"دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان نیشاندەری دەربازبونی هێزە ئەمنییەكانی عێراقە لە تاوانە گەورەكان"
  2021-02-09       1141       
2018 كەمپی ئیسحاقی، وێنە: بەلقیس والی، هیومان رایتس ۆوچ

ئا: ئاوێنە 

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ داوا لە حكومەتی عێراق دەكات لێكۆڵینەوە بكات لەو گۆڕە بە كۆمەڵەی لە نزیك كەمپێكی پێشوی ئاوارەكان لە پارێزگای سەڵاحەدین بەم دواییانە دۆزراوەتەوە كە روفاتی زیاتر لە 50 كەسی تێدابوە، ئەوەش لەسایەی بونی چەند چاوپێكەوتنێكی پێشتری رێكخراوەكە لە ساڵی 2018دا لەگەڵ ژنانی نێو كەمپەكە كە باسیان لەوە كردوە هێزە ئەمنییەكانی عێراق زیاتر لە 50 پیاوی نێو كەمپەكەیان بردون كە لەنێویاندا منداڵی خوار تەمەن 10 ساڵان هەبوەو لەو كاتەوە چارەنوسیان دیار نییە. 

بەڵقیس والی، لێكۆڵەری باڵا و پسپۆڕ لە كاروباری عێراق لە رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ، ئەمڕۆ دوشەممە، لە نوسینێكدا رایگەیاندوە، لەدوای ساڵی 2016ەوە سەردانی زیاتر لە 10 كەمپی كردوە لەسەرتاسەری عێراق كە ئەو خانەوادانەی تێدابون كە كەسێكیان تۆمەتبارە بەوەی لەگەڵ داعش بوەو چەندان سەعات چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ژنانی ئەو كەمپانەدا ئەنجامداوە، بەڵام كەمپی "ئیسحاقی" لە پارێزگای سەڵاحەدین لە هەمو كەمپەكانی دیكە زیاتر ئازاری داوە.

بەڵقیس باسی لەوە كردوە كە لەسەرەتای مانگی كانونی یەكەمی 2018و نزیكەی دو ساڵ بەرلە داخستنی، توانیویەتی بچێتە نێو ئەو كەمپە كە بەقسەی ئەو هیچ خزمەتگوزارییەك لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان یاخود ناوخۆییەكانەوە بەو كەمپە نەگەیشتبو و چەكدارانی سەربە حەشدی شەعبی خۆیان ئیدارەی كەمپەكەیان داوەو زۆربەی ئەو رێكخراوانەی ویستویانە بچنە ئەو كەمپە لەلایەن ئیدارەی كەمپەكەوە رێگەیان پێنەدراوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ژنانی نێو كەمپەكە ناوی دەیان پیاون داوەتێ و وتویانە، دوای مانگێك لەوەی كە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە هێنراون بۆ كەمپەكە، لەنزیك كەمپەكە تەقینەوەیەك رویداوەو دەستبەجێ چەكدارەكان 52 پیاو كە تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 57 ساڵاندابوە كۆیانكردونەتەوەو تۆمەتباریان كردون بە ئەنجامدانی تەقینەوەكەو پاشان لەگەڵ چەند منداڵێكی دیكەی كوڕدا هەمویان بردون. لەدوای ئەوە كەسوكاریان هیچیان لەبارەیانە نەبیستوەو چارەنوسیان نەزانیون.

ئەو لێكۆڵەرەی رێكخراوەكە، بەقسەی خۆی لەو كاتەدا ناوی ئەو پیاوانەی لگەڵ ناوی ئەو كوڕە منداڵانەشدا تۆماركردون كە تەمەنیان لە 10 ساڵان تێنەپەڕیوەو لە كەمپەكە براون. 

