"61 هەزار كەس لەپێشمەرگەوە بۆ لیوا خانەنشین كراون بێ ئەوەی موچەو دۆسیەیان لای وەزارەتی پێشمەرگە هەبێت"
  2021-04-17       2185       

ئا: ئاوێنە

 

دابان محەمەد، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد، لەسەردەمی كابینەكەی بەرهەم ساڵح 61 هەزار کەس لە پێشمەرگەوە بۆ لیوا خانەنشین کراون بێ ئەوەى موچەو دۆسیەیان لاى وەزارەتى پێشمەرگە هەبێت. دەشڵێت: ژمارەی هێزەكانی 80 و 70 زیاتر لە 100 هەزار كەسەو حەوت هەزار كەسیان بایۆمەترییان نەكردوەو "لکاندن"ی ئەم هێزانە بە وەزارەتی پێشمەرگەوە كە ناوی لێنراوە چاكسازی "دڵى بەریتانیاو هاوپەیمانان خۆش ناکات."

 

 دابان محەمەد، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردوە"بەداخەوە، ئەوەى گومان دەکرا سەبارەت بە هێزى 80ی پارتى و 70ى یەکێتى، کە ژمارەیان نزیکەى 80 هەزار کەسە وا دەرنەچو، ژمارەیان 100 هەزار کەس بەرە و ژورە، حەوت هەزار کەسیان بایۆمەترى نەکردوە."

وتوشیەتی"ئەم ژمارەیە گریمانەییەو بەردەوام لە هەڵکشاندایە(بەردەوام لێیان دەخزێنرێتە وەزارەتى پێشمەرگەو خەڵکى نوێ دادەنرێن)، خانەنشینى، کەمئەندام، شەهیدو بودجەى تایبەت بە خۆیان هەیە، بەهۆى بێ متمانەیى و جیاوازى لە سیستمى کارکردن چاکسازى تێیاندا ئەستەم بوە."

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەداوە كە "لە ئێستادا هەمو هەوڵێک ئەوەیە ئەم دو هێزە بلکێنرێت، بە وەزارەتى پێشمەرگەوە، بە چەند ڕێگەیەکى جیاواز، بەڵام ئەم جۆرە لکاندنە کە ناوى لێنراوە چاکسازى، دڵى بەریتانیاو هاوپەیمانان خۆش ناکات بە دەق لەسەر ئەم پرۆسەیە دەڵێن: وەزارەتى پێشمەرگە ئەو هێزانەى سەرپەرشتى دەکات، هێشتا کاریگەرى پارتە سیاسیەکانیان لەسەرە، لکاندنى هێزەکانى 70 و 80 بە وەزارەتى پێشمەرگە، ئەوە ناگەیەنێت، ئەم هێزانە کاریگەرى پارتە سیاسیەکانیان لەسەر لاچێت، ئەمەش ڕەوایەتى هێزى پێشمەرگە کەمدەکاتەوەو رێگرە لە هەوڵەکان بۆ چاکسازى و یارمەتى تەشەنەسەندنى گەندەڵى و مەحسوبیەت دەدات."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لەسەردەمى کابینەى د.بەرهەم ساڵح، بە فەرمانێک 61 هەزار کەس خانەنشین کراون، لە پێشمەرگەوە بۆ لیوا، موچەو دۆسیەیان لاى وەزارەتى پێشمەرگە نییە، لەسەر میلاکى وەزارەتى دارایین و لەوێش موچە وەردەگرن(بەگشتى 170 هەزار خانەنشینى پێشمەرگە هەیە، سێ هەزار ئەفسەریش لە چاوەڕوانى خانەنشینبوندان بەپێى یاساى ژمارەى 38ى ساڵى 2007)."

وتوشیەتی"بەریتانییەکان لەسەر ئەمە دەڵێن: یەکێک لە کێشە گەورە و ئالۆزەکان، موچەو شایستەکان و ڕاژەو خانەنشینییە، گرفتى بونى سەربازى تارمایى، بندیوار مەسەلەیەکە لێى تێدەگەین، ڕەفتارى گەندەڵى هەندێک لە ئەفسەرە باڵاکان، کارێکى دیارەو ناشاردرێتەوە، لەگەڵ هەندێک ڕاپۆرت ئاماژە بە بونى موچەو مافى ساختەى دیکە دەکەن هەندێک لەو ئەفسەرە باڵایانە، کە لەسایەیاندا جۆرێک لە ڕەفتارى گەندەڵى دەکەن، بەڵام هێشتا لە پۆستەکانى خۆیان ماونەتەوە، ئەنجامدانى چاکسازى کارێکى سەختە، قسەو کرداریان بۆ چاکسازى هاوتا نییە.

هەروەها تەئکید دەکەنەوە دەبێت چاکسازى لە هێزەکانى زێرەڤانى، بەرگرى و فریاکەوتن بکرێت کە سەر بە وەزارەتى ناوخۆن، چونکە ژمارە و میلاکیان بۆ ئەوان ڕون نییە!"

بەپێی قسەی دابان محەمەد ئەو راپۆرتە نێردراوە بۆ "مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى، بافڵ تاڵەبانى و لاهور شێخ جەنگى هاوسەرۆکانى یەکێتى، سەرۆکایەتى هەرێم و دو جێگرەکەى، سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى، وەزارەتى پێشمەرگەو دو جێگرەکەى وەزارەتى ناوخۆ و دو جێگرەکەى"و "پەندێکى ڕاشکاوى ئینگلیزیان بۆ دەهێننەوە، ئەویش پێڵاوى پیاوە مردوەکانە، واتە یەکێک دەست لە پلەو پۆست هەڵنەگرێت مەگەر بمرێت ئینجا یەکێکى دیکە بچێتە شوێنى."

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×