2021-01-27   2062     
هێزێکی دەمامکداری ئاسایشی پارتی لە کۆمەڵگەی سیرێ هەڵدەکەوتنە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووس قارەمان شوکری زەینەدین و دەستگیری دەکەن، سەرباری تێکدانی ماڵ و دوکانەکەی، سوکایەتیی بە خانەوادەکەشی دەکەن.
ئاوێنه: زێرەڤان شوکری، برای قارەمان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: بەیانی ئەمڕۆ هێزێکی دەمامکداری ئاسایش هەڵیانکووتایە سەر ماڵمان و قارەمانیان دەستگیرکرد.
وتیشی: هێزەکە بە زیاتر لە پێنج ئۆتۆمبێل هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵمان و هەردوولای کۆڵانەکەیان گرتووە، ماڵەکەیان بەتەواویی تێکداوە و سووکایەتییان بەرامبەر دایکم و برایەکی دیکەم کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو: هێزەکە چوونەتە سەر دوکانەکەی قارەمان و کلیلی دوکانەکەیان شکاندووە مۆبایل و لاپتۆپیان بردووە.
قارەمان شوکری زەینەدین تەمەنی ٢٤ ساڵە و دانیشتووی کۆمەڵگەی سیرێ-یە لە شارەدێی شیلادزێی سنووری پارێزگای دهۆک، پیشەی ڕۆژنامەنووس و فۆتۆگرافە و خاوەنی خەڵاتی وەدات حسێنە بۆ ئازادیی ڕۆژنامەگەریی لە ساڵی ٢٠٢٠، کە لەلایەن ئاژانسی ڕۆژنیوزەوە پێی بەخشراوە.
پێشتریش دوو جاری دیکە لە ڕێککەوتی ٢٦ی ١ی ٢٠٢٠ و ٢٦ی ٦ی ٢٠٢٠ هەر لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەستگیرکراوە، هەردووجارەکەش قارمان دوای ئازادکردنی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووە: ئاسایش بەبێ بڕیاری دادوەر دەستگیریان کردووم و بەبێ بڕیاری دادوەریش ئازادیان کردووم.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێی وتەی گوڵستان سەعید سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا نزیکەی ٧٠ کەس لە سنووری دهۆک لە زیندانەکاندان و دەربارەی چارەنووسیان سەرۆکی حکومەت وەڵامی ئەوانیش ناداتەوە.