ڤیدیۆ.. لەهەولێر دو منداڵ بە ئۆتۆمبێل خۆیان دەكەن بەنێو ریزێك دوكاندا
  2021-04-21       1357       

هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، لە گەڕەکی 5ی حەسارۆک ئۆتۆمبێلێک کە بەدەست دو منداڵەوە بوە بەهۆی تیژڕۆییەوە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و خۆی كێشاوە بە ریزێک دوکان و کەپری بەردەم دوکانەکانداو روخاندونی.

ئاوێنە: فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە "کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڕەکی 5ی حەسارۆکی هەولێر ئوتومبێلێکی جۆری شوفرلێت مالیبو کە بەدەست دو منداڵەوە بو کە قوتابین لەقوتابخانەیەکی ئەهلی نزیک لەشوێنەکە، بەهۆی تیژڕۆیی کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و خۆی کێشا بە ریزێک دوکان و کەپری بەردەم هەمو دوکانەکانی روخاند، لەدواییشدا چەند باخچەیەکی بەردەم ماڵانی تێکدا، ئینجا وەرگەڕا."

ئەوەشی خستۆتەڕو، لەئەنجامی ڕوداوەکەش هەردو منداڵەکە کە ئوتومبێلەکەیان بەدەستەوە بو زامدار بون جگە لەزیانی مادی زۆر و ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر کە کەوتە دڵی دانیشتوانی کۆڵانەکە.

بەپێی قسەی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر "لەکاتی سەیرکردنەوەی ڤیدیۆی کامێراکانی چاودێری دەرکەوت کەوا خێرایی ئوتومبێلەکە لەنێوان 120کم بۆ 150کم بوە، کە ئەو خێراییە نەک بۆ کۆلانێکی 20 مەتری، بەڵکو بۆ شەقامی خێرای 120 مەتریش زۆرە، بۆیە ئێمە هاوارو هانا دەبەینە بەر دایکان و باوکان، تکایە بونی پارەو خۆشەویستی منالەکانتان توشی غرورتان نەکات و بەدەستی خۆتان ماڵی خۆتان و خەڵکی کاول مەکەن."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "ئەوە لەماوەی کەمتر لە 12 کاتژمێر دو ڕوداوی مەترسیدار و خوێناوی بکەونەوە لەشاری هەولێرکە هەردوکیان منداڵ بون ئەو کەسانەی کە ئوتومبێلەکانیان لێخوڕیوە و نەک مۆڵەتی شوفێری هێشتا تەمەنەکانیان بۆ پایسکلیش بەتەواوی دروست نەبوە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×