بەرهەم ساڵح و كازمی: گرنگە مافی تەواوی موچەخۆرانی عێراق و هەرێم پارێزراو بێت
  2021-01-18       472       

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمارو مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەكۆبونەوەیەكی نێوانیاندا جەخت دەكەنەوە لە گرنگی تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجەو پاراستنی مافی تەواوی موچەخۆرانی عێراق و هەرێم و گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم.

ئاوێنە: بەپێی بەیاننامەیەكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، بەرھەم ساڵح، لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکردوە لە موستەفا کازمی و گفتوگۆیان سەبارەت بە پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەکانی وڵات كردوە.

لەمیانی کۆبونەوەکەدا بەگرنگییەوە باس لە پێویستی چەسپاندنی ئارامی عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتیان و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەزگا ئەمنییەکان و جێبەجێکردنی یاسا کرا، لە پێناو زامنکردنی ئاشتی و ئاسایشی گشتی و رێگریکردن لەو کارانەی لە دەرەوەی یاسان و رێکخستنەوەی چەک.

ھەر لە کۆبونەوەکەدا هەردولا تاوتوێی هەڵبژاردنەکانی داهاتویانکرد و پێداگری کرا لەگرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان و پشتیوانی تەواوی خۆشیان دوپاتکردەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و رێگریکردن لە ساختەکاری و فرتوفێڵ، هەروەها گرنگی چاودێریکردنی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان لەلایەن چاودێرە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی جددی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان و زامنکردنی دەرفەتی بەشداری فراوان بۆ گشت هاوڵاتیان.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا باس لە دۆخی ئابوری وڵات و بودجەی گشتی کرا، بۆ ئەو مەبەستە ھەردو سەرۆک رێککەوتن لەسەر گرنگی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی و پاراستنی مافی تەواوی موچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دور لە ململانێ سیاسییەکان و گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆسییە داراییە هەڵپەسێردراوەکان، بەجۆرێک زامنی مافی موچەخۆران و هاوڵاتیان و چین و توێژە کەمدەرامەتەکان بکات بەبێ جیاوازی.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×