لە عێراق قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندرا
  2021-02-13       647       

لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە ژمارەیەك بڕیاری بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا دەركرد كە یەكێك لەوانە سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆیە لە رۆژی 18ی ئەم مانگەوە لە سەعات 8ی شەوەوە بۆ سەعات 5ی بەیانی.

ئاوێنە: لیژنەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لە رۆژی 18ی ئەم مانگەوە قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ماوەی دو هەفتەو لە سەعات 8ی شەوەوە بۆ 5ی بەیانی پەیڕەودەكرێت.

بەپێی بڕیارەكان ئەو قەدەغەی هاتوچۆیە كارمەندانی تەندروستی و هێزە ئەمنییەكان و فەرمانبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و دوكانەكانی پێداویستی خواردن ناگرێتەوە.
هەروەها بڕیاریش دراوە بە داخستنی مزگەوت و حسێنییەكان و كردنەوەیان تەنها لەكاتی نوێژدا بۆ بانگدان.

هەروەك لیژنەكە بڕیاریداوە كە لە رۆژی 18ی ئەم مانگەوە خوێندنی قوتابخانەو پەیمانگاو كۆلێژە حكومی و ئەهلییەكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی بێت جگە لە قۆناغەكانی كۆتایی بۆ كۆلێژەكانی پزیشكی.

هەروەها بڕیاریشی داوە بە داخستنی ناوەندەكانی مەساج و جوانكری بۆ ماوەی دو هەفتە.

بەپێی بڕیارەكان ئاهەنگگێڕان لە هۆڵەكانی بۆنەكان قەدەغەیەو هۆڵەكان لە 15ی ئەم مانگەوە تاوەكو كاتێكی نادیار دادەخرێن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×