شەوی ڕابردوو ئاگر لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە بەغداد كەوتەوە
  2021-04-25       477       
ڕوداوی ئاگركەوتنەوە لە نەخۆشخانەكەی تایبەت بە كۆرۆنا لە بەغداد كاردانەوەی لێكەوتەوە، سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق وێڕای دەربڕینی نیگەرانی، جەخت لەسەر لێپرسینەوە لە كەسانی كەمتەرخەم دەكەنەوە.

ئاوێنە: شەوی ڕابردوو ئاگر لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە بەغداد كەوتەوە، كە تایبەتە بە توشبووانی كۆرۆنا، بەهۆیەوە ژمارەیەك نەخۆش و یاوەرەكانیان گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەكی تریش برینداربوون.

دوابەدوای ڕووداوەكە بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق هاوخەمی بۆ كەسوكاری قوربانیان نیشاندا و لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، پشتیوانیی بڕیارەكانی حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەران دەكات بۆ پێویستیی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی خێرا دەربارەی هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی خێرا و لێپێچینەوە لە كەسانی كەمتەرخەم.

هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیی هەرێمی بۆ هاوکاریی بریندارانی ڕووداوەکە دەربڕی و وتی، “هه‌رێمى كوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك ئاماده‌ى هه‌موو هاوكارييه‌كى پێويسته‌ و نه‌خۆشخانه‌كانى به‌ ته‌واوى ئاماده‌ن بۆ پێشوازيكردن له‌ بريندارانى ڕووداوه‌كه‌ و پێشكه‌شكردنى هه‌موو چاودێرييه‌كى پزيشكيى پێويست”.

سەرۆکی هەرێم داواشیكرد لێپێچینەوە لە کەمتەرخەمەکان بكرێت و “له‌ هه‌موو شوێنێك ئه‌وپه‌ڕى ڕێكاره‌كانى سه‌لامه‌تى بگيرێنه‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى ديكه‌ ڕووداوى وا دڵته‌زێن له‌ هيچ شوێنێكى وڵات دووباره‌ نەبێتەوە”‌.

لای خۆیەوە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران داوای لە لیژنەی تەندروستی و ژینگە كرد كۆبوونەوەیەكی بەپەلە دەربارەی ڕووداوەكە ئەنجامبدات، تا ڕۆڵی چاودێریی بگێڕێت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە حكومییەكان، بەمەبەستی زانینی هۆكاری ئاگرەكە و لێپێچینەوە لە كەس و لایەنە كەمتەرخەمەكان و ڕادەستكردنیان بە دادگا.

هەروەك مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی لەگەڵ ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی ئەمنی لە بارەگای فەرماندەیی پڕۆسەكانی بەغداد ئەنجامدا.

لە وتەیەكیشدا ڕوداوەكەی بە “لێدان لە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق” ناوبرد و وتی، “ڕوداوێكی لەو جۆرە بەڵگەیە لەسەر بوونی كەمتەرخەمی، بۆیە بڕیارمدا بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی خێرا”.

سەرۆكوەزیران ڕاشیگەیاندووە، “كەمتەرخەمی لەم كاروبارانەدا تەنها هەڵەیەك نییە، بەڵكو تاوانێكە و پێویستە سەرجەم كەمتەرخەمەكان بەرپرسیارێتییەكەی لەئەستۆبگرن”.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×