بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی پەرلەمانی عێراق: له‌كۆبونه‌وه‌ی داهاتودا رێكکه‌وتن لە نێوان ھەرێم و بەغدا ده‌كرێت
  2021-01-26       772       
بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی پەرلەمانی عێراق زانیاری لەبارەی کۆبونەوەی شەوی رابردوی شاندی هەرێم و لیژنەکەیان ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، له‌كۆبونه‌وه‌ی داهاتودا رێكکه‌وتن ده‌كرێت.

ئاوێنە: ئه‌حمه‌د سه‌فار، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، شه‌وی رابردو لیژنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ شاندی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كۆبوه‌وه‌، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا حكومه‌تی هه‌رێم سه‌رجه‌م داتا و به‌ڵگه‌كانی تایبه‌ت به‌دۆسیه‌ی نه‌وت و داهاته‌ نا نه‌وتیه‌كانی خسته‌ڕو.


ئاماژەی بەوەشکرد، هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی خۆی ده‌ربڕی بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی بنه‌ڕه‌تی كێشه‌ و ناكۆكیه‌كان، هه‌روه‌ها شانده‌كه‌ ره‌زامه‌ندی سه‌ره‌تایی ده‌ربڕی له‌باره‌ی ئه‌و سیناریۆیانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵه‌وه‌ بۆ مادده‌كانی ئه‌و پرۆژه‌یاسای بودجه‌ تایبه‌ت به‌ هه‌رێم دیاریكراون.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی باسی لەوەکردوە، دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی فیدراڵی ئاگاداركرابوه‌وه‌ له‌ هه‌مو داتاكانی پرۆسه‌كانی هه‌نارده‌كردن و گومرگ و ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌كۆبونه‌وه‌ی داهاتودا ڕێككه‌وتنی كۆتایی بكرێت.

پاش ئه‌وه‌ی شاندی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی گه‌یشته‌ به‌غدا، ئێواره‌ی دوێنێ دوشه‌ممه‌، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدای كرد بۆ سەرۆکایەتیکردنی شاندەکە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ لیژنەی دارایی و لایەنەکانی دیکەی عێراق.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×