شۆفێرێک خوشکەزایەکی خۆی دەشێلێت و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانلەدەست دەدات
  2021-04-06       610       
پۆلیسی گەرمیان ئاشكرایكردووە، لە ناحییەی ڕزگاری شۆفێرێك “بە هەڵە” منداڵێكی دوو ساڵان كە خوشكەزای خۆیەتی دەشێلێت و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە منداڵەكە گیان لەدەستدەدات.

ئاوێنە: لە ڕاگەیەندراوێكدا، پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاندووە، “بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 6ی نیسان، لە ناحییەی ڕزگاری سەربە قەزای کەلار ئۆتۆمبێلێک لە جۆری کیاسپۆرتاج بە هەڵە منداڵێکی دوو ساڵان بە ناوی (ئیناس محەمەد حسێن) دەشێلێت”.

پۆلیس ئەوەشی ئاشكراكردووە، “پاش گەیاندنی منداڵەكە بە بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، گیانی لەدەستداوە”.

بە وتەی کەسوکاری منداڵەکە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە خاڵی منداڵەکەیە و لەلای ماڵی خۆیان منداڵەکەی شێلاوە، وەك پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی پێكردووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لەئێستادا تەرمی منداڵەکە بە مەبەستی توێکاری ڕەوانەی پزیشکی دادوەری قەزای کەلار کراوە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەش بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 24ی هاتوچۆ بەندکراوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×