باڵیۆزی پێشوی ئێران لەعێراق: هێرشە موشەكییەكان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لەهەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن
  2021-04-19       960       

حەسەن دانایی فەڕ، باڵیۆزی پێشوی ئێران لە عێراق رایگەیاند، هێرشە موشەكییەكان بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی ئەو هێرشانەدان كە لە سەرتاسەری عێراق دەكرێنە سەر ئەو هێزانەو ئەو هێرشانەش بەردەوام دەبن تا ئەو كاتەی ئەو هێزانە لە عێراق دەچنە دەرەوە.

ئاوێنە: حەسەن دانایی فەڕ، ئەمڕۆ دوشەممە، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی رایگەیاند، هێرشە موشەكییەكان بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی ئەو هێرشە هاوشێوانەدان كە لە سەرتاسەری عێراق دەكرێنە سەر ئەو هێزانە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "بەپێی بڕیاری پەرلەمانی عێراق دەبو هێزەكانی ئەمریكا خاكی ئەو وڵاتە جێبهێڵن، لەكاتێكدا جاروبار ئەمریكییەكان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا گفتوگۆ دەكەن و چەند بەڵێنێك دەدەن بەڵام هیچ هەنگاوێك نانێن."

وتوشیەتی"ئەمریكییەكان بانگەشەی ئەوە دەكەن لەمانگی سێپتەمبەر لە ئەفغانستان دەچنە دەرەوە. ئەمریكا هیچ چارەیەكی دیكەی نییە جگەلەوەی كە دەبێت هێزەكانی لە عێراقیش بباتە دەرەوە."

هەروەها وتوشیەتی"ئەگەر ئەمریكییەكان هێزەكانیان زیاتر لە هەرێمی كوردستان و باكوری عێراق جێگیربكەن، لەوێش هەروەك ناوچەكانی دیكەی عێراق روبەڕوی هێرش دەبنەوە چونكە گەنجانی عێراق قبوڵناكەن هێزەكانی بێگانە لە وڵاتەكەیان بونیان هەبێت، بۆیە هێرش بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا بەردەوام دەبێت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×