تێکچونی پەیوەندییەکانی ئەمەریکاو روسیا لەپاش جەنگی سارد
  2021-04-17       1451       

نوسینی: جەیمس گۆڵدگایەر

وەرگێڕانی لەئینگلیزییەوە: سەفەر محەمەد

 

ئەستەمە وابیربکەینەوە کە پەیوەندییەکانی ئەمەریکاو ڕووسیا خراپتر ببێت، بەڵام پێشناچێت،بەم زووانەبەرەوباشی بڕۆن. لە دوو (دە)یەی ڕابردوو، ڤلادمیرپووتین،سەرۆکی ڕووسیا، بەجۆرێک پێناسەی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی کردووە کە ناکۆکە لەگەڵ بەرژەوەندی ئەمەریکاو هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی. پاشان باوەڕ وایە، بڵاوبوونەوەی دیمۆکراسی و حوکمی یاساو ئاسایشی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا دەبێتەهۆی سەقامگیری، هاوکات، ڤلادمیرپووتینش، تەشەنەی دیمۆکراسی بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ڕژێمەکەی دەزانێت و پێی وایە بڵاوبونەوەی دیمۆکراسی لە وڵاتانی دراوسێی، کار لە ئاسایشی ڕووسیا دەکات.
هەرجۆرە پێشکەوتنێک لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکاو ڕووسیا، پشت بە سنووردارکردنی چەک دەبەستێت.(وەک فراوانکردنی ڕێککەوتننامە نوێیەکە)، ئەمەش یەکێک لەم دوو ئەنجامانەی لێدەکەوێتەوە: 
یان دەبێت ئەمەریکا پشگیری دیمۆکراسی وەلابنێت و بەڕەسمی دان بە مافی ڕووسیادا بنێت لەناوچەی جێ نفووسی سۆڤییەتی پێشوو، یان سەرۆکی ڕووسیا، تەشەنەسەندنی دیمۆکراسی، یاخود سەربەخۆیی تەواوەتی دراوسێکانی، بەهەڕەشە بۆ سەر ڕووسیا نەبینێت. هیچ کام لەمانە، پێناچێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرجەستە ببن.
هەڵبژاردنی جۆبایدن، بەسەرۆکی ئەمەریکاو هاوکارییەکانی بۆ دیمۆکراسی لەناوخۆو دەرەوەدا، لەبەرنامە هەرە گرنگەکەی سەرۆکایەتییەکەیەتی. ئاماژەکان بۆ ئەوەن ئەمەریکا واز لە بەهاونەریتەدیمۆکراسیەکانی ناهێنێت لەئەوروپا، بەلانی کەم تا چوارساڵی داهاتوو.هاوکات، تا پووتینیش لەدەسەڵات بێت، سیاسەتی مۆسکۆ بەردەوام دەبێت لەسەربنەمای ترس لە دیمۆکراسی و سەروەری  وڵاتانی دراوسێی.


سوکناییەک بەر لە زریان
بڕیاربەدەستانی ئەمەریکا،لەسەر ڕێبازی جەنگی سارد، وانەیەکیان لە ئەزموونی ئەمەریکای سەدەی بیست وەرگرتووە. وەک زۆرێکیتر، پەیوەندییەکانیان درووستکردەوە، لەدوای لێکترازانی ئەمەریکا لە ئەوروپا، لە پاش جەنگی یەکەمی جیهانیی و دوو(دە)یە دواتر.هەروەها بڕیاری ئەمەریکایان لەبەرچاو بوو بە مانەوەی لە ئەوروپا دژی دەستدرێژییەکانی یەکێتی سۆڤییەت، لەکۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی، کە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپای لە کۆمۆنیست پاراست.پاشان مانەوەی باڵادەستی  ئەمەریکا،بەسەر ئاسایشی ئەوروپادا بەهۆی (ناتۆ)وە پێویست بوو بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لەماوەی جەنگی سارد.
