2021-04-01   585     
سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ناردنى پشکى سێ مانگى ئەمساڵى هەرێم لەبەغداوە پەیوەستە بەوەى هەرێم بەپێی یاساى بودجە شایستەکانى ئەو مانگانە رادەستى بەغدا بکات.
ئاڵا تاڵەبانى ئەمڕۆ پێنج شەممە لەلێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنى فەرمى حزبەکەى وتى "ماددەى تایبەت بە هەرێم زۆر روونە، ئەگەر هەرێم بەتەواوى جێبەجێ بکات پشکەکەى دەنێردرێت، حکومەتى هەرێم بەڵێنیداوە ماددەکە جێبەجێ بکات".
وتیشى بودجە بۆ تەواوى ئەمساڵە، لەسەرەتاى ئەمساڵەوە جێبەجێدەکرێت، حکومەتى هەرێم ئەگەر ئیستیحقاقى پێشووى رادەستى بەغدا بکات، دەتوانێت پشکى سێ مانگى رابردووش وەربگرێت.
بەوتەى ئاڵا تاڵەبانى، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانى حکومەتى هەرێمدایە، دواى ئەوەى حکومەت و پەرلەمانى عێراق لەبارەى پشکى هەرێمەوە لە بودجە ئەوەى لەسەریان بوو کردیان.
رۆژى چوارشەممە 31 ى ئازارى 2021 پەرلەمانى عێراق پڕۆژەى بودجەى عێراقى پەسەندکرد، کە پشکى هەرێم تێیدا نزیکەى 12 ترلیۆن دینارە.