خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردودا ڕاپۆرتی یەکەمی لەبارەی ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ڕەوانەی پەرلەمان کرد، بڕیارە ھەفتەی داھاتو ڕاپۆرتی دوەم ڕەوانە بکات.
ئاوێنە: خەدیجە عومەر، ئەمڕۆ یەكشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی وت"لە ماوەی چەند مانگی ڕابردودا حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو ھەنگاوانەی بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ناویەتی ڕاپۆرتێکی بۆ پەرلەمان ڕەوانە کرد بۆ ئەوەی پەرلەمانیش ئاگاداری وردەکارییەکان بێت. بڕیارە سێ مانگ جارێک ڕاپۆرت ڕەوانە بکەن، بەڵام ئەم جارە ھەندێک دواکەوت، بۆیە بڕیارە ھەفتەی داھاتو حکومەت ڕاپۆرتی دوەم لەبارەی یاسای چاکسازییەوە ڕەوانەی پەرلەمان بکات."
عومەر باسی لەوەش کرد"حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەکاریی کردوە و ڕاپۆرتی خۆی ئامادە کردوە و ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستانی دەکات، ئەمەش بەپێی قسەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، چونکە خۆیان باسیان لەوە کردوە سێ مانگ جارێک ڕاپۆرت ڕەوانەی پەرلەمان دەکەن و لیژنەی داراییش داوای لە حکومەت کردوە ڕاپۆرتەکە ڕەوانە بکەن و ئەوانیش ئامادەن ڕەوانەی بکەن."