ڕاپۆرتی شیکاری یاسایی دۆسییەی دادگاییکردنی دەستگیرکراوەکانی بادینان
  2021-03-18       1729       

• دەروازە:
لە ڕێکەوتی ١٦\٢\٢٠٢١ دادگای تاوانەکانی-٢- لە هەولێر بڕیاری لەسەر داوای ژمارە (٤٧\ج٢\ ٢٠٢١) دا بە تاوانبارکردنی پێنج تۆمەتباری ناو داواکە و سەپاندنی شەش ساڵ زیندانی بەسەریاندا. ئەم ڕاپۆرتە شیکارییە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی یاسایی ئەو بڕیارە و لایەنی ڕواڵەتی و ڕێکاری و بابەتی دۆسییەکە. سەرەتا گرنگە ئاماژە بە دوو خاڵ بدرێت. یەکەم، ڕاپۆرتەکە یاساییە و تەنها لایەنی یاسایی ودادوەری کەیسەکەی شیکردۆتەوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو کاردانەوە و لێکدانەوە سیاسییانەی کە دوای بڕیارەکەی دادگا بۆ کەیسەکە کراون. دووەم، هەموو وردەکارییەکی ناو دۆسییەکە لەبەردەستدا نەبووە بۆ هەڵسەنگاندن چونکە لەبەر هۆکاری یاسایی و تەکنیکی و ڕێگری لایەنی لێکۆڵینەوە لە پارێزەران نەتوانراوە زانیاری تەواوی دۆسییەکە بەدەست بهێنرێت، بۆیە هەوڵدراوە سەرنج و تێبینی و ئەنجامگیرییەکان تەنها لەسەر بنەمای ئەو ڕێژەیە لە زانیاری و بەڵگە بێت کە توانراوە بەدەست بهێنرێن.

• میتۆدی بەکارهێنراو
ئەم ڕاپۆرتە شیکارییەکی یاساییە بۆ بڕیارێکی دادگا. هیچ گریمانە و ئەنجامگیرییەکی پێشوەخت لەم جۆرە ڕاپۆرتانەدا بەکار ناهێنرێت. بە گشتی لەم جۆرە ڕاپۆرتانەدا چوار پرسیار وەڵام دەدرێنەوە. یەکەم: پرسی سەرەکی، تۆمەت، ڕووداو یان بابەتی کەیسەکە چیی بووە؟ دووەم: بنەمای یاسایی تۆمەتەکە چییە؟ سێیەم: هەتا چ ڕاددەیەک ڕێسا و یاساکانی پەیوەست بە لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن لە گرتنەبەری ڕێکارییەکان و دەرکردنی بڕیاری دادگادا ڕەچاوکراون؟ چوارەم: دادگا لەسەر چ بنەما و ڕێبازێکی حوکمدان بڕیاری لەسەر کەیسەکە داوە بەتایبەت لە تێگەیشتنی بۆ واقیعەکە و ڕاڤەی دەقە یاساییەکانی پەیوەندار بە واقیع و تۆمەتەکانی ناو کەیسەکەوە. دیارە ئەم ڕاپۆرتە زیاتر لەسەر سێ پرسیاری یەکەم کراوە، چونکە لە بڕیارەکەی دادگادا وردەکاری پێویست نەخراوەتەڕوو کە بتوانرێت پشتی پێببەسترێت بۆ وەڵامی پرسیاری چوارەم.
سەرچاوەی سەرەکی زانیاری و بەڵگەکانی ئەم ڕاپۆرتە شیکارییە بریتین لە:
- بڕیاری دادگای تاوانەکانی-٢-ی هەولێر لەسەر کەیسەکە
- دەقە دەستوری و یاساییەکانی پەیوەندار بەلایەنی ڕێکاری و بابەتی کەیسە سزاییەکانەوە
- ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان  
- چاودێریکردنی پرۆسەی دادگایی کردنەکە لە ١٥- ١٦\٢\٢٠٢١ لەناو هۆڵی دادگادا
- گفتووگۆ لەگەڵ پارێزەرانی تۆمەتباران 
- لائیحەی داوای پێداچوونەوەی پارێزەرانی تۆمەتباران کە نێردراوە بۆ دادگای پێداچوونەوە
- ڕاپۆرت و لێکدانەوەی یاساناسان لەسەر کەیسەکە و بڕیارەکەی دادگا

• لایەنەکانی داواکە: 
لایەنی جوڵێنەرلەم کەیسەدا بریتییە لە:
- ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان. 
تۆمەتبارانی حوکمدراو لە کەیسەکە بریتین لە پێنج هاوڵاتی کوردستان، ئەوانیش:
- شێروان شێروانی
- گوهدار زێباری
- ئەیاز کەرەم
- شڤان سەعید
- هاریوان عیسا
هەر پێنجیان دانیشتووی پارێزگای دهۆکن. مامۆستا و ڕۆژنامەنووسییان تیایە. وەکو ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکانەوە باس دەکرێت چالاکی مەدەنی و کاری ڕۆژنامەنووسی و ڕێکخراوەیی کۆی کردوونەوە. 

