ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم "دانپێدانانی تۆڕێكی تیرۆریستی سەر بە داعش" بڵاودەكاتەوە
  2021-04-12       1027       

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، "دانپێدانانی تۆڕێكی تیرۆریستی سەربە داعش"ی بڵاوكردەوەو دەڵێت، پیلانیان هەبوە كردەوەی "تیرۆریستی" لە هەولێر ئەنجام بدەن و لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزە ئەمنییەكاندا دەستگیركراون.

ئاوێنە:  ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی ئەو گروپەدا، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"لە هەوڵە بەردەوامەکانى دەزگاکانى ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان بۆ پوچەڵکردنەوەى پیلانى تیرۆریستان دژى کوردستان، زانیاریی دروست بە دەست هات کە (حەجى عەبدوڵا- خەلیفەى گروپى تیرۆریستیی داعش) فەرمانى داوە بە هەریەك لە (حارس- والى شمال/کوردستان) و (ئەبو وەلید-ئەمیرى ئەمنى ولایەتى شمال) بۆ ئەنجامدانى کردەوەى تیرۆریستى، راستەوخۆ تیرۆریستانى شانەکە ئاشکرا کران و لە ئۆپراسیۆنێکى سەرکەوتو توانرا تەواوى تیرۆریستەکانى شانەکە دەستگیر بکرێن."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لەئەنجامى لێکۆڵینەوە دەرکەوت تیرۆریستەکان بەنیازبون لەڕێگاى (بۆمبى چێنراو)و (دەمانچەى بێ دەنگ) کردەوەکان ئەنجام بدەن."

وتوشیەتی"لەسەرەتاى مانگى (2/2021) دو ئەندامى گروپەکەیان سەرەتا نەتوانراوە راستەوخۆ داخلى کوردستان بن بۆیە بە قاچاخ لە سوریاوە گواستراونەتەوە بۆ تورکیا پاشان بۆ ئێران و لەوێشەوە بۆ شارۆچکەى رانیە و پاشان گەیشتونەتە شارى هەولێر."

بەپێی راگەیەندراوەكە "تیرۆریستانى دەستگیرکراو بریتین لە (یاسر عەلى ئەحمد نویران، ناسراو بە ئەبو عەمار) و (ماجد حەسەن ساڵح صایل، ناسراو بە عەلى) و (حەسەن عەلى عنیزان حەمەد، ناسراو بە سعود) و (فراس حەسەن حەمودى حسین) و (موخەلەد ئیبراهیم محەمەد شافى الفراجى)."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×