تاریق ره‌مه‌زان - فرۆکەوانە ئازادکراوەکەی کیمابارانی هەڵەبجە: به‌ئه‌مری‌ به‌ڕێز مام جه‌لال ئازاد كرام
  2021-03-17       1924       

ئا: ئاوێنە

 

لەدانیشتنی ١٦ی ٣ی پەرلەمانی كوردستان لەساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان شیرین ئەمین، پەرلەمانتاری گۆڕان و بەشێك لە پەرلەمانتارانی یەكێتیدا دروست بو، ئەوەش دوای ئەوەی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان وێنەی فرۆکەوانە ئازادکراوەکەی کیمابارانی هەڵەبجەی بەرزکردەوە وتی "ئەم فڕۆكەوانەی كیمیابارانی هەڵەبجە لەلایەن مام جەلالەوە ئازادكراوە". بەڵگەنامەکانیش راستی ئەو وتەیەی "شیرین" دەسەلمێنن.

 

لەدوای ئازادکردنی تاریق رەمەزان، سایتی‌ eurokurd لەساڵی 2009دا چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و فڕۆكه‌وانه‌ عێراقییه‌دا بڵاو‌كردەوە  كه‌ ساڵی‌ 1988 له‌كیمیاباران كردنی‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا به‌شدار بوو، ئه‌م فڕۆكه‌وانه‌ كه‌ ناوی‌ تاریق ئیبراهیم ره‌مه‌زان به‌كر ئه‌لعه‌زاوییه‌، له‌كۆتایی‌ 2007دا به‌فه‌رمانی‌ تاڵه‌بانی‌ له‌به‌ندیخانه‌ی‌ ئاسایشی‌ سلێمانی‌ ئازاد كرا‌و ئێستا له‌ئه‌وروپا ژیان به‌سه‌رده‌بات.

ناوبراو رۆژی‌ 3ی‌ شوباتی‌ 2005 له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ ئاسایشه‌وه‌ به‌تۆمه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌شداری‌ له‌كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا كردووه‌، ده‌ستگیر كرا.


به‌پێی‌ سایتی‌ ناوبراو رۆژنامه‌نووسی‌ به‌ناوبانگی‌ كوردی‌ نیشته‌جێی‌ سوید «گابار چییان»‌و وێنه‌گری‌ ناسراو‌و رۆژنامه‌نووسی‌ ئینگلیزی‌ «گرای‌ ترۆته‌ر» سه‌ردانی‌ تاریق ره‌مه‌زانیان كردووه‌و گفتوگۆیه‌كیان له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامداوه‌، كه‌ تیایدا سه‌باره‌ت به‌ناسنامه‌‌و ژیانی‌ تایبه‌تی‌ خۆی ده‌دوێ‌و باس له‌فه‌رمانده‌یی‌ هێزی‌ ئاسمانی‌ عێراق له‌كاتی‌ بۆردومانكردنی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و چۆنیه‌تی‌ ئه‌نجامدانی‌ قه‌تڵ‌و عامكردنی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و رۆڵی‌ خۆی له‌و روداوه‌دا ده‌کات. پاشان به‌سه‌رهاتی چۆنیه‌تی‌ ده‌ستگیركردن‌و مامه‌ڵه‌ کردنی  له‌به‌ندیخانه‌ی‌ ئاسایشدا ده‌گێڕێته‌وه‌.


له‌دیمه‌نێكی‌ ڤیدیۆییدا له‌سه‌ر سایتی‌ eurokurd، تاریق ره‌مه‌زان ده‌رده‌كه‌وێت‌و به‌كوردییه‌كی‌ تێكشكاو، گاباری‌ رۆژنامه‌نووس به‌(جه‌بار) ناوده‌بات‌و ده‌ڵێت «به‌ڵێ‌ كاك جه‌بار چ پرسیارێكتان هه‌یه‌ من حازرم، سوپاستان ده‌كه‌م». 


هه‌روه‌ها سایته‌كه‌ دوو وێنه‌ی‌ ناوبراویشی‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ تیایدا خه‌ریكی‌ نامه‌نوسینه‌ به‌سێ‌ زمانی‌ كوردی‌‌و عه‌ره‌بی‌‌و ئینگلیزی‌. 


ئه‌مه‌ ده‌قی‌ ئه‌و نامه‌یه‌یه‌ كه‌ تاریق ره‌مه‌زانی‌ فڕۆكه‌وان به‌كوردییه‌كی‌ شێواو نوسیویه‌تی‌‌و ئاراسته‌ی‌ گابار چییانی‌ كردووه‌:



به‌ڕێز كاك جه‌بار
سڵاوتان لێبێت

زۆر سوپاس ده‌كه‌م بۆ تۆش‌و هه‌موو مافی‌ مرۆڤ له‌هه‌موو جیهان له‌كوردستان به‌تایبه‌ت.
یه‌كه‌م شت ـ من نه‌گیرام به‌ڵام من رفێندرام.
دوهه‌م شت ـ قه‌ت من عه‌لاقه‌م نه‌بوو به‌و تاوانه‌، هه‌زار ئیسپات وه‌سیته‌م هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و ئیعتیرافه‌ فه‌رز بوو له‌سه‌رم له‌ژێر ته‌عزیب.
سێهه‌م شت ـ قه‌ت ئیسپات نه‌بو له‌ده‌سیان، به‌ڵام هه‌ر ته‌عزیب بوو، هه‌موو دنیا ئاگا لێیان بوو ته‌عزیب ئاسایش چییه‌.
چواره‌م شت ـ من رانه‌كردم له‌زیندان له‌28/10/2007 ئازاد كرام به‌ئه‌مری‌ به‌ڕێز مام جه‌لال.

تاریق ئیبراهیم ره‌مه‌زان 
8/4/2009

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×