• چوارچێوەی یاسایی تۆمەتی ئاڕاستەکراو:
ئەو تۆمەتەی کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان- پاراستنەوە خراوەتە پاڵ تۆمەتباران بریتییە لە "کۆکردنەوەی زانیاری و دۆکیومێنت لەسەر کەسایەتی و لایەن و دامەزراوەی گرنگی هەرێمی کوردستان و پێدانی ئەو زانیارییانە بە لایەنی دەرەکی بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی هەرێم و دروستکردنی پشێوی و زیانگەیاندن بە کوردستان."
بنەمای یاسایی تۆمەتەکەش ماددەی یەکەمی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ی هەرێمی کوردستانە کە دەڵێت "هەرکەسێ بەدەستی ئەنقەست و بەهەرشێوەیەک دەبێ، ببێ لەکارێک تێوەگلێ بەمەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ببێتە هۆی کەوتنەوەی ئەو زیانە، بەبەندکردنی هەتا هەتا یان بە بەندکردنی کاتی سزا دەدرێت". 

• ڕێکارییە سەرەتاییەکان و دەستگیرکردنی تۆمەتباران:
بەپێی زانیارییە تۆمارکراوەکانی ناو دۆسییەکە و وتەی پارێزەرانی تۆمەتبارەکان، سەرەتای کردنەوە و جوڵاندنی کەیسەکە دەگەڕێتەوە بۆ ٧\١٠\٢٠٢٠ کە بە ڕێکەوتی دەستگیرکردنی شێروان شیروانی لە دۆسییەکەدا تۆمارکراوە. پاشان چوار تۆمەتبارەکەیدیکە لە ٢٢\١٠\٢٠٢٠ لە دهۆک دەستگیر دەکرێن. پارێزەرانی تۆمەتباران ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەو دەستگیرکردن و ڕێکارییانە بەشێک بوون لە هەڵمەتێکی بەرفراوانتر لە دژی چالاکوانانی مەدەنی سنوری پارێزگای دهۆک بە چەند قۆناغێک کە تیایدا ٢٧ چالاکوان دەستگیرکراون. گرنگە باسی ئەوە بکرێت کە بەشێکی ڕاگەیاندنەکان و ڕێکخراوەکان و چوارچێوەی ڕێکارییەکانیش جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەستگیرکردنەکان پەیواندار بوون بەو خۆپیشاندان و چالاکیی و جموجۆڵە مەدەنییانەی وەکو ناڕەزایی لە ناوچەکانی دهۆک ئەنجام دەدران. هەروەها لەبەرئەوەی لەدوای خۆپیشاندانەكانی ناوچەی دهۆك و بادینان دەستگیركردنەکان ڕوویانداوە. هەڵبەت دەزگا ئەمنییەکان ئەو بانگەشانە ڕەتدەکەنەوە.

ئەمەی خوارەوە لیستی دەستگیرکراوەکانە:

• بەڵگەکان:
ئەو بەڵگانەی کە لە دادگادا خراونەتەڕوو بریتین لە:
یەکەم: چاتی ناو گروپێکی مێسنجەر کە هەر پێنج تۆمەتبارەکەی تیا بوون. لەو چاتانەدا ئاڵووگۆڕی زانیاری و وێنە و دۆکیومێنتی تیایە. ئەوەی خراوەتە ڕوو لە دادگادا زیاتر ئاڵووگۆڕی نامەی ئەو تۆمەتبارانە بووە لە ماسنجەر. چەند وێنەیەک لە دادگاییەکادا لەلایەن دەزگای ئاسایشەوە خراوەتەڕوو کە  لەو گروپی مێسنجەرەدا ئاڵووگۆڕییان پێکراوە.
دووەم: بەڵگەی دەنگی تۆمارکراوی تۆمەتباران شێروان شێروانی، گوهدار زێباری
سێیەم: دانپێدانانی تۆمەتباران لە چوارچێوەی ئەو وتانەی لە دوای دەستگیرکردنییانلێیان وەرگیراوە
چوارەم: زانیاری وەرگیراو لە هەواڵدەری نهێنی دەزگای ئاسایش   
پێنجەم: وتەکانی گەواهیدەر شەعبان حسین
شەشەم: تاپڕێک و چەند مەخزەنێکی کلاشینکۆف و دوو دوربین لە دادگا خراونەتەڕوو
حەوتەم: چالاکی و پۆستی پێشتری تۆمەتباران لە لاپەڕەی تایبەتی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا


• بڕیاری دادگا:
لە بڕیارەکەدا هاتووە کە بەڵگەکانی ناو دۆسییەکە ئەوە دەسەلمێنن تۆمەتبارەکان هەڵساون بە (١) کۆکردنەوەی زانیاری ئەمنی و هەواڵگری لەسەر کەسایەتی و جێگا و دامەزراوەی دیار و گرنگی هەرێمی کوردستان، (٢) کۆکردنەوەی زانیارییەکان بەشێوەیەکی نهێنی و ڕێپێنەدراو، (٣) پێدانی زانیارییە کۆکراوەکان بە لایەنی دەرەکی، (٤) مەبەست لە زانیاری کۆکردنەوە و ناردنەکە تێکدانی ئارامی و سەقامگیری و ناوبانگی هەرێم بووە. بۆیە لە بڕیارەکەی دادگادا تاوانبارکراون بەپێی ماددەی یەکەمی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ و لەسەر ئەو بنەمایەش:
- تۆمەتبارەکان بە شەش ساڵ زیندانیکردن حوکم دراون. 