هەڵگیرسانی شەڕ لە یۆگسلافیا، ئەم ترسەی زیاترکرد، جەختی لەسەر ئەم بۆچوونە کردەوە، کە بەبێ ئەمەریکا، ناسیۆنالیزم پەرەدەسەنێت و ململانێ و ناکۆکی لەسەراپای هەرێمەکە دەتەقێتەوە. بەڵام ئەمەریکا بەردەوام جەختی لەسەرئەوە دەکردەوە، هەم پێشتر بۆ سۆڤییەت و ئێستاش بۆ ڕووسیا، کە ڕۆژئاوا هەلی کۆتاییهاتنی باڵادەستی ڕووسیا لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا ناقۆزێتەوە،بەمەبەستی جێ پێلێژکردنی ئاسایشی زلهێزی پێشوو(سۆڤییەت). کاتێک (بیل کلنتۆن)سەرۆکی ئەمەریکا، لەئەیلولی ۱۹۹٤،(بۆریس یێڵتسن)ی سەرۆکی ڕووسیای لە پلانی فراوانکردنی ناتۆ ئاگادارکردەوە، وتی، هەموو بەیانییەک بەو خەیاڵە خەبەردەکەمەوە کە وڵاتانی پەیمانی (وارشۆ) ببنە بەشێک لە ناتۆ. بەم شێوەیە نا کە من بۆی دەڕوانم، بەڵکو ئەوەی کەبیری لێدەکەمەوە، سەبارەت بەوەی کە چۆن فراوانبوونی ناتۆ بەکاربهێنین بە مەبەستی پێشکەوتنی تەواوەتی و ئامانجە باڵاکانی ئاسایشی ئەورووپی و یەکێتی و یەکگرتن، ئامانجێک دەزانم  تۆ بەشداردەبی.  ئەم قسانەش جیاوازی بیرکردنەوەی ئەمەریکاو ڕووسیا دەردەخات لە سەردەمی سەرۆکایەتی (یڵتسن).بۆ ئەمەریکا، ناتۆ داردەستێکی تەواو بوو بۆ ئاسایش و سەقامگیری وڵاتانی ئەوروپا،چونکە ئەمەریکای وەک بەرپرسیار هێشتەوە. سەرۆکی ئەمەریکا هەوڵی ئەوەی دەدا، ئەوە بسەلمێنێت، بەهۆی ڕووخانی پەیمانی (وارشۆ) نایەوێت زیان لە ڕووسیا بدات.بەڵام سەرکردایەتی ئەمەریکا، هەڵەتێگەیشتنی لەدیدی ڕووسیاوە درووستکردووە، (یێڵتسن)یش ڕازی بوو لەگەڵ ئامانجی (کلنتۆن) بەپاراستنی یەکێتی ئەوروپا، بەڵام لەوەدا هاوبۆچوون نەبوو لەگەڵ هاوشانەئەمەریکیەکەی، کە ناتۆ، باشترین ئامڕازە بۆ ئەم مەبەستە، تەنانەت کاربەدەستانی باڵای ئەمەریکاش هەمان بۆچوونیان هەبوو. پێدەچوو، ناتۆ لەسەردەمی سەرکردایەتی ئەمەریکادا،بە دەستپێشخەری هاوبەشی لاوەکی نێوانیان باشترین هەل با بۆ ڕووسیا. بەڵام بەرهەڵستی ڕووسیا بۆ ئەم چەشنە هەوڵە، سەرەنجام ئەوەی لێکەوتەوە کە لەڕێگەی هاوپەیمانەکانیەوە درووستی کرد. (یێڵتسن)گرەوی سیاسی خۆی لەسەر ئەوەبوو، وڵاتەکەی ڕووەو ڕۆژئاوا بەرێت، لەوەتای شەڕی سیاسی ناوخۆی لەگەڵ (میکایل گۆڕباچۆف)لە کۆتا مانگەکانی یەکێتی سۆڤییەت، یێڵتسن توانیبووی سەرکەوێت، بەهۆی ئەوەی زیاتر لایەنگری ڕۆژئاواو دیمۆکراسی و بازاڕی ئازاد بوو، بەبەراورد بە سەرۆکی سۆڤییەت.
بەڵام زۆر لەوە لاوازتر بوو بتوانێت بەرهەڵستی سیاسەتی ئەمەریکا بکات، لەبەر ئەوە بەپێی بەڕەکەی خۆی قاچی ڕادەکێشا. بۆیە نەک تەنیا هاوکاری دارایی لەئەمەریکاوهاوپەیمانەکانی و دامەزراوە نێودەوڵەتییە ئابوورییەکان وەردەگرت،بەڵکو هاوتای وڵاتانی تر مامەڵەی لەگەڵ دەکرا.بڕیاری دامەزراوەی ناتۆ-ڕووسیا،کەبووە هۆی دامەزراندنی هاوبەشییەک لەنێوان ڕۆژئاواو ڕووسیا، وەک بانگهێشتنامەی پەیوەندی کردنی کۆماری چیک،هەنگاریاو پۆڵەندە، بەهاوپەیمانانەوە. هەروەها بەشداری ڕووسیا لە گرووپی(۷)ی وڵاتانی پێشکەوتووی پیشەسازی دیمۆکراسی، بووە هۆی درووست بوونی گرووپی (٨).