بەلقیس وتویەتی"چەند هەفتەیەكی كەم لەمەوبەر كاتێك هەواڵێكی ناوخۆیی عێراقم بینی دڵی داگرتم و هیوابڕوای كردم لەوەی كە ئەگەری ئەوە هەبێت ئەو كەسانە زیندو بن و لە زیندانێكی نهێنیدا بن. بەگوێرەی هەواڵەكە دەسەڵاتدارانی عێراق بەم دواییە گۆڕێكی بەكۆمەڵیان لەنزیك كەمپەكە دۆزیوەتەوە كە روفاتی زیاتر لە 50 كەسی تێدایە لەنێویشیاندا چەند منداڵێك كە تەمەنیان ناگاتە هەشت ساڵان و دە ساڵان."

باسی لەوەش كردوە كە چەندین بانگەشەی پڕۆسەی كوشتنی دیكەی لەو جۆرەی تۆماركردون لەعێراق بەڵام یەكجاریش لێكۆڵینەوە لەو پرۆسانەی كوشتن لەسەر دەستی هێزە عێراقییەكان نەكراوە.

لەچوارچێوەی داخستنی كەمپەكاندا، كەمپی ئیسحاقی-ش لەمانگی تشرینی دوەمی ساڵی رابردودا لەلایەن عێراقەوە داخراو رێگەدراوە بە نیشتەجێبوانی ناو كەمپەكە بڕۆن، بەڵام بەقسەی بەڵقیس ئەوانیش "وەك زۆربەی ئەو كەسانەی لە كەمپەكانی دیكە دەركراون، گروپە چەكدارەكان دەستیان بەسەر گوندەكانیاندا گرتوەو رێگەیان نادەن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان."

بەلقیس ئاماژەی بەوەدا كە "چەند ئافرەتێك كە لەو دۆخەدا دەژین لە سەرتاسەری عێراق پێیان وتوم كە هیچ هەست بە ئاسایش ناكەن و روبەڕوی مەترسی توندوتیژی سێكسی دەبنەوە."

ئەو لێكۆڵەرەی هیومان رایتس ۆوچ پێی وایە "زۆربەی ئەو ژن و منداڵانەی لە كەمپی ئیسحاقی دەستبەسەربون شایستەی ئەوەن بگەڕێنەوە سەر ماڵو حاڵی خۆیان یا لە شوێنی تر شوێنی نیشتەجێبونییان بۆ دابین بكرێت. پێویستە لەسەر حكومەتیش ئەوپەڕی هەوڵی خۆی بدات بۆ پاراستن و پشتیوانیكردنیان."

جەختیشی كردۆتەوە كە دانیشتوانی پێشوی ئەو كەمپانە دەبێت چارەنوسی كەسوكارەكانیان بزانن، دەبێت سنورێكیش بۆ دەربازبونی ئەو هێزە ئەمنییانە لە سزا دابنرێت كە پێشێلكاریان كردوە.

هەروەك داواشی كردوە كە دەسەڵاتدارانی عێراق دەستبكەن بە چارەسەركردنی ئەم كەیسە سامناكەی كەمپی ئیسحاقی لەڕێگەی كردنەوەی لێكۆڵینەوەیەكی متمانەپێكراو لەبارەی روداوەكە، كە بە دیاریكردنی شوێنی دانیشتوانی پێشوی كەمپەكەی دەستپێبكەن كە زۆرێكیان لەئێستادا بەقسەی بەلقیس "لە دۆخێكی نالەباردا لە وێستگەیەكی شەمەندەفەری كۆنی نزیك كەمپەكە دەژین. چاوپێكەوتنیان لەگەڵ بكرێت لەبارەی وردەكاری دیارنەمانی كەسوكاریان و پشكنینی دی ئێن ئەی-یان بۆ بكرێت بۆ ناسینەوەی ئەو روفاتانەی لە گۆڕە بە كۆمەڵەكەدا دۆزراونەتەوە."

هەروەك داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردوە كە چۆن رۆڵی هەیە لە هاوكاریكردنی عێراق لە لێپێچینەوە لە تاوانەكانی داعش لەنێویشیاندا هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان، ئەوهاش لەم پرسەدا رۆڵی خۆی بگێڕێت و گوشاریش لەحكومەتی عێراق بكات بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لە كەیسەكە.

وتوشیەتی"خانەوادەكانی نیشتەجێی پێشوی كەمپی ئیسحافی شایستەی دادپەروەرین." 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×