- دوای تەواوبوونی ماوەی زیندانیکردنیان، دەخرێنە ێر چاودێری پۆلیسەوە بۆ پێنج ساڵی دیکە.
- مۆبایل و کۆمپیوتەر و کامێراکانیان دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
- ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم سەرپشک کراوە لە داواکردنی مافی مەدەنییان لە تۆمەتبارەکان. هەروەها چەند وردەکارییەکی دیکە لە بڕیارەکەدا هاتووە کە لێرەدا نەپێویست نەزانراوە ئاماژەیان پێبدرێت.


• تێبینی و سەرنج لەسەر کەیسەکە
تایبەت بە ڕێکارییەکان:

1. وەرگرتنی وتەی تۆمەتباران بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرەکانییان بووە. ئەمە لەلایەن پارێزەرەکانەوە جەختی لێکراوەتەوە و ئاماژەیان بەوەداوە کە چەندین جار داوایان کردووە ئامادەی ڕێکاری لێکۆڵینەوەکان بن بەڵام ڕێگەیان پێنەدراوە ئامادەی هیچ ڕێکارییەک بن لە تەواوی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەدا. ئەمەش پێشێلکردنی یاسا و سەرجەم ڕێكەوتننامە و جاڕنامە نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بە پاراستنی مافی مرۆڤ. دابینکردنی پارێزەر وەکو بەشێک لە مافی بەرگری لەخۆکردنی تۆمەتبار بنەمایەکی دەستوری هەیە. بڕگەکانی ٤ و ١١ لە ماددەی ١٩ی دەستوری عێراقدا چەسپاون.  بەپێی ماددەی سێیەم\ج لە یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٣ی ھەمواری یاسای بنەماکانی دادگەرییە سزاییەکان عێراقى ژمارە ٢٣ ى ساڵى ١٩٧١ ، پێویستە بەر لە وەرگرتنی ئیفادەی تۆمەتبار، پارێزەری بۆ دابین بکرێت.  هەروەها پێچەوانەی مادەی (14/3) لە پەیماننامەی نێودوڵەتی تایبەت بە  مافە سیاسیی و مەدەنیەكانە. 
2. وەرگرتنى وتەى تۆمەتبار بەبێ ئامادەبوونى بریکارەکەی بە (خطأ جوهری فی الإجراءات) دادەنرێت.کە ئەمەش هۆکارێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر ڕێکارییەکی ئەنجامدراو. ماددەی بەندى ( ٢٤٩ – أ ) لە یاساى بنەماکانی دادگەرییە سزاییەکان ئاماژەى بەوە داوە کە هەڵەى گەورەیە لەڕووى ڕیککارى یەوە یەکێکە لە هۆکارەکانى هەڵوەشاندنەوەى بریار یان ڕیکارەکان. هەروەها هەرکاتێک تۆمەتبار پارێزەری خۆى هەبوو ناکرێت پارێزەرى منتدب ى بۆ دابنرێت لە بەرئەوەى بنەما لە مافی بەرگری  ئەوەیە کە تۆمەتبار خۆى پارێزەر بۆ خۆی هەڵبژێرێت.  
3. وەرگرتنی وتەی تۆمەتبارەکان لەدەرەوەی ئەو ماوەیەدا بووە کە یاسا دیاری کردووە. بەپێی ماددەی ١٢٣ی یاسای بنەماکانی دادگەرییە سزاییەکان یە سزایەکانى عێراقى ژمارە ٢٣ ى ساڵى ١٩٧١ پێویستە لە ٢٤ کاتژمێردا بێت.  پارێزەرەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە جیاوازییەکی زەمەنی زۆر هەبووە لەنێوان کاتی دەستگیرکردن و کاتی وەرگرتنی وتەی تۆمەتباراندا.پارێزەرەکان و تۆمەتبارانیش لە کاتی دادگاییەکەدا جەختییان لەسەر ئەوە کردەوە. 