واپێدەچێت، لەکۆتایی ساڵی (۱۹۹۰)کان، هەموو ئالەنگارییەکان لەپەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیاو ئەمەریکا(بەتایبەتی بۆمبارانکردنی ۷٨ ڕۆژەی ناتۆ بۆ سەر سربیا لەپێناو کۆسۆڤارەکان)، ئەمەریکاوئەوروپا توانیان لەجەنگی سارد سەرکەون و خراپترین جۆری ناسیۆنالیزم ڕابگرن. (سلۆوبۆدان میلۆسۆڤیک)ی سەرکردەی سڕبی، نەیتوانی هیچیتر لە دەستدرێژییەکانی بەردەوام بێت لە خۆرئاوای بەڵکان. پاشان کۆماری چیک، هەنگاریاو پۆڵەندە پەیوەندییان بە ناتۆوە کرد، و وڵاتانی تریش بەدوایاندا. یەکێتی ئەوروپاش بەردەوام بوو لە فراوانبوونی لە ئەوروپادا. ڕووسیاش مەیلی بەرەو ڕۆژئاوا هەبوو. لە نۆڤێمبەری ۱۹۹۹، کلنتۆن سەردانی زانکۆی (ئەلما مەیتە)ی جۆرج تاونی کرد، لە دەیەمین ساڵیادی ڕووخانی دیواری بەرلین. لەمیانی وتارەکەیدا، باسی لەدواین هەوڵەکانی کرد بۆ بنیادنانی ´´ئەوروپایەکی گشگیروئازاد`` بە پشت بەستن بە بیرۆکەی جۆرج دەبلیو بووش. هەروەها کلنتۆن ئەوەشی بیری ئامادەبوان هێنایەوە، کە دەستمانکردووە بەوەی(ئەوەی بۆ ئەوروپای ڕۆژئاوا کردمان لە پاش جەنگی دووەمی جیهانی، بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاشی دەکەین)، سەبارەت بە ڕووسیاش وتی: وەچەرخان دەستیپێکردووە و بەردەوامە، کارێکی ئەستەمە و هەندێ جار بەرەوپێشچوون زۆر کەمە، بەڵام هیوامان وایە بگەینە ئەنجام. هەروەها کلنتۆن ڕایگەیاند: ئێستا ئێمە لە ترۆپکی دەسەڵات و خۆشگوزەرانی خۆمانداین. ئەمەش واتا، ئەمەریکا دەتوانێت کاروباری جیهان، بەگوێرەی ویستی خۆی دابڕێژێت، دواتر، چەمکی (نەتەوەی پێویست)ی بۆ ئەمەریکا بەکارهێنا، کە سیمایەکی گرنگی سەردەمی سەرۆکایەتییەکەی بوو. ئەوەی جێی داخە، ئەوبۆچوونەی کە پێی وابوو، ئەمەریکا لەترۆپکی باڵادەستی و خۆشگوزەرانیدایە، تەنیا قسەبوو. هەندێ لەوڵاتان لەناویاندا، ڕووسیا، دەسەڵاتی زیاتر بوەوەو توانای ئەمەریکاش بۆ باڵادەستی بەسەر ئەو وڵاتانەدا، بەشێوەیەکی دراماتیکی شکستی هێنا.

