كونسوڵخانەی ئەمریكا: كاردەكەین بۆ راپێچكردنی تاوانبارانی هێرشەكەی شەوی رابردو بۆ بەردەم دادگا
  2021-04-15       523       

كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەولێر ئیدانەی هێرشەكانی شەوی رابردوی سەر فڕۆكەخانەی هەولێرو بنكەی سەربازی توركیا لە باشیك دەكات و دەشڵێت، كاردەكەین بۆ راپێچكردنی تاوانبارانی ئەو هێرشانە بۆ بەردەم دادگا.

ئاوێنە: كونسوڵخانەكە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"هێرشەکانی شەوی ڕابردوی سەر بنکەی ئاسمانی هەولێر و بنکەی سەربازی تورکی لە هەرێمی کوردستان ئیدانە دەکەین."

وتوشیەتی"لەگەڵ هاوبەشانمان لێرە لە هەرێمی کورستان و حکومەتی عێراق کاردەکەین بۆ ڕاپێچانی تاوانبارانی ئەو هێرشانە بۆ بەردەم دادگا."

جەختیشی كردۆتەوە "هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق شایستەی ئەوەن لە ئاشتیدا بژین."

شەوی رابردو هێرشێك كرایە سەر بنكەی هاوپەیمانان لە فڕۆكەخانەی هەولێر، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، "دوای لێکۆڵینەوەو بەداواداچونی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هۆکاری تەقینەوەی ئەمشەوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر،  لە ئەنجامدا دەرکەوت، هێرشەکە بە ڕێگەی درۆنی TNT کراو بوەو ئاڕاستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لە ناو فڕۆکەخانە. خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نییە و تەنیا زیانی ماددی بەر باڵاخانەیەک کەوتوە."

هاوكات لەگەڵ ئەو هێرشەدا بە چەند موشەكێكیش بنكەی سەربازی توركیا لە باشیك كرایە ئامانج كە بەپێی وەزارەتی بەرگری توركیا لەو هێرشەدا سەربازێكی وڵاتەكەیان كوژراوە.
هەروەها لە هێرشەكەدا كچێكی عەرەب، تەمەن 12 ساڵان، خەڵكی گوندی "گوداد"ی سەر بە ناحیەی زیلكان، برینداربو.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×