4. ئەشکەنجە و هەڕەشەلێکردن و زۆرلێکردن لەبەرانبەر تۆمەتباران ئەنجامدراوە. پارێزەرانی تۆمەتباران لە دادگاییەکەدا و لە داوای پێداچوونەوەکەشدا جەختییان لەسەر ڕوودانی ئەشکەنجەدان و زۆرلێکردن کردەوە.تۆمەتباران لەبەردەمی دادگا رایان گەیاندووە کە روبەروی ھەرەشەو گورەشەو فشاری مادی و مەعنەوی و ئازاروئەشکەنجە بونەوە و ھەرەشەی ناموسیان لێکراوەو ھەموو دانپێدانانەکانییان لەژێر هەڕەشە و ئەشکەنجەدا بووە. دیارە ئەشکەنجەدان پێشێلکارییەکی دەستوورییە. بڕگەی ج لە ماددەی ٣٧ ی دەستوری عێراق زۆر بەڕوونی دەڵێت (‌يحرم جميع أنواع التعذيب النفسي والجسدي والمعاملة غير الإنسانية، ولا عبرة بأي اعتراف انتزع بالإكراه أو التهديد أو التعذيب، وللمتضرر المطالبة بالتعويض عن الضرر المادي والمعنوي الذي أصابه وفقاً للقانون.) بۆیە هیچ وتەیەکی وەرگیراوی تۆمەتبارەکان بەهای یاساییان نامێنێت ئەگەر لە ئەنجامی ئەشکەنجەدانەوە یان زۆرلێکردنەوە بەدەستهاتبن. بەهەمان شێوە ماددەی ٢١٨ لە  یاسای بنەماکانی دادگەرییە سزاییەکانى ژمارە ٢٣ ى ساڵى ١٩٧١ دەڵێت (يشترط في الاقرار ان لا يكون قد صدر نتيجة اكراه). هەروەها ئەشکەنجەدان و زۆرلێکردن بۆ دانپێدانان پێشێلکاری ماددەی ١٢٧ هەمان یاسایە.    هەروەها پێچەوانەی مادەی (5) لە جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ. وە ئەو ژینگەیەی كە تۆمەتبارانی تێدا ڕاگیراون و ڕێگەیان پێ نەدراوە كەس و كار و پارێزەرەكانیان سەردانیان بكەن ڕاستی ئەم گومانە زیاتر دەكات هەڵبەت ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نامرۆڤانە پێچەوانەی ماددەی ١٥ی ڕێککەوتننامەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان و ماددەی ٧ی ڕێککەوتننامە سیاسی و مەدەنییەکانە کە عێراق پەسەندی کردوون و دادگاکانی عێراق پێویستە پابەندبن پێیانەوە. 
5. وەرنەگرتنی هیچ ڕێكارێك لەسەر ئەو بانگەشەیەی كە تۆمەتباران لەبەردەم دادگای تاوانەكانی 2/هەولێر كردویانە بانگەشەی ئەشكەنجەدان و دانپێدانان بە زۆر پێچەوانەی مادە (12) لە ڕێكەوتننامەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشكەنجە و مادە 333 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 بۆ ساڵی 1969 ی بەركار كە دەبوو دادگا پەڕاو بۆ ڕاستی و دروستی ئەو بانگەشانە بكاتەوە كە تۆمەتباران بانگەشەی بۆ دەكەن ئەمە سەڕەڕای ئەوەی لە بڕیارەكەی دادگاشدا هیچ ئاماژەیەك بەوە نەدراوە.
6. ڕێگا بە پارێزەرەکان نەدراوە کە دۆسییەکە ببینن بە درێژایی قۆناغی لێکۆڵینەوە. ئەمەش پێچەوانەى ماددەی (٥٧ – أ) لە یاساى بنەماکانی دادگەرییە سزاییەکان کە ڕێگە دەدات لایەنەکانى داواى سزایى و بریکارەکانیان ئامادەى ڕێکارەکانى لێکۆڵینەوە بن و هەر ریکارێک لە بەر پاساوێکی تایبەت بەبێ ئامادەبوونى لایەنەکان ئەنجام بدرێت دەبێت دواى نەمانى پاساوەکە، دۆسیەکە بخرێتە بەردەستیان تا ئاگادارى ڕێکارەکان بن. لە گفتووگۆیەکدا لەگەڵ پارێزەری تۆمەتبارەکان ئەوەی ڕاگەیاند کە تەنها بۆ ماوەی نیو کاتژمێر ڕۆژێک پێش دادگاییەکە مۆڵەتی پێدراوە دۆسسیەکە بخوێنێتەوە. دیارە ئەم ڕێگریلێکردنە کاریگەری گەورەی هەبووە لەسەر تەواوی ئەو ڕێکاری و ئامادەکارییەی کە پێویست بووە بکرێت بۆ مافی داکۆکیکردن لە تۆمەتباران. ئەمەش پێشێلکارییەکی دیاری ماددەی ٢٠ یاسای پارێزەرایەتی ژمارە ١٧ی ساڵی ١٩٩٩ ی هەرێمی کوردستانەکە تیایدا هاتووە ( پێویستە لەسەر دادگاکان و ئەنجومەنەکان و هەموو هەیئەت و دەسەلات و مەرجەعەکانی دیکەش ڕێگا بە پارێزەر بدەن فایلی دەعوا و پەڕە و کاغەزی لێتوێژینەوە یان هەر پەڕە و کاغەزێکی دیکە بخوێنێتەوە و...). هەڵبەت ئەوە پێچەوانەی زۆربەی بنەماکانی تایبەتە بە بوونی پارێزەر و دادگایی دادپەروەرانە و مافی داکۆکی لەخۆکردنی تۆمەتبار لە دادگا سزاییەکاندا.  
