وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و عێراق بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە
  2021-04-15       624       

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا سەبارەت بە هێرشەكەی سەر هەولێر دەڵێن: بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، تیمەكانی لێکۆڵینەوە دەستبەكاربون بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و سزادانیان.

ئاوێنە: لە بەیاننامە هاوبەشەكەدا هاتوە"ئەو دەستدرێژییە مەترسیدارانەی بەم دواییە كرانە سەر هەولێر و چەند ناوچەیەكی دیكە، دەچنە چوارچێوەی دەستدرێژییە تیرۆریستییە رێكخراوەكانەوە كە ئامانجیان لێدانە لە ئاسایشی عێراق لەنێویشیدا ئاسایشی هەرێمی كوردستان و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی و هەوڵدانە بۆ نانەوەی ئاشوب."

بەیاننامەكە وێڕای ئیدانەكردنی ئەو هێرشانە، جەختیكردۆتەوە كە ئەو دەستدرێژییانە هەوڵێكی نەزۆكن بۆ لێدان لەو پێشكەوتنە ئەرێنییانەی كە لە پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمدا هاتونەتە ئاراوە بەتایبەت لەسەر ئاستی هەماهەنگی ئەمنی لە ئاستی باڵادا.

هەروەها جەختیشی كردۆتەوە كە ئەو هەماهەنگی و هاریكارییەی نێوان هەردو حكومەت بەردەوام دەبێت بۆ مسۆگەركردنی ئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتیان و بەرەنگاربونەوەی هەوڵەكانی تێكدانی ئاسایش.

هەروەها لە بەیاننامەكەدا هاتوە، گەرەنتیكردنی ئاسایشی عێراق لەبەرامبەر ئەو جۆرە دەستدرێژییانە دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی فیدراڵ و دامەزراوە رەسمییەكانی لەنێویشیاندا هێزە ئەمنییەكان لە هەرێمی كوردستان.

لەكۆتایی بەیاننامەكەدا هاتوە"تیمەكانی لێكۆڵینەوە دەستیان كردوە بە ئەركەكانیان لەسەر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بۆ ئاشكراكردنی ئەوانەی لەو دەستدرێژییانەوە گلاون تا روبەڕوی دادگاییەكی عادیلانە بكرێنەوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×