2021-04-02   774     
نوێنەری کەسوکاری زیندانیانی بادینان ئاشكرای دهكات كه چالاکوانانی بادینان لەزیندان توشی نەخۆشی بونو مەترسی لەسەر تەندروستیان ھەیە.
ئاوێنه: ئەیھان سەعید، نوێنەری کەسوکاری زیندانیانی بادینان ڕاگهیهندراوێكی لهبارهی دۆخی تهندروستی زیندانیانو سزادراوانی بادینانهوه بڵاوكردۆتهوهو لهبهشێكیدا هاتووه، "خواردنیان کەمو خراپەو کێشیان زۆر زۆر دابەزیوە، پێداویستی سەرەتاییان پێ نادەن، تەنانەت کتێبو پێنوسو وەرەقەشیان لێ قەدەغەکردون... شەڕی دەرونیان لەگەڵ زیندانیان دەکرێت رێگەنادرێت ھەموو ھەفتەیه پەیوەندی بەکەسوکاریانەوە بکەن، بەمەش دەرونی زیندانیان باش نیە کە مافی ھەموو حوکمدراوێکە ئازادانە قسە لەگەڵ خێزانیان بکەن."
لهڕاگهیهندراوهكهدا ئاماژه بۆ ئهوهش كراوه كه "لەبەر پیسیو خراپی شوێنیان، زیندانیەکان توشی نەخوشی پێست بون، دەرمانی پێویستیان پێ نادرێت کە ئەمە دژی مافی مرۆڤەو دۆخی دەرونیان باش نیە، ئێستا مەترسی توشبونی کۆرۆناو نەخوشی دیکەیان لێ دهكرێت."
دهقی ڕاگهیهندراوهكه:
بۆ/ لایەنە پەیوەندیدارەکان
"چالاکوانانی بادینان لەزیندان توشی نەخوشی بونو مەترسی لەسەر تەندروستیان ھەیە"
دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەمەبەستی ترساندنی خەڵکی بادینان، لەپرۆسەیەکی نا یاسایی و نا دیموکراسیدا، لە مانگی ٨ی پارساڵدا بەدەیان رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان ڕفاندو ماوەی حەوت- شەش مانگ لەزیندایکردنیان و سزادانی پێنج کەس بەحوکمی شەش سال زیندانی لەرێککەوتی ١٦/٢/٢٠٢١ ئێستاش مافی ئەم بەندکراوانە بەم شێەوەیە پێشێل دەکرێت.
یەکەم: ئەم چالاکوانانە ژمارەیەکی زۆر چەکدار بە شێوازێکی ناشارستانی و وەحشیانە لەبەر چاوی خێزان و منڵیان بەلێدان ڕفێران، دەستیان بەسەر کەلوپەلی تایبەت و موبایلی خێزان و ئایپادی منالیشیاندا گرت.
دووەم: بێ بەشکران لە مافی بینینی پارێزەران، کە بە پێ (اصول محاكمات جزائیه)ی دەبێت پارێزەرەکان لەگەلیان بن.
سێیەم: بێ ھەبوونی بەلگە ماددەی یاساییان لە یاسای ژمارە ٣٥ ی رۆژنامەگەری و یاسای ژمارە ١١ی خۆپیشاندان گۆڕیویانە بۆ ماددەی ١ی ژمارە ٢١ی یاسای تێکدانی ئەمنی کە ھەمواری یاسای ژمارە ١٥٦ی سزادانی عێراقیە.
چوارەم: هەڕەشەو سوکایەتی:
لەکاتی لێکولینەوەکاندا بە ژن ھەرەشە لە شێروان شێروانی کراوە و لێدراوە، ھەروەھا بۆ ماوەی ٦٧ رۆژ خۆی و ھاورێکانی لەزیندنی تاکەکەسی (انفرادی) ببون، کەچی لە کاتی دادگاییکردنیاندا دادوەر ئەم قسانەی بە ھەند وەرنەگرتوە کە دەبوو پێداچونەوە لە لێکۆلینەوەکاندا بکرێت.
چوارەم: خواردنیان کەم و خراپە و کێشیان زۆر زۆر دابەزیوە، پێداویستی سەرەتاییان پێ نادەن و تەنانەت کتێب، پێنوس و وەرەقەشیان لێ قەدەغەکردون.
پێنجەم: شەڕی دەرونیان لەگەڵ زیندانیان دەکرێت رێگەنادرێت ھەموو ھەفتەیێ پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن، بەمەش دەرونی زیندانیان باش نیە. کە مافی ھەموو حوکمدراوێکە ئازادانە قسە لەگەل خێزانیان بکەن.
شەشەم: لە ژورێکی چەند مەتری کە بەپێ شێوازی ستاندارد بۆ ٣٠ کەس دروستکراوە، ١٣٥ کەس تێیدان و شوێنیان زۆر خراپە و زۆر تەسک و ناخوشە.
حەوتەم: لەبەر پیسی و خراپی شوێنیان زیندانیەکان توشی نەخوشی پێست بوون، دەرمانی پێویست پێیان نادرێت کە ئەمە دژی مافی مرۆڤە و دوخی دەرونیان باش نیە، ئێستا مەترسی توشبونی کۆرۆنا و نەخوشی دیکەیان ھەیە.
ھەشتەم: دادگایی نەکردنی ڕاگیروانی دیکە، وە دروستکردنی تومەتی نارەوا و ناوزراند و بلاوکردنەوەی ڤیدیۆ بەناوی داپێدانان کە ھیچ دانپێدانانی تێدا نەبوو، ھەروەھا ھەولدان بۆ دروستکردنی ڤیدیۆ سیناریوی تازە لەسەر بەندکراوەکن لەنێو زینداندا.
ھەشتەم: دوای سزادانیان بە پێ یاسا دەبێت نقلی چاکسازی گەوران کرابان، بەڵام ھەر لە زیندانی ئاسایشی گشتی ماون و رێگەیان پێنادرێت خێزانەکانیان سەرەدانیان بکەن کە مافی ھەموو زیندانییەکە.
ئێمە وەکو گشت کەسوکاری زیندانیانی بادینان بێدەنگ نابین لەسەر ئەم نا عەدالەتیەی بەرامبەر کەسوکارمان دەکرێت ھەر لە رفاندنیان تا سزادانیان، داواکارین دادگای پێداچۆنەوە (تممیز) بریارێکی دادپەروەرانە بدات و ئەم رۆژنامەنوس و چالاکوانە بێ تاوانانە ئازاد بکات.
پێویستە پارتیش ئەگەر خۆی بە حوکمران دەزانێت واز لەم رق و تەحەدایە بەرامبەر چەند کەسێکی مەدەنی بێنێت کە لەسەر رەخنەو بیرورای جیاواز بە ناحەق سزادراون، تا چیتر سومعەی خۆی و ھەرێمەکەمان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەولی ناشرینتر نەکات، بەپێچەوانەوە ئێمە سەری خۆمان لەسەر ئەم کەیسە دائەنێین.
ئەیھان سەعید - نوێنەری کەسوکاری زیندانیانی بادینان
٢ی نیسانی ٢٠٢١