7. ڕێگا بە کەس و کاری گیراوەکان نەدراوە تۆمەتبارەکان ببینن بە درێژایی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە. بەپێی گوتەی کەس وکارییان، زیاتر لە ٤ مانگ ڕێگرییان لێکراوە بیانبینن و پێشتریش بۆ ماوەیەکی درێژ سۆراخیشیان نەزانیون و هیچیان پێڕانەگەینراوە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە لەسەر چارەنووسی تۆمەتبارەکان. هەڵبەت ئەوە پێشێلکاری مافی تۆمەتبارانە بەگوێرەی بنەمای (15) لە بنەماكانی پەیوەندیدار بە پاراستنی سەرجەم ئەو كەسانەی ڕووبەڕووی دەست بەسەر كردن بوونەتەوە و هەروەها ڕێسای (92) لە لانیکەمی بنەما نمونەییەكان بۆ مامەڵە كردن لەگەڵ بەندكراوان. بۆ زۆر لایەنی بواری مافی مرۆڤ ئەوە وەکو مامەڵەی نامرۆڤانە لێکدەدرێتەوە. دادوەرێکی کوردستان لەوبارەوە دەڵێت (بێسەروشوێن کردن و رێگرتن لە بینینی کەس و کاری تۆمەتباران بۆ ماوەی زیاتر لە چوار مانگ لەکوێیی اسادا ھەیە؟ بینینی کەس وکار مافی ھەموو راگیراوێکە).
8. شوێنی دادگاییکردنەکە لە هەولێر بووە لەکاتێکدا شوێنی ڕووداوەکان دەکەوێتە ناوچەکانی دهۆکەوە. ئەمە بە سەرپێچیکردنی مادەی ٥٣ لەیاسای بنەماکانی دادگەرییە سزاییەکان لێکدەدرێتەوە سەبارەت بە تایبەتمەندی شوێن کە بەپێویستی دەزانێت شوێنی دادگایی کردنەکە لە شوێنی ڕوودانی ئەو کارانە بێت کە خراونەتە پاڵ تۆمەتباران.  یەکێک لەو لێکدانەوانەی کە بۆ ئەم گواستنەوەیە کراوە ئەوەیە کە پێشتر بە بڕیاری ژمارە ١٥٨\ت\٢٠٢٠ لە ٤\١٠\٢٠٢٠ دادگای تاوانەکانی دهۆک بە سیفەتی پێداچونەوە ئەوەی هەڵوەشاندۆتەوە کە ئەو جۆرە کارانە بە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و کاری تۆمەتبارانی بە مومارەسەکردنی مافێکی مەدەنی داناوە.
9. پەلەکردن لە دادگاییکردنەکەدا بەبێ ڕەچاوکردنی دیراسەی پێویستی زانیاری و بەڵگە و ڕێکاری و ماف و داوای تەواوی تۆمەتباران. خێرایی دادگایی کردنەکە بووەتە جێگای پرسیار. دوای ئەوەی لە ١٨\١\٢٠٢١ دۆسییەکە هەواڵە کراوە، ئەوانیش ١٥\٢\٢٠٢١ یان وەک یەکەم ڕۆژی دانیشتی دادگایی کردن دیاری کردووە. لە ١٦\٢\٢٠٢١ دادگای تاوانەکان بڕیاری لەسەر دۆسییەکە داوە. پارێزەرانی تۆمەتبارەکان دەڵێن بە دوو ڕۆژ دادگاییەکە تەواو کراوە بەبێ بەدواداچوونی پێویست بۆ داواکاری تۆمەتباران لەسەر بەڵگە و ڕێکارییەکانی قۆناغی لێکۆڵینەوە.  دادوەرێک لەوبارەیەوە نوسیویەتی ( دادگایی کردنەکە پەلە پەلی تیا بووە. لە دوو ڕۆژی یەک لەدوای یەکدا کێشەکە بەپەلە یەکلایی کراوەتەوە بێئەوەی دادگا خۆی جارێکی تر مەلەفەکان بە وردی  تاووتوێ بکات. دادگا نەدەبوایە ئیکتیفا بکات بەوەی لە ڕێکارییەکان و بەلّگەکانی قۆناغی لێکۆلینەوەوە خراوەتەڕوو، شاهیدەکانی بانگ نەکردووەتە بەردەم دادگا و تەنھا وتەکانی پێشوی خوێندۆتەوە کە لە لەقۆناغی لێکۆلینەوەدا لەبەردەم دادوەری ئاسایشدا داویانە. لە كاتێكدا ئامادەكردنی شاهیدەكان كارێكی ئاسان بووە بەو پێیەی دوو كەس لە شاهیدەكان كە لە ناو دۆسیەكەدا ناویان هاتووە ڕاگیراون لە لای ئاسایش، بەھەمان شێوەش بۆ بەڵگە دەنگییەکان ، ھەرچەندە تۆمەتباران نکۆڵییان کردبوو کە ئەو دەنگانە ھی ئەوان بێ و داوایان کردبوو بنێردرێ بۆ شارەزا ،بەڵام دادگا ئەو داواکاریەی پشت گوێخست ، تۆمەتبارانیش ھەموویان نکۆڵییان لە تۆمەتەکان کرد). شیاوى ئاماژە بۆ کردنە کە خوێندنەوەى وتەى شاهید بەدەرە لە سەر بنەڕەتی ڕێکارەکان و تەنها لە چەند حاڵە تێکى دیاریکراودا هاتووە کە لە بەندى ( ١٧٢-١٧٦ ) لە یاساى بنەماکانی دادگەرییە سزایىەکاندا هاتووە، و ناکرێت بێجگە لەو حاڵەتانە وتەى شاهید بخوێنرێتەوە. بەپێچەوانەوە دەبێتە پێشێلکردنى مافى لایەنەکانى داواى سزایى. هەڵبەت مامەڵەکردنی دادگا بەو شێوەیە لەگەڵ ئەو بەڵگانەی کە بنەمای بڕیاری دادگا بوون پێچەوانەی ماددەی ٢١٢ی یاسای بنەماکانی دادگەرییە سزاییەکانە. 


