لیژنەی دارایی: هەفتەی داهاتو پرۆژەیاسای بودجە دەخرێتە دەنگدانەوە
  2021-03-12       633       
لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، هەفتەی داهاتو پرۆژەیاسای بودجە دەخرێتە دەنگدانەوە. سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم-یش لەبەغدا ده‌ڵێت، ئەگەر دوشەممە پرۆژه‌كه‌ بخرێتە بەرنامەی کاری‌ دانیشتنی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، ئه‌وا رۆژی یەکشەممە وه‌فدی‌ هه‌رێم دەچێتەوە بەغدا.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ هەینی، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، هەفتەی داهاتو پرۆژەیاسای بودجە دەخرێتە دەنگدانەوە. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ پرۆژەکە رەوانەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کراوە.

لای‌ خۆیه‌وه‌ فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەغدا رایگەیاندووه‌، بڕیارە رۆژێک پێش ئەوەی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی 2021ی عێراق بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان بۆئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، وه‌فدی‌ هەرێمی کوردستان بچنەوە بەغدا، "واتە ئەگەر وەک ئەوەی باسدەکرێت دوشەممە بخرێتە بەرنامەی کار، رۆژی یەکشەممە وه‌فه‌ده‌كه‌ دەچێتەوە بەغدا".

وتیشی‌، "تاوەکو ئێستا تەنیا بەشێک لەپەرلەمانتارانی فراکسیۆنە شیعەکان هەوڵدەدەن پرۆژەیاساکە لەرۆژی دوشەممە بخرێتە دەنگدان، ئەوەش بۆئەوەی لەگەڵ پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی تێیپەڕێنن‌و سازش بکرێت".

فارس عیسا راشیگه‌یاندووه‌، "ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی رێککەوتوین‌و رێککەوتنەکەش بووەتە دەقێکی فەرمی لەنێو پرۆژەیاساکەدا، تاوەکو ئێستاش هیچ جێگرەوەیەکی ئەو رێککەوتنە بۆ ئێمە نەهاتووە".

لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاندووه‌، خاڵی ناکۆکی لەبودجەی 2021دا پشکی هەرێمی کوردستانەو چەند بیرۆکەیەك خراونەتەڕو بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە.

به‌ڵام نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ده‌ڵێت، ئەوانەی لەبەشە بودجەی هەرێمی کوردستان ناڕازین، هەموو فراکسیۆنەکان نین، بەڵکو چەند ئەندامێک لەناو ئەو فراکسیۆنانە کێشە دروستدەکەن، له‌و روه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌، "لەسەر ئاستی فراکسیۆن هەڵوێستی سەدرییەکان باشە، هەروەها هەڵوێستی رەوتی حیکمە بەم دواییانە زۆر باش بووە، ئەو ئەندامانەشیان کە ناڕەزایی دەردەبڕن، تەنیا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە، چونکە دروستکردنی کێشە بۆ هەرێمی کوردستان بەلای ئەوانەوە باشترین بانگەشەیە".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×