103 شەڕڤان لەلایەن چەتەكانی ئەردۆگانەوە تەسلیمی توركیا دەكرێنەوە
  2021-05-02       1838       
هاوسەرۆكی لقی رووها-ی كۆمەڵەی مافەكانی مرۆڤ لە توركیا رایگەیاند، 103 شەڕڤان و هاونیشتمانیی رۆژئاڤای کوردستان، كە لەلایەن هێزەكانی سوپای سووریای ئازاد رادەستی توركیا كراون، بە بەندکردنی هەتاهەتایی سزادراون.

ئاوێنە: مستەفا وەفا، هاوسەرۆكی لقی رووها-ی كۆمەڵەی مافەكانی مرۆڤ لە توركیا ئاشكرایكرد، هێزەكانی سەر بە سوپای سووریای ئازاد لە ناوچەكانی سەرێ كانی و گرێسپی و چەند ناوچەیەكی دیكەی رۆژئاڤای كوردستان 103 شەڕڤان و خەڵكی ناوچەكەی بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە" دەستگیركردوون و رادەستی توركیای كردوون. لە توركیاش بە ماددەی 302ی یاسای سزاكانی توركیا بەتۆمەتی "پیلانگێڕان و هەڕەشەكردن لە سەروەریی و یەكپارچەیی خاكی وڵات" بە بەندکردنی هەتاهەتایی سزادراون.

سەرجەم بەندکراوەکانی لە هەردوو گرتووخانەی سزا قورسەكانی رووها بەندكراون.

مستەفا وەفا، ئاماژە بەدۆخی ئەو 103 زیندانیكراوە دەكات و دەڵێت: "لە كاتی رادەستكردنیان بە دەسەڵاتدارانی توركیا، ئازار و ئەشكەنجەی زۆر درابوون و لە دۆخێكی تەندروستیی خراپدابوون. هەروەها بەشێكیان بەبێ ئەوەی پارێزەریان هەبێت، دادگایی كرابوون. تەنانەت كەسوكاری هەندێکیان لە ترسی هەڕەشەكانی هێزەكانی سەر بە سوپای سووریای ئازاد، تاوەكو ئێستا سەردانی بەندکراوەکانیان نەكردووە".

مستەفا وەفا ئاشکرای کرد سێ لە زیندانیكراوەكان سریانین و بە شەڕڤانی یەپەگە و چەكهەڵگرتن لەدژی دەوڵەتی توركیا بەهەمان تۆمەتەوە خراونەتە زیندانەوە. ئەمە لە كاتێكدا هەر سێكیان نە شەڕڤان بوونە و نە لە ناوچەی شەڕ دەستگیركراون. بەڵکو لە كاتی هەڵمەتێكی پشكنیندا، لە گوندێكی سریانییەكان دەستگیركراون و بەبێ لێكۆڵینەوە رادەستی سوپای توركیا كراون.
ناوبراو ئاشكراشی كردوە كە بۆ هەر شەڕڤانێك كە لەلایەن هێزەكانی سوپای سوریای ئازاد كە تەسلیم بەتوركیا دەكرێنەوە بڕی 3 هەزار دۆلاریان لەلایەن توركیاوە پێدەدرێـت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×