تایبەت بە لایەنە بابەتییەکان:
10. یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ بەسەر ئەو واقیع و کارانەدا جێبەجێ ناکرێت چونکە سروشتی کارەکان و مەبەستی تۆمەتباران لەو کارانە تەواو جیاوازە لە سروشت و بنەماو چوارچێوە و مەبەستی ماددەی یەکەمی یاسای ناوبراو. پارێزەرەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە تۆمەتباران وەکو ڕۆژنامەنوس و چالاکوان هەڵساون بە کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیاری و دۆکیومێنتەکان. ئەمەش دەچێتە بواری مومارەسەی ئازادییەکانەوە. هەروەها جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەهۆی ئەو کارانەوە هیچ زیانێکی ئەمنی و نەخوازراو بەر هەرێمی کوردستان نەکەوتووە کە مەرجێکی جێبەجێکردنی ئەو ماددە یاساییەیە.
11. دادگا شاهێدی سەرەکی (شەعبان حسین)ی نەهێناوە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیار و ڕوونکردنەوەی تۆمەتباران. هەرچەندە پارێزەران داوایان کرد، بەڵام دادگا ڕەتیکردەوە. دیارە ئەوە پێشێلی بڕگەی مادەی (63/ب)یە لە یاسای بنەماکانی دادگەرییە سزاییەكانە.  هەروەها بەهەند وەرنەگرتنی ماددەی ١٧٥ی هەمان یاسایە. 
12. ئەوەی جێگای سەرنجە دادگا لە بڕیارەکەدا داوای پارێزەرەکان بۆ هێنانی شاهید و بەهەند وەرنەگرتنی خۆیان لەسەر ئەو داوایە باس نەکردووە. ڕێگای پەیڕەو کراو ئەوەیە کە داواکە و بەهەند وەرگرتن و ڕەتکردنەوەی دادگا بۆ هێنانی شاهێدەکە بنوسرایەتەوە.
13. دادگا داوای تۆمەتبارەکانی بەهەند وەرنەگرت بۆ ئاراستەکردنی تۆماری دەنگی شێروان شێروانی بۆ شارەزای بەڵگە تاوانییەکان. تۆمەتباری ناوبراو ڕەتیکردەوە کە ئەوە ئەو بێت لەو بەڵگە دەنگییە تۆمارکراوەدا و داوای کرد بنێردرێت بۆ شارەزا هەتاوەکو ڕاست و دروستی تۆمارە دەنگییەکە دەربخرێت، بەڵام دادگا داواکەی  ڕەتکردەوە. لە بڕیارەکەشدا ئاماژە بەو داوایە و وەڵام وپاساوی دادگا لەوبارەیەوە نەکراوە.
