تەرمی ئەو دو برایەی لە پیرانشار كوژران، رادەستی كەسوكاریان كرایەوە
  2021-02-26       703       

ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار تەرمی ئەو دو برایەی رادەستی بنەماڵەكەیان كردەوە كە رۆژی چوارشەممە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرابون و لە پاش بەخاكسپاردنیان بە خێرایی گڵکۆکانیان لە لایەن سوپای پاسدارانەوە کۆنکرێتڕێژ کرا.

ئاوێنە: بە گوێرەی راپۆرتێكی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوێنێ پێنجشەممە ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار لە پاش ٢٤ کاتژمێر، تەرمی عەبدوڵا نادری ٣٦ ساڵ و عوسمان نادری ٢٦ ساڵی ڕادەستی بنەماڵەکانیان کردەوە و کاتژمێرێک پاش بە خاکسپاردنیان، هێزەکانی سوپای پاسداران گڵکۆی ئەو دو برایەیان کۆنكرێتڕێژ کرد.

كەسێكی نزیک لە بنەماڵەی نادری کە بە هۆکاری ئەمنی داوای کردوە ناوی ئاشکرا نەکرێ بە هەنگاوی ڕاگەیاندوە، ئیدارەی ئیتلاعات بە مەرجێک تەرمەکانی ڕادەست کردەوە کە هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێکی پرسە بەڕێوەنەچێ و بەڵێننامەیان لێ وەرگرتون کە لەمبارەیەوە لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان قسە نەکەن.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبو  ڕۆژی چوارشەممە، هێزە ئەمنییەکانی پێكهاتو لە هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و قەرارگای هەمزەی سوپای پاسدارانی ورمێ، لە ڕێگای نێوان گوندەکانی شیناوێ بۆ زەیدان، ئۆتمبێلێکی جۆری وانێت پەیکانیان دایە بەر دەسڕێژ و لە ئەنجامدا دو برا كە سەرنشینی ئەو ئوتۆمبێلە بون بە ناوەکانی عەبدوڵا نادری و عوسمان نادری کوژراون.

عەبدوڵا و عوسمان نادری هەردوکیان خێزاندار بون و هەریەكەیان خاوەنی مناڵێک بون. عەبدوڵا پێشتر بە هۆی کۆڵبەرییەوە لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە یەک ساڵ لە بەند کرابو.

وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران روداوەكەی بە "پوچەڵکردنەوەی پلانێکی تیرۆریستی" لە پیرانشار ناوبردبو كە تێیدا ئاماژەی بە كوژرانی "دو چەكداری" سەر بە گروپێك كە بارەگای لە باكوری عێراقە، دابو، ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەپێی رێكخراوی هەنگاو ئەو دو برایە، دو هاوڵاتیی مەدەنی و دانیشتوی شاری پیرانشار بون.

 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×