سەرۆكایەتیی یەكێتی: پەسەندکردنی بودجە سەرەتایەكی گرنگە بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان
  2021-04-01       149       

سەرۆكایەتیی یەكێتی پیرۆزبایی بەبۆنەی پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق دەكات و دەڵێت، “سەرەتایەكی گرنگە بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان”.

ئاوێنه‌: سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی نیسان ڕاگەیەنراوێكی بەبۆنەی پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجە بڵاوكردەوە و تیایدا وێڕای پیرۆزبایی لە گەلی عێراق و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەڵێت، “پەسەندکردنی بودجە سەرەتایەكی گرنگە بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان و هاندەرێکیش دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تر و نزیکبوونەوە و کاری هاوبەشی حكومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ. هیوادارین پەسەندکردنی بوجە ببێتە مایەی باشترکردن دۆخی دارایی و ئابووری عێراق و چاککردنی گوزەرانی خەڵکی کوردستان و ژیانێکی باشتر و ئارامتریان هەبێت”.

دەشڵێت، “پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە بۆ هەموولایەکی ڕونکردەوە کە كاری هاوبەش و دانوستان زۆر لە گرژی و پێكدادان زیاتر خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان دەکات. خەڵکی كوردستان ماندووی ساڵانێکی پڕ لە ناسەقامگیری ئابورییە و چاویان لە داهاتوویەکە کە تێیدا مافە دەستوری و شایستە داراییەکانیان پارێزراوبێت و دۆخێکی جێگیری بژێوییان هەبێت”.

سەرۆكایەتیی یەكێتی سوپاسی خۆیشی نیشاندەدات بۆ هەموو ئەو هێز و لایەنانە کە “پشتگیریان کردین و هاوکارمان بوون بۆ گەیشتن بەم قۆناغە گرنگە. سوپاسی دۆست و خەمخۆرە عێراقییەكان دەکەین و هیوادارین ئەمە ببێتە بناغەیەك بۆ لێکتێگەیشتنی زیاتر و چارەسەرکردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی تر”.

هاوكات دەستخۆشی لە تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی دەكات بۆ هەوڵی بەردەوام و کۆششی بێوچانیان بۆ گەیشتن بە ئەنجام لە دانوستاندنەکان و دەڵێت، “ڕۆڵی گرنگ و مێژوویی ئەوان لەبیرناکەین و نموونەی دانوستانکاری سەرکەوتوو و ماندوونەناس بوون”.

دوپاتیشیدەكاتەوە، یەكێتی درێغی نەكرد لە شەونخونی و هەوڵی بێوچان بۆ كردنەوەی گرێكوێرەكان و دۆزینەوەی دەرچەی ڕزگاربوون لەو قۆناغە سەختە. لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و کۆمەڵانی خەڵکیشدا بەرگەی هەموو توانج و هەڵمەتە ناڕەواكانی گرت.

سەرۆكایەتیی یەكێتی ڕونیشیدەكاتەوە، “ئەم سەركەوتنەش وەڵامە بۆ هەموو ئەو گومان و تۆمەتانەی كە ئاراستەی کراوە لە بەرامبەر ڕۆڵی مێژویی و بنەڕەتی یەکێتی و سەنگ و پێگەی لە نەخشەی سیاسی عێراق و كوردستاندا. ئێمە لە سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڵێن دوپاتدەکەینەوە لە داهاتوودا هەموو پێگە و دیبلۆماسیەتی خۆمان بخەینە خزمەتی چارەسەرکردنی كێشە هەلپەسێردراوەكانیترەوە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، لەپێناو بەدیهاتنی داوا ڕەواكانی گەلی کوردستان و دابینكردنی ماف و شایستەییەكانی”.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×