عەلی حەمەساڵح وەڵامی وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەداتەوە
  2021-04-13       1642       

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری كوردستان وەڵامی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەداتەوە كە تۆمەتباری كردبو بە بڵاوكردنەوەی زانیاری "بێ بنەما."

ئاوێنە: پێشتر جوتیار عادل لە رونكردنەوەیەكدا وتبوی، عەلی حەمەساڵح، بەناوی بەندەوە وتەیەكی بڵاوكردۆتەوە كە وتەی من نەبوەو دوای "دڵنیابونی ئەو پەرلەمانتارە لەوەی کە ئەو زانیارییانەی بەناوی منەوە بڵاویکردونەتەوە بێ بنەمان داوای لێبوردنی کرد."

جوتیار عادل لە رونكردنەوەكەیدا هیچ ئاماژەیەكی بەو وتەیە نەدابو كە دەڵێت، لەلایەن عەلی حەمەساڵحەوە بەناوی ئەمەوە بڵاوكراوەتەوەو "بێ بنەمایە."
عەلی حەمەساڵح كەمێك لەمەوبەر وەڵامی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی داوەتەوەو وتویەتی" وتەبێژی حکومەت وەڵامی منی داوەتەوە گوایە زانیاری ھەڵەم بڵاوکردوەتەوە. من نوسینێکم نوسیبو، کە حکومەتی ھەرێم ڕێککەوتنی بۆ دۆسیەی نەوت کردوە نەک موچەی فەرمانبەران! وتەیەکی وتەبێژی حکومەتم وەرگرتبو کە لە کەناڵی "ڕوداو" بەناوی ئەوەوە نوسرابو: حکومەت سەرکەوتوبو لەوەی نەوتی ڕادەستی عێراق نەکرد. وتەبێژی حکومەت پەیوەندی کردو پێی وتم: ئەوە قسەی من نیەو ڕوداو وتویەتی و ھەڵەیەو من فایلی نەوتم وتوە. گوایە نوسینەکەی من بوە بەگرفت."

ئەو پەرلەمانتارە وتوشیەتی"منیش وتم: من ھەرگیز مەبەستم بڵاوکردنەوەی زانیاری ھەڵە نییەو ئەگەر من ھەڵەبم داوای لێبوردن کردن ئاساییەو حەلی دەکەم، بەڵام من لە ڕوداوم وەرگرتوە."

عەلی حەمەساڵح ئەوەشی خستۆتەڕو"بەڵام وتەبێژی حکومەتی ھەرێم بەبێ باسکردنی ڕوداو، دەڵێ: عەلی ھەڵەی کردوەو دوێنێ شەو لە کەناڵی پەیام بەوردی باسی ئەم بابەتەم كرد."

ئەو پەرلەمانتارە لەگەڵ ئەوەش جەختی كردۆتەوە كە "بەدڵنیایی ئامانج و ستراتیژی وەفدی دانوستانکار ئەوە بوە لە یاسای بودجە وەرەقەیەکی دەستبکەوێت بۆ ئەوەی سەربەخۆ نەوتی ھەرێمی کوردستان بفرۆشێت، بەو حسابەی ھەرێم دەبێت پارەی 250 ھەزار بەرمیل و نیوەی داھاتی فیدڕاڵی و قەرزی بانکە بازرگانیەکان بداتەوە ھیچ پارەیەک بۆ ھەرێم نامێنێتەوە. لەم مانگەو مانگی دواتریش دەردەکەوێت وەفدی ھەرێم دانوستانی بۆ موچە نەکردوە."

 

وەڵامێک بۆ وتەبێژی حکومەتی ھەرێم وتەبێژی حکومەت وەڵامی منی داوەتەوە گوایە زانیاری ھەڵەم بڵاوکردوەتەوە.. من نوسینێکم...

Posted by Ali Hama Saleh Taha on Monday, April 12, 2021
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×