لە سلێمانی چەند بڕیارێك بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا دەركران
  2021-03-31       611       


لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی سلێمانی چەند بڕیارێكی لەبارەی خۆپارێزییەوە دەركرد، دەزگا ئەمنی و تەندروستییەكان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە هەڵمەتێكدا هاوڵاتییان ناچار دەكەن دەمامك ببەستن.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ چوارشەممە 31ی ئازار، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی سلێمانی كۆبووەوە، لە كۆبوونەكەدا بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا چەند بڕیارێك دەركران.

لەنێو بڕیارەكانی لیژنەكەدا هاتووە، “لە ڕۆژی 1ی نیسانەوە، تیمە هاوبەشەکانی هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش و لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی و پێشمەرگە بەشێوەی جێگیر و جوڵا و بە هەماهەنگیی تیمەکانی تەندروستیی و پۆلیسی هاتوچۆ، لەژێر چاودێریی لیژنەی ئارامیی سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکانی تردا، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ڕێنمایی بەستنی ماسک بەشێوەی ئیلزامی پێشکەش بە هاوڵاتییان دەکەن، لەدوای ئەو ماوەیەوە هەر هاوڵاتییەک پابەندی بەستنی ماسک نەبێت بەپێی خاڵی هەشت لە بەیانی ژمارە (10)ی ساڵی (2021) مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت”.

لە یەكێك لەو ڕێنماییە 13 خاڵییەدا ئاماژە بەوەشكراوە، “بەڕێوبەر و بەرپرسی هەر دامەزراوە و فەرمانگەیەکی حکومی و ناحکومی بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی بڕیار و ڕێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان لەناو فەرمانگەکەی خۆیدا، هەروەها بەرپرسیارە لە جێبەجێکردن و بەدواداچوون و چاودێری و لێپرسینەوەی هەرکەس و بوار و شوێن و پیشەیەک کە مۆڵەتی فەرمی لەو فەرمانگەیە وەرگرتبێت”.

“لەڕێی فەرمانگەی داواکاریی گشتییەوە داوا لەسەر هەرکەس و لایەن و شوێن و دامەزراوەیەک تۆماردەکرێت، کە زیان بە پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و تەندروستیی گشتی و جێبەجێکردنی ڕێکارە تەندروستییەکان بگەیەنێت”، وەك لە خاڵێكی بڕیارەكاندا هاتووە.

دەقی بڕیارەکان...........

بۆ/ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی
بابەت/ گشتاندن

ئەمڕۆ، لە دیوانی پارێزگای سلێمانیدا، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بە سەرپەرشتیی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و قائمقامەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دوا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێستای تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا کراو لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندن و ئاماژە تەندروستیەکان و بڕیارەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستاندا لە ڕۆژی (٣٠/ ٣/ ٢٠٢١) لە شاری هەولێر، بڕیاردرا بە:

١- جێبەجێکردنی بەیانی ژمارە (١٢)ی ساڵی (٢٠٢١)ی وەزارەتی ناوخۆو لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان.

٢- بۆ هەر بڕگەیەکی بەیانی ژمارە (١٢)ی ساڵی (٢٠٢١) لایەنە پەیوەندیدارەکانی جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیە دیاریکران و ئەرکی جێبەجێکردن و بەدواداچوون و چاودێریکردن و لێپرسینەوەیان لەئەستۆدا دەبێت.

٣- لە ڕۆژی (١/ ٤/ ٢٠٢١)ەوە تیمە هاوبەشەکانی هێزەکانی ناوخۆو ئاسایش و لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی و پێشمەرگە بەشێوەی جێگیرو جوڵاو هەماهەنگیی تیمەکانی تەندروستیی و پۆلیسی هاتووچۆ، لەژێر چاودێریی لیژنەی ئارامیی سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکانی تردا، بۆماوەی (٣) ڕۆژ ڕێنمایی بەستنی ماسک بەشێوەی ئیلزامیی پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکەن، لەدوای ئەوماوەیەوە هەر هاووڵاتییەک پابەندی بەستنی ماسک نەبێت بەپێی خاڵی (٨) لە بەیانی ژمارە (١٠)ی ساڵی (٢٠٢١) مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

٤- بەڕێوەبەرو بەرپرسی هەر دامەزراوەو فەرمانگەیەکی حکومیی و ناحکومیی بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی بڕیارو ڕێکارە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان لەناو فەرمانگەکەی خۆیدا، هەروەها بەرپرسیارە لە جێبەجێکردن و بەدواداچوون و چاودێریی و لێپرسینەوەی هەرکەس و بوارو شوێن و پیشەیەک کە مۆڵەتی فەرمیی لەو فەرمانگەیە وەرگرتبێت.

٥- سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان سەرپەرشتیی و چاودێریی و بەدواداچوون و لێپرسینەوەی ڕاستەوخۆ لە جێبەجێکردنی بڕیارو ڕێکارە تەندروستیەکان دەکەن لە سنوری یەکە کارگێڕییەکانی خۆیانداو دەسەڵاتی تەواوی لێپرسینەوەیان دەبێت و لیژنە هاوبەشەکان لە قائمقامیەتەکاندا هاوکارو هەماهەنگی سێکتەرو فەرمانگەکانی تر دەبن لە هەردوو کەرتی گشتیی و تایبەتدا.

٦- بنکە تەندروستیەکان لە گەڕەکەکاندا ڕێنمایی تەندروستیی بەردەوام بەپێی ڕێنماییە خۆپارێزییەکان بڵاودەکەنەوەو هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر دەبن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارو ڕێکارەکان.

٧- بنکەکانی ئاسایش و پۆلیس لە گەڕەکەکاندا بەپێی سنوری کارگێڕی بنکەکانیان هەماهەنگیی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی تر دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.

٨- بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، ڕۆژانە، بەردەوام دەبێت لە پشکنینی بەردەوام بۆ هاووڵاتیان و فەرمانگە حکومیی و ناحکومییەکان.

٩- بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، ئەرکی دابەشکردن و بەکارهێنانی پێکوتەی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای لەئەستۆدایەو داوا لە کارمەندان و هاووڵاتیان دەکەین ناوی خۆیان تۆمار بکەن بۆ وەرگرتنی پێکوتە بەشێوەیەکی گونجاو بەپێی ئەو ڕێکارو شوێنانەی دیاریکراون.

١٠- پێویستە هەموو کەناڵ و دامەزراوە مێدیاییەکان هاوکارو هەماهەنگ بن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارو ڕێکارە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان، کە لە بەرژەوەندیی پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی و تەندروستیی گشتیدان.

١١- لەڕێی فەرمانگەی داواکاریی گشتییەوە داوا لەسەر هەرکەس و لایەن و شوێن و دامەزراوەیەک تۆماردەکرێت، کە زیان بە پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی و تەندروستیی گشتیی و جێبەجێکردنی ڕێکارە تەندروستییەکان بگەیەنێت.

١٢- پێویستە هەموو لایەنە سیاسیی و ڕێکخراوە مەدەنیی و ڕۆشنبیرییەکان کۆڕو چالاکیی و کۆبوونەوە جەماوەرییەکانیان ڕابگرن و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا.

١٣- پێویستە هەموو ناوەندە ئایینی و زانکۆیی و ڕێکخراوەییەکان و دەستەبژێرو کەسایەتییەکان هەماهەنگ بن بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی خۆپارێزیی و پابەندبوون بە ڕێکارە خۆپارێزییەکانەوە.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×