وەزیری پەروەردە: ناتوانین لێپێچینەوەی لەگەڵ ئەو مامۆستایە بکەین کە وتی هەموو ساڵێک بە قۆپی دەرچووم
  2021-02-28       1858       
لەسەر ئەو مامۆستایەی وتبووی، "هەموو ساڵێک بە قۆپی دەرچووە"، وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، ئەو کەسە فەرمانبەر یاخود مامۆستا نییە لە وەزارەتی پەروەردە، بۆیە ناتوانن لێپێچینەوەی لەگەڵ بکەن و پێویستی بە لایەنی دیکە و بەدواداچوونی زیاترە.

ئاوێنە: ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، "سەرکۆنەی هەموو کارێک دەکەین کە تایبەتە بە گزی کردن و رێکاری تایبەت بە خۆمان بۆ نەهێشتنی ئەو کارە هەیە و هەموو ساڵێک رێکاری پێویستمان بەرامبەر ئەو کەسانە گرتووەتەبەر کە گزی دەکەن."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەبارەت بەو کەسەی لە کەناڵێکەوە باسی گزی کردنی خۆی کردووە، ئەو کەسە هیچ پەیوەندی بە وەزارەتی پەروەردەوە نییە و فەرمانبەر یاخود مامۆستای ئێمە نییە."

باسی لەوەشکردووە، "ئەو پەیمانگا ناحکومیەشی کە ئەو بەڕێوەبەریەتی لە وەزارەتی پەروەردە بە ناوی کەسێکی دیکەوەیە، بۆیە ناتوانین لێپێچینەوەی لەگەڵ بکەین."

ئالان حەمەسەعید دەشڵێت، "ئەو دۆسیەیە زیاتر پێویستی بە بەدواداچوونە لەلایەن کەسانی یاساییەوە، نەک تەنها لایەنێک و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە."

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا، گرتە ڤیدیۆییەک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە، کە تیایدا مامۆستایەک باس لەوەدەکات، هیچ کات پێویستى بە کۆشش کردن نەبووە هەر بە قۆپییەکردن قۆناغەکانى خوێندنى بڕیوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×