گەڕانەوەی ڕووسیا
بە ئاوڕدانەوە لە ڕووداوەکانی ساڵانی(۱۹۹۰)، پوتین وەک غەدرێک دەیڕوانی بۆ ڕووسیا، لەو باوەڕەدا بوو، ڕۆژئاوا کار لەسەر ئەوە  دەکات،ڕووئیای خۆی بەسەر سیستەمی جیهانیدا بسەپێنێت. پوتین ڕایگەیاند: ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت،گەورەترین کارەساتی جیۆسیاسی ئەو سەردەمە بوو. بۆ خەڵکی ڕووسیا، تراژیدیایەکی ڕاستەقینەبوو، دەیان ملیۆن کەس لە هاونیشتمانانمان کەوتنە دەرەوەی سنووری ڕووسیا.پوتین بانگەشەی دووبارە درووستکردنەوەی یەکێتی سۆڤییەتی نەدەکرد، زیاتر بەدوای ئەوەوە بوو، ڕووسیا لە ڕۆژئاوا نزیک بکاتەوە، هەروەک دژه سۆڤییەتانی پێشووتر کردیان.ئەمەش واتای کەمکردنەوەی ڕۆڵی لاوەکی هاوبەشی ڕووسیاو ئەمەریکا.
پووتین بەدوای بنیادنانی هێزێکی گەورەی سەربەخۆ بوو، بۆئەوەی بتوانێ بەپێی ویست و ئارەزووی خۆی لەگەڵ ڕۆژئاوا هەڵبکات و باڵادەستیش بێت بەسەر دراوسێکانیدا. سەرەتای سەرۆکایەتی پووتین، پێویستی بە سیاسەتێکی دوژمنکارانە نەبوو، بەڵکو بەدوای ئەوەوە بوو ڕووسیا لەدەسێوەردانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا بەتایبەتی بپارێزێت.
لەدیدی ئەمریکاوە ,فراوانکردنی ناتۆ ,شەڕی کۆسۆڤۆ لەساڵی ١٩٩٩ ,کشانەوەی تاکلایەنەی ئەمەریکا لەپەیمانی دژە موشەکی بالیستی لەساڵی ٢٠٠٢,شەڕی عێراق لە ٢٠٠٣ و پشتگیری (شۆڕشی رەنگەکان) لە جۆرجیا ,قیڕغزستان و ئۆکرانیا سیاسەتێکی تاکلایەنەو باڵا دەستی بوو .کاربەدەستانی ئەمەریکا بەدوای لێدان لەبەرژەوەندیەکانی ڕووسیا نەبوون ,بەڵکو زیاتربەدوای بڵاوەپێکردنی دیمۆکراسی و حوکمی یاسابوون لەناوەڕاست و خۆرهەڵاتی ئەورووپا ,پاراستنی کۆسۆڤۆکان لەڕژێمی دڕندەی میلۆسڤیکی ,بنیات نانی توانای بەرگری ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی لەهەڕەشەی موشەکە بالیستیەکانی ئێران ,کۆتایپێهێنانی ئەگەری هەڕەشەی چەکی کۆمەڵکوژی سەدام حوسین و هاوکاریکردنی ڕیفۆرمخوازان لەبنیات نانی ووڵاتێکی دیموکراسی ,هەموو ئەمانە لەدیدگای ڕووسیاوە بەتەواوی جیاوازبوون
کاربەدەستانی مۆسکۆ بەجۆرێک لە ئەمەریکایان دەڕوانی،نەک تەنیا هاوپەیمانەکانی سەردەمی (جەنگی سارد) دەپارێزێت، بەڵکو فراوانتریشی دەکات، وەک لەوناوچانەی پێشتر لەلایەن سۆڤییەتەوە کۆنتڕۆڵکرابوون لەوانە، ئەستۆنیا، لاتیڤیاو لیتوانیا.
کاتێک ناتۆ لەساڵی ۱۹۹۹ شەڕی دژی سڕبیا ڕاگەیاند، بەبێ لەبەرچاوگرتنی دژایەتی ڕووسیاو گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە ڕووسیا ئەندامی هەمیشەییەو مافی ڤیتۆی هەیە. چوارساڵ دواتر، ناتۆ جەنگی دژی عێراق ڕاگەیاند، دووبارە بەبێ مۆڵەتی ئەنجومەنی ئاسایش، ڕووسیا پشتگوێ خرا، هەروەها فەڕەنساوئەڵمانیاش دژی بوون. زۆرێک لە کاربەدەستانی مۆسکۆ، پێییان وابوو، جێهێشتنی پەیمانی دژەمووشەکی بالیستی لەلایەن ئەمەریکاوە، بۆدرووستکردنی بەربەست بووە لەبەردەم نەوەوی ئێران.(بەتایبەت پاش ئەوەی ئیدارەی جۆرج بووش ڕایگەیاند،پلانی هەیە سیستەمی بەرگری مووشەکی و ڕادار لە پۆڵەندەو کۆماری چیک جێگیربکات).
