراق لە دابەزاندنی بەهای دیناردا، 242 ملیار دینار قازانجی کردوە"
  2021-01-16       603       

سەرپەرشتیاری ئینستیوتی ئابوری بە ژمارە دەڵێت، بانکی ناوەندی عێراق لە پرۆسەی دابەزاندنی بەهای دیناردا بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی، لەماوەی مانگێکدا، 242 ملیار و 736 ملیۆن دینار، داهاتی زیادکردوە، بەڵام هاوڵاتیان زەرەرمەندبون بەهۆی گرانبونی نرخی شتومەكەوە.

ئاوێنە: بیلال سەعید، سەرپەرشتیاری ئینستیوتی ئابوری بە ژمارە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا وتویەتی"بانکی ناوەندی عێراق پێش پرۆسەی دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار، ڕۆژانە بەبەردەوامی، 150 بۆ 200 ملیۆن دۆلاری خستوەتە بازاڕەوە، بەڵام دوای دابەزاندنی بەهای دینار، بڕە دۆلارێکی بێ ئەندازە کەم دەخاتە بازاڕەوە، بەشێوەیەک ڕۆژ هەبوە، تەنها سێ ملیۆن دۆلاری خستوەتەڕو.

سەرپەرشتیاری ئینستیوتی ئابوری بە ژمارە، ئاماژەی بەوەكرد"حکومەتی عێراق لەماوەی مانگێکدا و لەڕێگەی دابەزاندنی بەهای دینارەوە بەرامبەر بە دۆلار، 242 ملیار و 736 ملیۆن دینار داهاتەکەی زیادیکردوە."

وتیشی"بانکی ناوەندی لە جێبەجێکردنی پرۆسەی دابەزاندنی بەهای دیناردا بەرامبەر بە دۆلار، لەهەر 100 دۆلاری ئەمەریکی، 27 هەزار دینار قازانجی کردوە."

بەڵام بەپێی وتەی بیلال، هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی دابەزاندنی بەهای دینار زەرەرمەندبون، بەو پێیەی نرخی شمەک و کاڵاو خۆراک لەبازاڕەکاندا بەرزبوەتەوە، چونکە سەرچاوەی هاوردەکردنی ئەو کاڵایانە وڵاتانی دەرەوەیە، کە بەدۆلار مامەڵە دەکەن.

بیلال وتی"دەبوایە دابەزاندنی بەهای دینار، 18% نرخی بەرز بکردایەتەوە، بەڵام ئێستا فرۆشگا و کۆمپانیاکان 22% تا 25% نرخیان بەرز کردوەتەوە."

سەرپەرشتیاری ئینستیوتی ئابوری بە ژمارە، ڕونیشیکردەوە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی عێراق، لە پرۆسەی دابەزاندنی بەهای دینار سودمەند بوە، بەو پێیەی سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هەرێم نەوتە، کە نەوتیش بەدۆلار دەفرۆشرێت، وتیشی"هەرێم پێشتر ئەو دۆلارەی کە لەداهاتی نەوت دەستیکەوتوە، لەبانکێکی تایبەتدا بە 120 هەزار دینار گۆڕیویەتیەوە، بەڵام ئێستا لەهەر 100 دۆلارێک، 27 هەزار دینار زیاتری دەست دەکەوێت."


زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×