ئەندامێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەو تاوانانەی لە شارە داگیرکراوەکان ئەنجامدەدرێت ئاستی تاوانی شەڕیان تێپەڕاندووە، وتی: لە ماوەی سێ مانگدا لە عەفرین ٢٠٠ تاوانی ڕفاندن و ٢٠ تاوانی کوشتن ئەنجامدراوە.
ئاوێنه: بەپێی چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی هاوار لەگەڵ جبرایل مستەفا ئەندامی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین- سوریا، لە شاری عەفریندا کە لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە لەژێر داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دایە، ڕێژەی تاوانەکان ئاستی تاوانی شەڕیشیان تێپەڕاندووە.
جبرایل مستەفا بە ئاماژەدان بەوەی کە زۆرێک لە ناوەند و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، دوای بینینی دۆخی سوریا، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە عەفرین گەیشتووەتە ئاستی تاوانی شەڕ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، وتی: بەڵام بە داخەوە ئەو تاوانانە بەردەوامە و تادێت زیاتر دەبێت و ئاستی تاوانی شەڕیشیان تێپەڕاندووە.
جبرایل مستەفا ئاشکرایدەکات کە لە سێ مانگی دەستپێکی ئەمساڵدا، زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە عەفرین ڕفێندراون کە ٢٥ کەسیان ژن و منداڵن، هەر لەم ماوەیەشدا ٢٠ ڕووداوی کوشتن ڕوویانداوە.
مستەفا ئاماژە بە تاوانەکانی دیکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی دەکات و دەڵێت: هەر لەو ماوەیەدا، زیاتر لە سێ هەزار و ٢٠٠ داری زەیتون لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە بڕێندراون و جگە لەوەش دەستیان گرتووە بە سەر ١١ هەزار دار زەیتون لە ناوچەکانی بلبلێ، ڕاجۆ، شەرا و گوندی مەیدانکێ، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، لە ڕێگەی دروستکردنی بنکەی سەربازییەوە، دیموگرافیای ناوچەکە دەگۆڕن.
جبرایل مستەفا هەروەها ئاماژە بەوەدەکات کە سەرەڕای هەموو بەڵگەکان، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی “تیرۆری ئەمنی” دەسەپێنن، هاوڵاتیان ناتوانن باسی تاوانەکان بکەن و ئەم بابەتانە تەنیا ٢٠٪ی ئەو تاوانانەیە کە لەوێ ڕوودەدەن.
مستەفا داواشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە کە دەستێوەردان بکەن و ئەم تاوانانە ڕابگرن، چونکە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی شاری عەفرینیان کردووەتە ناوەندی پەروەدەکردن و ناردنی تیرۆریستان، داواشی کرد کە کۆمیتەیەکی بێ لایەن دروست بکرێت تا تاوانەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لەدژی هاوڵاتیانی عەفرین تۆمار بکات، چونکە ئەو تاوانانەی لە عەفرین ئەنجامدەدرێت، ئاستی تاوانی شەڕی تێپەڕاندووە.