رێكخراوی هەنگاو: پێشمەرگەیەكی كۆمەڵە لە سلێمانی بێسەروشوێنە
  2021-04-17       626       

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لە رۆژی سێشەممەوە لە شاری سلێمانی بێ سەروشوێنەو هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنوسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

ئاوێنە: رێكخراوەكە لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە "پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە ناوی 'سمکۆ بەنەفشی' تەمەن 35 ساڵ و خەڵکی سنە، لە رۆژی سێشەممە (13ی 4ی 2021)ەوە لە شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان بێ سەروشوێن بوە و هیچ هەواڵێک سەبارەت بە چارەنوسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە."

رێكخراوی هەنگاو لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە وتویەتی"سمکۆ بەنەفشی رۆژی سێشەممە بە ئۆتۆمبێلێکی حیزبی چۆتە دەرەوەی بنکەکانی ئەو حیزبە لە نزیک سلێمانی و بێ سەروشوێن بوە."

سەرچاوەكەی هەنگاو ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەو ئۆتۆمبێلەی کە سمکۆ پێی چۆتە دەرەوەی بنکەکانی کۆمەڵە هەر ئەو رۆژە لە نزیکی بەنزینخانەی سارا دۆزراوەتەوە کە هیچ ئاسەوارێکی روداوی هاتوچۆ یان روداوێکی دیکەی پێوە نەبوە."

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سەرەڕای تێپەڕبونی چوار رۆژ لە بێسەروشوێنبونی سمکۆ بەنەفشی تا ئیستا هیچ لێدوانێکی رەسمییان نەداوە.

ئەندامێکی ئەو حیزبە بە هەنگاوی راگەیاندوە"کۆمەڵە چاوەڕێی وەڵامی ئیدارەی ئاسایشی سلێمانییە بۆیە تا ئیستا هیچ لێدوانێکی لەمبارەوە نەداوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×