بۆ یەكەمجار ژنە كوردێك بوە دەرچوی پەیمانگای سەربازیی شاهانەی بەریتانیا
  2021-04-03       785       

میدیا مەستی، بوە یەكەم ژنە كورد لەكوردستانی عێراقەوە كە بڕوانامەی دەرچون لە پەیمانگای سەربازی شاهانەی بەریتانیا بەدەستبهێنێت، ئەوەش دوای بەشداریكردنی لە خولێكی سەربازیی مەشق و راهێناندا لەو پەیمانگایە.

ئاوێنە: ئەو ژنە كوردە دوای وەرگرتنی بڕوانامەی دەرچون لە پەیمانگای ساندهێرستی سەربازیی شاهانەی بەریتانیا، بە لاپەڕەی سوپای بەریتانیای وتوە: ناوم "میدیا مەستی"یە، مایەی شانازیمە كە یەكەم ژنە دەرچوی كوردم لە ئەكادیمیای سەربازیی شاهانەی بەریتانیا، من پزیشكی مەدەنیم لە نەخۆشخانەیەكی سەربازی لە كوردستان، بەڵام كە گەڕامەوە دەچمە نێو ریزی پێشمەرگە.

میدیا مەستی وتوشیەتی"لە بنەڕەتدا ناوی خۆم بۆ خولێكی ئاسایی تۆماركردبو، ژمارەیەك چاوپێكەوتنم لەگەڵ ئەنجام درا، دواتر من و ژنێكی دیكە هەڵبژێردراین. تیمی ساندهێرست لەبری ئەوە پێشنیاری خولێكی سەربازییان بۆ كردم، منیش زۆر بەلامەوە گرنگ بو. كاتێك بە خانەوادەكەمم وت كە پەیمانگای ساندهێرستە، پێیان وتم، دەبێت بڕۆیت."

ئاماژەی بەوەشداوە كە بەر لە دەستپێكردنی خولەكە زۆر زانیارییان لەبارەی چۆنیەتی خولەكەوە پێدام، پێیان وتم بەشدارانی خولەكە هەمو پزیشك و پارێزەرن، بۆیە وامزانی خولەكە زۆر ئاسانە بەڵام بەو شێوەیە نەبو.

میدیا مەستی باسی لە سەختی خولەكە كردوەو رایگەیاندوە، دو هەفتەی یەكەمی زۆر سەخت بو، بەتایبەت مەشقەكان و خەوتن لە سەرماداو رێگەنەدانمان بە بەكارهێنانی روناكی، هەرگیز بیرم لەوە نەدەكردەوە بتوانم خولێكی مەشق و راهێنانی لەو جۆرە تەواو بكەم.

ئەوەشی وتوە"رەنگە ئەگەر لەسەرەتاوە پێیان بوتمایە خولەكە بەو شێوەیە سەختە، بەشداریم نەكردایە، بەڵام ئەگەر بەشداریم نەكردایە ئەو كەسە نەدەبوم كە ئێستا هەم، بەڕاشكاوی بڵێم، هەست بە شانازییەكی زۆر دەكەم، ئەزمونێكی سەرنجڕاكێش بو، جێی شانازیمە كە دەرچوی ئەم خولەم."

میدیا مەستی، هیوای خواستوە ژمارەیەكی زۆری ژنانی كورد بتوانن بەشداری لەم ئەزمون دەرفەتە ناوازەیەدا بكەن.

لەلای خۆیشییەوە كونسوڵخانەی گشتی بەریتانیا لە هەولێر پیرۆزبایی لە میدیا مەستی كردوەو وتویەتی"پیرۆزبایی لە ئەفسەری پێشمەرگە میدیا مەستی دەکەین کە یەکەم خانمی کوردستانی عێراقە لە ئەکادیمیای سەربازی شاھانەی بەریتانیا بڕوانامەی دەرچون وەربگرێت."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×