هەروەها بەلای (پووتین)ەوە، شۆڕشی ڕەنگەکان،بەڵگەی گەشەسەندنی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەو وڵاتانە نەبوون، بەڵکو، ئەمەریکا بۆ گۆڕینی ڕژێمەکانی ئەوروپا بەکاریدەهێنا، لەناویاندا ڕووسیا. ئەم سیاسەتە ئاڵۆزەی ئەمەریکا، ئەوەی لای ڕووسەکان درووستکردبوو، کە ئەمەریکا دەیەوێت خواست وپرەنسیپەکانی خۆی بسەپێنێت و زیان لەبەرژەوەندییەکانی ڕووسیا بدات.

لەساڵی ۲۰۰۷، پووتین، وتارێکی لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئاسایشی میوشن پێشکەش کرد و تیایدا دژایەتی کارەکانی ئەمەریکای کردو بەتاکڕەوی تاوانباری کرد، ناوەندی تاک دەسەڵاتی، تاکهێزی، وناوەندی بڕیاردانی تاکلایەنە، جیهانێک یەک گەورەوزلهێزی هەبێت. هەروەها وتی، پڕۆسەی فراوانکردنی ناتۆ، پەیوەندی بە مۆدێرنکردنی هاوپەیمانانەوەنیە، و ڕایکەیاند، مافی خۆمانە بپرسین، ئەو فراوانخوازییە دژی کێیە؟وەک هەمیشە سەبارەت بە ئۆکرانیا، پوتین لە ۲۰۰٨ هۆشداریدایە جۆرج بووش.
(یێڵتسن)، دەساڵ لەمەوبەر کلنتۆنی ئاگادارکردەوە، کەنزیک بوونەوەو ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ، بەهیچ کلۆجێک قبوڵ ناکات.هەنگاوەکانی ناتۆ، لەهەوڵی بەئەندامبوونی ئۆکرانیاوجۆرجیا، وەک ئالەنگاری و دژایەتی ڕووسیا دەبینرا.دژایەتی ئەڵمانیاوفەڕەنسا، پرسی ئەندامێتی ئۆکرانیاوجورجیای لەسەر مێز لابرد، بەڵام یەکدەنگی زۆربەی وڵاتانی هاوپەیمان، وایکرد، ناتۆ ڕایبگەیەنێت، ئۆکرانیاوجۆرجێا لەداهاتوودا دەبنە ئەندام.
بە ڕاگەیاندنی شەڕ دژی جۆرجیا لە ۲۰۰٨و داگیرکردنی ئۆکرانیا لە ۲۰۱٤، پووتین، ئاگادارکردنەوەکانی کردنە کردارو ڕایگەیاند، لێبوردەنابێت بەرامبەر تێپەڕاندنی هێڵەسوورەکانی ڕووسیاوهەڕەشەلە بەرژەوەندییەکانیان بکرێت. ململانێ لەسەر ئۆکرانیاوجۆرجیا،لەسەردەمی جۆرج بووش و پووتین ڕەنگدانەوەی لەسەر بەرژەوەندییەکانی ڕووسیاوئەمەریکا هەبوو.
لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ (یێڵتسن) لەساڵی ۱۹۹٤، کلنتۆن ڕایگەیاند، ئەمەریکا پێیوایە تەشەنەسەندنی دامەزراوە ڕۆژئاواییەکان، سەقامگیری و ئاسایشی زێاتر دەدات بە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، هاوکات ڕووسیا بەرهەڵستی هەرچەشنە پەرەسەندنێکی ڕۆژئاوایی دەکات. ڕۆژئاوا باوەڕی وابوو، وڵاتان مافی خۆیانە داهاتویان دیاری بکەن، لەبەرامبەردا مۆسکۆ پێیوایە، ئەمە لێدانە لەبەرژەوەندییەکانی ڕووسیا و تەنانەت ڕژێمەکەشی.
