چیرۆکی ئەو منداڵە 9 ساڵانەی کە دوای دەستدرێژیکردنەسەری، بە بلۆک کوژرا
  2021-04-13       2292       
منداڵێکی تەمەن 9 ساڵان لەشاری کەرکوک دوای ئەوەی لەلایەن كەسێكەوە ڕفێندراوە و دوای ئەوەی دەستدرێژی کراوەتەسەر دواتر بە بلۆك كوژراوە، رۆژی 10ی ئەم مانگەش تەرمەکەی لەنێو زبڵدانێكدا لە گەڕەكی فەیلەق دۆزرایەوە، پۆلیسی کەرکوکیش رایدەگەیەنێت، تۆمەتباری روداوەکە دەستگیرکراوە و دانیناوە بەکارەکەیدا.

ئاوێنە: ئەو منداڵە کە خێزانەکەی خەڵکی حەویجە بوون و ئاوارەی شاری کەرکوک بوون، بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی لەسەر کۆکردنەوەی قوتوو دابین کردوە، بەڵام لەلایەن کەسێکەوە دەڕفێندرێت و دوای دەستدرێژی سێکسی، بە بلۆک دەیکوژێت.

فاتمە محەمەد دایكی ئەو منداڵەیە بەرۆژنیوزی راگەیاندوە، بەیانی 10ی ئە مانگە کوڕەکەی وەک هەر ڕۆژێكی ئاسایی دەچێتە دەرەوە، دواتر کەسێک دەیڕفێنێت و دوای دەستدرێژی سێکسی، بە بلۆک دەیکوژێت و بۆ شاردنەوەی تاوانەكە لە زبڵخانەیەكی نزیك ماڵی منداڵەكە فڕێ دەدات.

بە وتەی فاتمە، بکوژەکە دراوسێی خۆیانە ناشزانن بۆچی وای کردووە.

باوکی ئەو منداڵە ساڵی 2013ـەوە لە زینداندایە، بۆیە بۆ بژێوی ژیانی ڕۆژانە قوتووی کۆکردووەتەوە و فرۆشتوویەتی، دایکی تەنها داوای ئەوەیە، "تاوانبارەکە لە سێدارە بدرێت".

ساجدە عەبدوڵا نەنكی منداڵەكەیە و دەڵێت لە خانوویەکی کرێدان لە گەڕەکێکی کەرکوک، هێندە بێ دەرامەتن خەڵک خێریان پێدەکات.

پەیوەست بەم بابەتەش سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند، بکوژ لە زینداندایە و دانی بە تاوانەکەشدا ناوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×