دو پەرلەمانتار: داتاکانی توشبونی کۆرۆنا لەهەولێرو دهۆک ساختەکراون
  2021-04-02       731       
به‌وته‌ی‌ دو پەرلەمانتاری کورد لەپەرلەمانی عێراق، داتاکانی تایبەت بەکۆرۆنا لەهەولێرو دهۆک "ساختەکراون‌و ژمارەکان وەهمین‌و هیچ بنەمایەکیان نییە."  

ئاوێنه‌: ده‌قی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ ئه‌و دو په‌رله‌مانتاره‌:

با لیژنە بێ ئاگاکەی کۆرۆنا چیتر بێ دەنگ بن.. داتاکانی توشبون‌و پشکنینی دهۆک‌و هەولێر ساختەکراون

ماوەی ساڵێکە مەسرور بارزانی ژمارەیەک بەرپرس و وەزیری بێ مەعریفەو بێ ئاگا لە ژیانی خەڵک کردوە بەبەڵا بەسەر ژیانی کاسپکاران و کرێکاران و شۆفێران و هاوڵاتیانی ئاسایی، لەکۆشکەکانی خۆیانەوە بەئارەزوی خۆیان بریار دەدەن بێ ئەوەی هیچ بەلایانەوە گرنگ بێت خەڵک چۆن دەژی.

بریاری تازەی ئەم لیژنە بێ سەروبەرەی مەسرور سەپاندنی رێنمایی توندی کۆرۆناو داخستنی هۆڵەکانی وەرزش و مزگەوت و شوێنی پەرستگاکانە کە ئەم جێگایانە زۆر بەئاسانی دەتوانرێت رێنمایی تەندروستییان تێدا جێبەجێ بکرێت بێ ئەوەی دابخرێن.

ماوەی ساڵێکە لەسەر گیرفانی هەژاران بەبەهای ملیۆنان دۆلار پشکنینی کۆرۆنا بەخەڵک دەکەن تا ئێمە لەبەغداوە بەهاوکاری وەزارەتی تەندروستی عێراق و هەماهەنگی تەندروستی سلێمانی و گەرمیان تاقیگەی پشکنینی کۆرۆنامان دابینکردو ناچارمان کردن ئەوانیش دەستبەرداری ئەو بزنسە ببن. 

ئێستاش لەدژایەتی سلێمانی، پارتی ژمارەی ساختەی پشکنین و توش بوو لەهەولێرو دهۆک بڵاودەکەنەوەو ترس بڵاودەکەنەوە.

بەپێی ئەو بەڵگانەی دەست ئێمە کەوتون تەنیا پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین داتای دروستی پشکنین و توشبون دەگەیەننە وەزارەتی تەندروستی عێراق، هەولێر و دهۆک ژمارەکان وەهمین و هیچ بنەمایەکیان نییە و لەدوو هەفتەی رابردوو رۆژانە کەمتر لە (۳٠٠) پشکنین کراوە لە هەریەک لە هەولێر و دهۆک لە کاتێکدا لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین رێژەکە سەروو (۲٠٠٠) پشکنینە، کە ئەمەش خیانەتە لەخەڵک و فەزیحەتێکی تری حکومەتەکەی مەسرور بارزانییە.

بێ ئەوەی فلسێک قەرەبوی ئەو خاوەن کارانە بکەنەوە پێیان دادەخەن، بێ ئەوەی هاوکاری ئەو گەنجانە بکەن ناهێڵن کار بکەن، ئەمە رێنمایی جێبەجێکردن نییە، ئەمە بازرگانی کردن و برسیکردنی خەڵکە.

حکومەتەکەی مەسرور شکستی هێناوە لە دابینکردنی یەک جورعە ڤاکسین و عێراق نەبێت ساڵیکی تریش ئەم
کاتە هەرەشەکانی کۆرۆنا بەردەوام ئەبێت.

بۆیە پێویستە پەرلەمانی کوردستان بەزوترین کات دەست بە لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە لیژنەکانی حکومەت بکات کە بازارو گوزەرانی خەڵکیان خستۆتە مەترسی، ئەو لیژنەیە خۆی لە کۆرۆنا مەترسیدار ترە بۆ خەڵک.

غالب محمد عەلی
سەرکەوت شەمسەدین
۲ ی نیسانی ۲٠۲۱
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×