ئەم ململانێیە بەهێنانەکایەی سیاسەتی (ڕێکخستنەوە) لەلایەن باراک ئۆباماو دیمیتری مێدڤیدی سەرۆکی ڕووسیا، دۆخەکە هێوربووەوە. کورتەی ئەم سیاسەتەش ئەوەبوو، هەردوولا دان بە بەرژەوەندی یەکتردا دەنێن. ئۆباما ڕایگەیاند، هانی ئۆکرانیاوجۆرجیا نادات لە ئەندامبوون لە ناتۆ، هەروەها وازلەپلانی سیستەمی مووشەکی دەهێنێت کەلەسەردەمی (بووش)بڕیاری دابوو، لەبەرامبەر زیادکردنی سیستمی بەرگری دژی ئێران، هاوکات ڕووسیا ڕازی بوو بە گەمارۆی ئابووری سەر ئێڕان. لەوەش گرنگتر، ڕووسیا ڕازیبوو، کەئەمەریکا ڕێڕەوێک بۆیارمەتی دانی ئەفغانستان لەناوچەی ئاسمانی ژێرکۆنترۆڵی ڕووسیا درووست بکات،ئەمەش مانای وایە پێویستی زۆر بە پاکستان نەماوە. هەروەها هەردوو وڵات ڕازی بوون بە ڕێککەوتنێکی نوێی سنوردارکردنی چەک.هەموو ئەم هەوڵانە شکستیان هێنا،کاتێک ناتۆ، سەڕەڕای ڤیتۆی ڕووسیا لەساڵی ۲۰۱۱ هێرشی کردە سەر لیبیا بۆپاراستنی خەڵکی بنغازی، پووتین نیکەران بوو لە هێرشەکتوپڕەکەی سەر قەزافی.
ساڵێک دواتر، ناڕەزایی دەستی پێکرد، بەهۆی هەڵبژاردنەکانی ڕووسیاوە، پووتینیش، (هیلالی کلنتۆن)ی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای تۆمەتبارکرد بە هاندانی نەیارەکانی.  لە ساڵی ۲۰۱۳،بڵاوبوونەوەی دۆکیومێنتەکانی(ئیدوارد سنۆودن ) تایبەت بە ئاژانسی نیشتمانی ئەمەریکا، دوای وەرگرتنی مافی پگەنابەرێتی لەڕووسیا، بووە بابەتی ڕۆژ.
بەداگیرکردنی (قرم)و ساڵی دواتریش هێرش بۆ ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، دووبارە پەیوەندییەکان بەتەواوی شکستیان هێنایەوە.
داگیرکردنی وڵاتێکی بچووک لەلایەن گەورە زلهێزێکەوە،بەتایبەت لەئەوروپا، ئەوروپییەکانی شۆک کرد، کە لەوباوەڕەدابوون، سەردەمی داگیرکاری وفراوانخوازی کۆتایی هاتووە.لەبەرامبەردا، ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی سزای ئابووریان بەسەردا سەپاند، بەمەش دۆخەکە زۆرمەترسیدار نەبوو.

سەرەنجام بەرەو شکست
هەرجۆرە هەوڵێک لەلایەن(ترەمپ )ەوە بۆباشکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕووسیا، لەسەرەتاوە شکستی هێنا. بەهۆی دەستێوەردانەکانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەسەرۆکایەتییەکەی ۲۰۱٦، ترەمپ بۆی نالوێت، بە هەندێ لەداواکارییەکانی ڕووسیا ڕازی بێت. هاوکات، کۆنگرێسیش نەک هەر ڕازی نیە سزاکانی سەر ڕووسیا لابەرێت، بەڵکو سەپاندنی سزای زیاتریش دەکات. کاربەدەستانی ئەمەریکا، داوای بەردەوامی سیاسەتی دڵنیایی  دراوسێکانی ڕۆژهەڵاتی ناتۆ و بەهێزکردنی دەکەن، بەتایبەت پاش داگیرکردای ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە. لەوانە بەهێزکردنی ئاسمانی و دەریایی لە بەڵتیک و دەریای ڕەش و ئەنجمدانی مانۆڕی سەربازی. پووتین لە دەستێوەردانەکانی ناوخۆی ئەمەریکا، بەهۆی زیاتر جەمسەرگیربوونی سیاسەتی ئەمەریکاوە، دەستکەوتێکی کەمی هەبوو.سەڕەڕای ئەمەش،ستراتیژی بەرگری نەتەوەیی و ئاسایشی نیشتمانی سەردەمی ئیدارەی ترەمپ، ئەوەی لاڕوون بوو، کە ڕووسیاو چین، ´´ڕکابەری سەرەکییانە``.  هەروەها بەهاندانی جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمەریکا، ترەمپ لەڕێککەوتننامەی هێزە ناوەکییەکان کشایەوە، هەروەها فراوانکردنی ڕێککەوتنەنوێیەکەشی ڕەتکردەوە.
