كازمی "نامەیەكی توند"ی ئاڕاستەی ئێران كردوە: میلیشیاكان كۆنترۆڵ بكە
  2021-04-08       681       

رۆژنامەی واشنتۆنی پۆستی ئەمریكی لەزاری دو بەرپرسی عێراقییەوە بڵاویكردۆتەوە كە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەنامەیەكی تونددا داوای لە بەرپرسانی باڵای ئێران كردوە گروپە چەكدارەكانی نزیكییان لە عێراق كۆنترۆڵ بكەن، بەپێچەوانەوە عێراق خۆی روبەڕویان دەبێتەوە.

ئاوێنە: رۆژنامەكە لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بە نمایشی گروپە چەكدارەكان لەسەر شەقامەكانی بەغدا كردوە، هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە گروپێكی چەكداری لەكاتی نمایشێكی سەربازیدا وێڕای ئیدانەكردنی بونی هێزەكانی ئەمریكا، هەڕەشەی "گوێبڕین"ی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراقیشیان كردوە.

بەپێی قسەی دو بەرپرسی عێراقی، وەك وەڵامێك بۆ نمایشی سەربازی ئەو گروپە چەكدارە، مستەفا كازمی، نامەیەكی توندی ئاڕاستەی ئێران كردوەو داوای لە تاران كردوە دەسەڵاتی خۆی بەكاربهێنێت بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو میلیشیایانە.

ئەو دو بەرپرسە كە ناویان ئاشكرانەكراوە، ئەوەیان خستۆتەڕو، كازمی لە نامەكەیدا داوای لە ئێران كردوە "بەڕونی رایبگەیەنێت كە كێ پشتیوانی ئەو گروپانە دەكات"و وتوشیەتی: ئامادەیە روبەڕویان ببێتەوە.

بەپێی قسەی سیاسییەكی دیاری شیعەی عێراقی كە ناوی ئاشكرانەكراوە، نامەكەی كازمی بۆتە هۆی ئەوەی لەم هەفتەیەدا ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ چەند فەرماندەیەكی میلیشیاكان و سەركردە سیاسییە شیعەكان كۆبۆتەوەو داوای هێوركردنەوەی دۆخەكەی لێكردون.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×