دیسان بارزانی‌و قاسمی سلێمانی، ئەمجارەیان لەزنجیرە درامایەكی تەلەفزیۆندا
  2021-01-25       3054       

ئا: ئاوێنە


لەزنجیرە درامایەكی تەلەفزیۆنیدا كە لەكەناڵ یەكی سەر بەدەوڵەتی ئێرانەوە پەخش كرا، دیسان كاربەدەستێكی ئیتیلاعات لەلێكۆڵینەوەی لەگەڵ سەركردەیەكی داعشدا باسی پەیوەندییە تەلەفونییەكی نێوان بارزانی‌و قاسمی سلێمانی دەكاتەوە.


زنجیرە درامای تەلەفزیۆنی "خانە ئەمن" كە چەند رۆژێك لەمەوبەر دواهەمین ئەڵقەی لەكەناڵ یەكی سەر بەدەوڵەتی ئێرانەوە پەخش كرا‌و میدیاكانی ئێران بایەخێكی تایبەتییان پێداو دەنگدانەوەیەكی گەورەی لێكەوتەوە، هەر لەیەكەم ساتی ئامادەكاریی‌و ریكلامكردنیەوە بۆ پیشاندانی لەكەناڵەكەدا، واتە بەر لەستپێكردنی دیمەنێك وەك ریكلام پیشان دەدرا كە  بەرپرسێكی ئیتلاعات دەڵێت "یەكەمین جار كە گەشتنە دەروازەی هەولێر ترسی قاسمی سلێمانیم لەروخسارتدا بینی...".


دراماكە چیرۆكی سیخوڕیی‌و روبەڕوبونەوەی بەرپرسانی وەزارەتی ئیتیلاعاتی ئێران بەرامبەر بەداعش دەگێڕێتەوە، باس لەوە دەكات كە داعش سیناریۆیەكی شومی ئەمەریكی – عەرەبی بوە بۆ نائارام كردنی ماڵی ئارامی ئێران.


ئەم درامایە تیشك دەخاتە سەر هەڕەشەی داعش‌و پشتیوانی وڵاتانی رۆژئاوا‌و كۆمەكی وڵاتانی عەرەبی كەنداو بۆ ئەم گروپە تیرۆریستییە.


چیرۆكەكە بەوە دەستپێدەكات كە كەمال- سەرتیمی دژە تیرۆریستی وەزارەتی ئیتیلاعات بەپێی ئەو زانیاریانەی پێیگەیشتون، وا بڕیارە گروپێكی داعش كردەوەیەكی تیرۆریستی لەئێران ئەنجام بدەن، خۆی‌و تیمەكەی لەدەرەوەی وڵاتەوە شوێن پێی یەكێك لەكارەكتەرە گرنگەكانی پیلانەكەی داعش هەڵدەگرن، تا لەڕێگەیەوە بگەن بەو كەسەی لەتاران لەپەیوەندیدان لەگەڵی‌و پیلانەكەی داعش پوچەڵ بكەنەوە. لەم روداوانەدا دۆسیەی ئاڵۆزی تیرۆریستی‌و ئابوری‌و سپی كردنەوەی پارە یەكانگیر دەبن.


دراماكە كە 50 ئەڵقەیە، ژمارەیەكی زۆر لەئەكتەری ناوداری ئێران رۆڵیان تیا بینیوە، ئەحمەدی موعەزمی دەرهێنەریەتی‌و حسێنی تراب نەژاد سیناریۆكەی نوسیوە.


لەم درامایەدا كە لەشەش شاری ئێران‌و سێ‌ وڵاتی دەرەوەی ئێران كاری وێنەگرتنی بۆ كراوە، لەدیمەنێكی ئەلقەی "٣٠"دا ئەكتەرە سەرەكیەكەی دارماكە كە بەرپرسی ئیتیلاعاتە، بەسەركردەیەكی دەستگیركراوی داعش لەكاتی لێكۆڵینەوەدا دەڵێت "هێشتا منت نەناسیوەتەوە؟ دەروازەی هەولێر، هەرێمی كوردستان، لەگەڵ هێزەكانت دەتویست هەولێر داگیر بكەیت، بارزانی پەیوەندی بەهەمو لایەكەوە كرد، ئەمەریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، تەنانەت سعودیە، هیچیان یارمەتیان نەدا، هەمویان كشانەوە".


سەركردەكەی داعش لەوەڵامدا دەڵێت "ئەمەیان خۆ بارزانی خۆی لەهەمو شوێنێك جاڕی دا".


بەرپرسەكەی ئیتیلاعات پێیدەڵێت " یەكەم جار كە ترسی قاسمی سلێمانیم لەروخسارتدا بینی، باش لەبیرمە، خەریك بو رۆژ دەبۆوە، بەدوربین حاج قاسمت لەسنوری هەولێر بینی‌و خێرا فەرمانی پاشەكشەت دەركرد..".


كۆماری ئیسلامی ئێران‌و سوپای پاسداران‌و وەزارەتی ئیتیلاعات، بە بەردەوامی كار لەسەر ئەوە دەكەن كە لەڕێگەی بەرهەمهێنانی چەندان جۆر كاری هونەرییەوە رۆڵی قاسمی سلێمانی‌و سوپای پاسداران لەتێكشكاندنی داعشدا گەورە نیشان بدەن‌و رۆڵی پێشمەرگە‌و گەلی كورد ناچیزو بچوك بكەنەوە.

کۆی ئەڵقەی ٣٠ی دراماکە

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×