بەڵام جۆبایدن، هەرزوو، بڕیاری درێژکردنەوەی بۆ پێنج ساڵی تر دا. بەرژەوەندی دوو وڵاتی گەورەی ئەتۆمی وادەخوازێت، هەماهەنگی زیاتر لەنێوانیانداهەبێت.
سنووردارکردنی چەک، بەردی بناغەی پەیوەندییەکانی نێوانیان بوو،لەدوای قەیرانی مووشەکەکانی کوبا لەساڵی ۱۹٦۲،و فۆکەس لەسەر سنووردارکردنی تاقیکردنەوەی ناوەکی و دواتریش مووشەکەکانیان بوو.

داهاتوویەکی ناڕوون 
 لەساڵی ١٩٩٣ کلنتۆن،(یڵتسن)ی بەباشترین هیوا بۆ پەیوەندیەکانی ئەمەریکاو ڕووسیا وەسفکرد .هەشت ساڵ دواتر، جۆرج بووش پێی وابوو ,پووتین چاوی لەسەرۆکایەتی ڕووسیا بڕیوە ,کە ئۆباما لە ساڵی ٢٠٠٩ هاتە سەر دەسەڵات، پەیوەندی نێوان هەردوو ووڵاتی ڕێک خستەوە .هەشت ساڵ دواتر، تڕەمپ لەنێو گومانی دەستتێوەردانی ڕووسیا سەرۆکایەتی بردەوە .بەهەر حاڵ هیواکان بۆ پەیوەندی هەردوو وڵات بەئاقارێکی باشدا ناڕۆن .لەساڵی ١٩٩٩ کە ناتۆ بۆمبارانی سربیای کرد ,بوەهۆی دروست بوونی خراپترین ململانێ لەنیوان کلنتۆن و یەڵتسن .لە ٢٠٠٨ شەڕی ڕووسیاو جۆرجیا هێندەی تر ئەو پەیوەندیەی تێک دایەوە کەلەدوای ٢٠٠٣و هێرشی ئەمەریکا بۆسەر عێراق دروستیان کردبووەوە .لەخولی دووەمی سەرۆکایەتی ئۆباما ,پوتین فەرمانی کرد بەهێرشکردنە سەر ئۆکرانیاو (قرم)ی لکاند بەڕووسیاوە ئەمەش بوە هۆی سەپاندنی سزای ڕۆژئاوا بەسەر ڕووسیاداو زیادکردنی بوونی سەربازی لەڕۆژهەڵاتی ئەورووپا .هەروەها سەرەڕای بوونی پەیوەندی ترەمپ و پوتینیش ,بەڵام بەردەوام پەیوەندی هەردوو ووڵات خراپتر دەبوو. کە جۆبایدن هاتەسەردەسەڵات، بۆچوونێک سەبارەت بەپەیوەندی نێوان هەردوو وڵات کۆتایی هات، ئەویش، هیوا هەڵچنێن لەو سەرۆکەی کە لەدوای دێت.
دەستێوەردانی هەڵبژاردنەکانی ڕووسیا، ململانێی ئۆکرانیا،ژەهراوی کردن و دەستگیرکردنی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا(ئەلێکسی ناڤالنی)، هەموو ئەوانە، هەندێ لەو کێشانەن، کە هیوایەک بۆ باشکردنی پەیوەندی نێوانیان بەدی ناکرێ. بەڵام لەوکاتەوەی پووتین بۆتە سەرۆکی ڕووسیا، کەزیاتر لە بیست ساڵە، کێشەی گەورە بریتی بووە لە بەیەکدادانی بەرزخوازیەکانی هەردوو وڵات لەجیهان و ئەوروپا بەتایبەتی.
پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات دەکەوێتەوەسەر ساڵانی سەرۆکایەتی جۆبایدن، و باشترکردنی پەیوەندی نێوان وڵاتێکیان لەگەڵ وڵاتانی تر، نابێ وا سەیربکرێت لەسەر حیسابی وڵاتەکەی ترە. لەئێستادا، تێڕوانینی ئەمەریکا زۆر جیاوازترە، ڕێککەوتنی سنووردارکردنی چەک و ئەجێندای دوولایەنەی نێوان ڕووسیاو ئەمەریکا، پێدەچێت لەداهاتوویەکی نزیکدا نەبینرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×