گۆڕان داوا لە حكومەتی هەرێم و عێراق دەكات پابەندبن بە یاسای بودجەوە
  2021-04-01       392       

وتەبێژی رەسمی بزوتنەوەی گۆڕان داوا لەهەردو حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق دەكات بابەندبن بە یاسای بودجەوە لەپێناو ژیان و گوزەرانی موچەخۆران و خەڵك. دەشڵێت، پەسەندكردنی بوجە، بەرهەم یەكڕیزی لایەنە كوردستانییەكان و پشتیوانی نوێنەرانی كوردو تیمی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم بەتایبەت هەوڵە بەردەوامەكانی وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمە.

ئاوێنە: دلێرعەبدولخالق، وتەبێژی رەسمی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمشەو پێنجشەممە، لە لێدوانێكی نوسراودا رایگەیاند، پەسەندكردنی بودجە عێراق بە سەرەتاییەکی دڵخۆشکەر دەزانین بۆ باشکردنى پەیوەندیەکانى نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای رێزگرتن لە پابەندبونە دەستورییەکان.

وتوشیەتی"پەسەندکردنی یاسایی بودجەی فیدڕاڵی، بەرهەمى یەکڕیزى لایەنە کوردستانیەکان و پشتیوانی نوێنەرانی کورد و، تیمى دانوستانى حکومەتى هەرێمى کوردستانە. بەتایبەت ھەوڵە بەردەوامەکانی وەزیرى دارایى و ئابورى حکومەتی ھەرێم کە بناغەى ئەم رێککەوتنە بەشێک بوە لە پڕۆژەى رێککەوتنى بودجەى فیدڕاڵى بۆ ساڵى 2020."

وتەبێژی گۆڕان وتوشیەتی"ئێمە لەکاتێکدا لەگەڵ جێبەجێ کردنى تەواوى ماددە و بڕگەکانى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغداین، داوا دەکەین هەردو حکومەتى هەرێم و فیدڕاڵ پابەندبن بە یاساى بودجەوە، لەپێناو ژیان و گوزەرانى موچەخۆران و خەڵک."

هەروەها بزوتنەوەی گۆڕان جەختی لەسەر سەرپێخستنى چاکسازى گشتگیر و گەڕانەوەى سەرجەم داهاتەکان بۆ خەزێنەى حکومەتى هەرێم كردۆتەوە بەشێوەیەک ئەم ھەنگاوانە ببنە فاکتەری نەهشێتنى لێبڕینى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم.

دەقی لێدوانەكە...

لێدوانێک لە وتەبێژى فەرمى بزوتنەوەى گۆڕانەوە

دواى پەسەندکردنى بودجەى فیدڕاڵى عێراق بۆ ساڵى (2021)، ئێمە لە بزوتنەوەى گۆڕان ئەم هەنگاوە بە سەرەتاییەکی دڵخۆشکەر دەزانین بۆ باشکردنى پەیوەندیەکانى نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای رێزگرتن لە پابەندبونە دەستوریەکان.

لە ماوەى رابردودا، هەمیشە جەختمان لەسەر رێککەوتن لەگەڵ حکومەتى ئیتیحادى کردوەتەوە، ئێستا کە بە هەوڵى هەمو لایەک رێککەوتنێکى هاوسەنگ هاتوەتەدى و سەرەتایەکى نوێیە لە مامەڵەى دارایى و سیاسی لەگەڵ بەغدا، پێویستە هەمو لایەک بەرژەوەندیە باڵاکانى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندییە حیزبی و کەسیەکان.

پەسەندکردنی یاسایی بودجەی فیدڕاڵی، بەرهەمى یەکڕیزى لایەنە کوردستانیەکان و پشتیوانی نوێنەرانی کورد و، تیمى دانوستانى حکومەتى هەرێمى کوردستانە. بەتایبەت ھەوڵە بەردەوامەکانی وەزیرى دارایى و ئابورى حکومەتی ھەرێم کە بناغەى ئەم رێککەوتنە بەشێک بوە لە پڕۆژەى رێککەوتنى بودجەى فیدڕاڵى بۆ ساڵى (2020).

ئێمە لەکاتێکدا لەگەڵ جێبەجێ کردنى تەواوى ماددە و بڕگەکانى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغداین، داوا دەکەین هەردو حکومەتى هەرێم و فیدڕاڵ پابەندبن بە یاساى بودجەوە، لەپێناو ژیان و گوزەرانى موچەخۆران و خەڵک.

بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستانیش جەخت لەسەر سەرپێخستنى چاکسازى گشتگیر و گەڕانەوەى سەرجەم داهاتەکان بۆ خەزێنەى حکومەتى هەرێم دەکەینەوە، بەشێوەیەک ئەم ھەنگاوانە ببنە فاکتەری نەهشێتنى لێبڕینى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم.

١ی ٤ی ٢٠٢١

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×