14. بەگوێرەی ناوەڕۆکی بڕیارەکە، دادگا وەکو پێویست نەچۆتە وردەکاری بنەمای بە تاوانکردنی ئەو کارانەی کە تۆمەتباران کردویانە لەسەر بنەمای یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣. دادگا وەڵامی چەندین پرسیاری پەیوەنداری یاسایی نەداوەتەوە، گرنگترینییان:
- ئایا بۆچی کۆکردنەوە و ناردن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و دۆکیومێنت لەم کەیسەدا لە چوارچێوەی ئازادی ڕادەربڕین دەهێنراوە و کراوە بە تاوانێکی مەترسیداری سیخوڕیکردن بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم و نانەوەی ئاژاوە و پشێوی؟
- ئایا جۆری زانیاری و دۆکیومێنتەکان هەتاچەند یەکلاکەرەوە بوون لە پێکهێنانی کردە تاوانییەکەدا؟ چی دادگای گەیاندۆتە ئەو قەناعەتەی کە کۆکردنەوەی زانیاری گشتی و دۆکیومێنتکردنی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە مافەوە بکاتە کردەیەکی تاوانکاری؟
- بۆچی دادگا شوناس و پیشە و تایبەتمەندی و کاری پێشتری تۆمەتبارانی لەبەرچاو نەگرتووە لە بڕیاردان بەسەر واقیعەکەدا؟ بۆچی دادگا ئەو پێوەرانەی بەکار نەهێناوە لانیکەم بۆ تێگەیشتن لە مەبەستی تۆمەتباران لە کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیاری و دۆکیومێنتەکاندا؟  
- ئایا چی دادگای گەیاندۆتە ئەو بڕوایەی کە  کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوە و ئاڵووگۆڕی زانیاری و دۆکیومێنتی تایبەت بە مافی مرۆڤ و پێشێلکارییەکان وڕەوشی زیندانییان و گەندەڵی لە بواری گشتیدا لەلایەن کەسانێکی ناسراو بە چالاکوان و ڕۆژنامەنوس بە تاوان بزانێت یان بە هۆکاری تێکدانی ئاسایش و زیانگەیاندن بە هەرێمی کوردستان بزانێت؟
- ئایا کەی پێدانی ئەم جۆرە زانیارییانە دەبێتە تاوان لەچوارچێوەی ماددەی یەکەمی یاسای ژمارە ٢١ی ٢٠٠٣ و کەی پێدانی ئەو زانیارییانە نابێتە هۆی دروستبوونی کردەی تاوان؟
- بۆچی دادگا ناڕاستەوخۆ گریمانەی ئەوەی کردووە کە ڕێکخراو یان پەیجی ١٧ی شوبات لایەنێکی دەرەکییە و زانیاری پێدانی لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ وزیندانیانی هەرێم و گەندەڵی دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئاسایشی هەرێم؟ ئایا بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییانە لە پەیجی ١٧ی شوبات هیچ زیانێکی لێ کەوتۆتەوە؟ پارێزەرانی تۆمەتباران ئاماژە بەوە دەدەن کە رێکخراوی ١٧ شوبات تەنھا پەیجێکەو کوردانی تاراوگە دروستیان کردوە بۆ بلاو کردنەوەی پێشێل کاریەکانی مافی مرۆڤ. 
- ئایا پێدانی زانیاری لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، سەندیکا پیشەییەکانی وڵاتانی دیکە تاوانە لەو چوارچێوەیەدا کە لە دۆسییەی تۆمەتبارەکاندا خراوەتەڕوو؟ ئایا ئەمانە بە سیخوڕیکردن هەژمار دەکرێن؟ کەی سیخوڕیکردنە و کەی دەبێتە کاری ڕۆژنامەوانی، مەدەنی یان ڕێکخراوەیی؟ 
- بە پشت بەستن بە چ بەڵگەیەکی دیکە دادگا وتەکانی شێروان شێروانی بە تەشکیلکەری تاوان داناون؟ پارێزەرەکانی دەڵێن  تەنانەت خودی ئەو بابەتانەش کە لەسەر زاری خۆیەوە دراونەتە پاڵ شیروان شیروانیوگوایە لەبەردەم دادوەری لێکۆلینەوەی ئاسایشدا دانی پێدا ناون دەچنە خانەیڕادەربرین و رەخنە لەحوکمەت و چاودێری پێشیلکاریکان. لەگەڵ ئەوەشدا ھیچ بەلّگەیەکی سەلمێنەر نییە کە تۆمەتبار ئەو شتانەی کردبێ چونکە تەنھا وتەکەی خۆیەتی و بەھیچیتر پشتڕاست نەکراوەتەوە ، خۆشی لەبەردەم دادگا نکوڵی لەو وتانە کرد.
- دادگا بە چ بەڵگەیەک بەشداری تاوانکاری لەنێوان ئەو پێنج تۆمەتبارەدا بڕیارداوە لەکاتێکدا بەپێی گوتەی پارێزەران بەشدارییەکی ڕاستەوخۆ نابینرێت لەنێوان ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ شێروان شێروانی و چوار تۆمەتبارەکەی دیکە؟
- بۆچی وێنەگرتنی شوێنەکان لەچوارچێوەی ئەو ماددە یاساییەدا بە تاوانکاری دانراوە؟ بەگشتی وێنەگرتنی ھەر شوێنێک ئەگەر نەنوسرابێت وێنەگرتن قەدەغەیە، نایاسایی نییە. خۆ ئەگەر وێنەی شوێنێک بگیرێت کە نوسرابێتقەدەغەیە، ئەوا بە تاوانی سەرپێچییاساو رینمایی و فەرمان دادەنرێت بەگوێرەی مادەی ٢٤٠ لەیاسای سزادان، نەکبە تاوانی تێکدانی ئاسایش. 
