2021-04-20   591     
دەستەی دەسپاکی عێراق رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا فەرمانی دەستگیرکردن و بانگهێشتکردن بۆ ٥٨ بەرپرسی ئێستا و پێشوو بەتۆمەتی گەندەڵی دەرکراوە.
ئاوێنه: دەستەی دەسپاکی کە دەستەیەکی سەربەخۆیە و سەربە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە دادگا لە مانگی ئاداری رابردوودا، هەشت فەرمانی دەستگیرکردن و ٥٠ فەرمانی بانگهێشتکردنی بۆ بەرپرسانی ئێستا و پێشوو دەرکردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەو فەرمانانە بۆ ئەندامێکی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەندامێکی خولی پێشوو، هەروەها وەزیرێک و بریکارێکی پێشووی وەزارەت دەرکراوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەو فەرمانی دەستیگردن و بانگهێشتکردنانە پارێزگارێکی پێشوو و پارێزگارێکی ئێستا، هەروەها ٢٥ بەڕێوەبەری گشتیی لە دامەزراوەکانی حکوومەت کە ژمارەیەکیان لە ئەرکدان و ژمارەیەکی دیکەیان پێشتر لە ئەرکدابوون، لەگەڵ دوو قایمقام لەخۆ دەگرێت.
ئاماژە بەوەشدراوە کە لەنێو فەرمانی دەستگیرکردن و بانگهێشتکردنەکاندا ناوی ٢٢ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەیە.
دەستەی دەسپاکی ناوی ئەو کەسانەی کە فەرمانی دەستگیردن و بانگهێشتکردنیان بۆ دەرکراوە لەگەڵ ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوە، ئاشکرا نەکردووە.