15. وەرگرتنی وتەی نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش وەکو لایەنێکی رکەبەر (سکاڵاکار) جێگای سەرنجی یاساییە چونکە ئەو دەزگایە لایەنی لێکۆڵینەوە بووە لە دۆسییەکەدا. کۆکردنەوەی لایەنی لێکۆڵینەوە و رکەبەر لەیەک دەزگادا گۆڕانێکی بنەڕەتی دروست دەکات لە تەواوی سیستمی دادوەریدا. ئەنجومەنی ئاسایش دەزگایەکی لێکۆلینەوەیە لە جیاتی پۆلیس بۆ ئەو تاوانانەی کە بەگوێرەی یاساکەی خۆیان دەچنە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئاسایشەوە.بۆیە ئەوان ڕکەبەر نین هەتاوەکو وتەیان وەربگیرێت. ڕکەبەر و نوێنەری مافی گشتی لە ھەموو داوایەکی سزاییدا تەنھا داواکاری گشتییە نەک لایەن و دەزگاکانی بەرزەبتی دادوەری بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارییەکانی لێکۆڵینەوە لە کەیسە سزاییەکاندا. ئەمە بە پێشهاتێکی مەترسیدار لێکدەدرێتەوە. 
16. بەهەمان ئاڕاستە دادگا ئەنجومەنی ئاسایشی کردووە بەخاوەن مافی مەدەنی و مافی داواکردنی قەرەبووی بۆ داناوە. بەوەش جارێکی دیکە دەزگای ئاساییشی کردۆتە لایەن لەداواکەدا.
17. بەگوێرەی ماددەی یەکەمی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ پێویستە تێوەگلان لە تاوانکارییەکە بە ئەنقەست بێت و لە ئەنجامی کارەکەشدا زیان بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری دام ودەزگاکانی هەرێم گەیشتبێت، بەڵام بەپێی ئەوەی لە بڕیارەکەدا دیارە، دادگا پاساو و بەڵگەی پێویست و سەلمێنەری لەبەردەستدا نەبووە لەلایەک بۆ سەلماندنی مەبەستی تۆمەتباران و لەلایەکی دیکەشەوە بۆ کەوتنەوەی زیانە گریمانکراوەکان. پارێزەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە کەمترین گفتووگۆ لەسەر نییەت و مەبەستی تۆمەتباران لە کۆکردنەوە و بلاوکردنەوەی زانیاری و دۆکیومێنتەکاندا کراوە. بەهەمان شێوە هیچ بەڵگەیەک نەخراوەتە بەردەم دادگا کە سەلمێنەری ئەوە بێت ئەو کارەی تۆمەتباران کردویانە بووەتە هۆی هیچ زیانگەیاندنێک بە ئاسایس و سەقامگیری هەرێم.   
18. بەشێکی ئەو زانیاری و دۆکیومێنتانەی لەدژی تۆمەتبارەکان بەکارهاتوون لەناو مۆبایل و کامێرا و کۆمپیوتەری تۆمەتبارانەوە دەرهێنراون و بەشێک بوون لە زانیاری تایبەتی تۆمەتباران. ئەبوایە دادگا بپرسێت کە بە چ ڕێگایەک ئەنجومەنی ئاسایش توانیویەتی ئەو پاسوۆردانە بەدەست بهێنێت؟ ئایا لایەنەکانی لێکۆڵینەوە دەتوانن تۆمەتباران ناچار بکەن بە پێدانی پاسوۆرد و زانیاری پارێزراو لە مێشکی خۆیاندا؟ سنوری ئەو جۆرە ناچارکردنە چییە؟ بۆچی دادگا لە چۆنییەتی بەدەستهێنانی ئەو زانیارییانەی نەکۆڵیوەتەوە لانیکەم بە چەند پرسیارێکی سادە لە تۆمەتباران؟ 

• لیستی پێشێلکاری لە مافی تۆمەتباراندا:

• دەرئەنجام:
دوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکەی دادگای تاوانەکانی هەولێر لەژێر ڕۆشنایی ئەو زانیاری و بەڵگەو سەرچاوانەی بەردەست بوون، هەروەها دوای شیکاری چۆنییەتی بەڕێوەچوونی ڕێکارییەکان و دادگاییکردنەکە و بڕیارەکە و چۆنییەتی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ بەسەر کەیسەکەدا، چەند تێبینی و سەرنجێکی جەوهەری لەسەر بڕیارەکەی دادگا خراوەتەڕوو. لە ئەنجامی شیکارییەکەدا چەندین سەرنج و تێبینی یاسایی لەسەر ڕێکارییەکانی لێکۆڵینەوە و بریارەکەی دادگا دروست بوون. لێرەوە خوازیارین کە لە پێداچوونەوەی کەیسەکەدا ئەو تێبینییانە بەهەند وەربگیرێن.   


• هاوپێچەکان:
- بڕیاری دادگا
- یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣
- لائیحەی پێداچوونەوەی پارێزەران 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×