ئەو هەموو تاوانکاریە، هێشتا بەس نییە!
  2021-05-04       573       
دوای 11 ساڵ لە تیرۆری سەردەشت عوسمان، هێشتا بکوژانی سەردەشت لە لوتکەی دەسەڵات و تیرۆرستان بەئازادی و بەئاشکرا دەسورێنەوە  و بەردەوامن لە ستەم و تاوانکاری. ١١ ساڵ  پێداگری و سوربوونی سەرکردایەتی پارتی لەسەر ئەم تاوانە دڕندانەیە و پەنادانی تیرۆرستان و بکوژان. بەڵگەی حاشاهەڵنەگری دوژمنایەتی کوێرانەی ئەم حزب و دەسەڵاتەیە لەگەل سادەترین ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستاندا.
ئەوە سێ دەهەیە کۆمەڵگەو خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان یەخسیری دەسەڵاتی بەزۆر داسەپاوی دوو بنەماڵە و دەست و پێوەندەکانیانن. دوو بنەماڵە بۆ بەردەوامیدان بە ژیانی فیرعەونی و دەسەڵاتی ملهورانەی خۆیان لە هیچ تاوان و سەرکوت و ستەمکاریەک دەست ناپارێزن. سەردەشت و سەدانی وەکو سەردەشت، قوربانی بە گژاچونەوەی جەسورانەی ملهوریەکانی ئەم دەسەڵاتەن. لە ڕاستیدا ئەمرۆ شتێک نیە بەناوی دەسەڵاتی مەدەنی و سیاسی، هەموو خەڵکی کوردستان ئەو راستیە دەزانن ئەوەی لەم مەملەکەتەدا ناوی نراوە حکومەت و حوکمڕانی، تەنها چەند حزبێکی میلیشیایین بەزەبری چەک کۆنترۆڵی دەسەڵاتیان کردووە. ئەو حزبانەش لەلایەن چەند بنەماڵەیەک کۆنترٶڵکراون. لە کۆتایدا ئەم کۆمەڵگایە یەخسیری دوو بنەماڵەی گەندەڵ و تاوانکارن، کۆمەڵێك دز و چەتە و مافیایان بە ناوی سیاسەتمەدار کۆکردۆتەوە و دەسەڵاتی خۆیانیان پێ دەچەرخێنن.
ئەم دەسەڵاتە کوردیە مافیاگەرە 30 ساڵە دەستیگرتووە بەسەر داهات و سامانی کوردستاندا و بۆ ژیانی شاهانەی مشتێک مشەخۆر، تەخشان و پەخشانی دەکات، جەماوەری ملیۆنی خەڵکیشی نوقمی کارەسات کردوە. 30 ساڵە دەستیگرتووە بەسەر ژیان و چارەنووسی خەڵکی کوردستاندا و موقەدەراتی ئەم خەڵکەی کردوە بە بارمتەی مەرامە نەگریسەکانی.
ئەگەر بۆ تەنها یەک ڕۆژ دادگایەکی سەربەخۆ، بەپێی ستانداردە جیهانیەکانی ئەمرۆ، لە کوردستان بوونی هەبێت. ئەوا ئەم دەسەڵاتە کوردیە. بە هەموو بەرپرسە باڵاکانیەوە، وەکو قاتل و دز و جەردە و فریوکار و تیرۆریست و گەندەڵ و بەکرێگیراو، راپێچی زیندان دەکرێن.
تاوانەکانی شەڕی نێوخۆ، کوشتاری بەئەنقەستی خۆپیشاندەران، تیرۆری بەکۆمەڵی ڕکابەر و نەیارانی سیاسی، تیرۆر و کوشتنی ڕۆژنامەنوسان بە رۆژی رۆشن لەبەرچاوی هەموو. گەندەڵی و دزی و بەتاڵانبردن و دەستبەسەرداگرتنی ژیان و  سەروەت سامانی کۆمەڵگە کە هەموو بەڵگە و دۆکیومینتەکانی لەبەردەست هەموو دایە. پێشلەشکری و سیخوریکردن بۆ حکومەتە کۆنەپەرست و سەرکوتگەرەکانی ناوچەکە و  ڕادەستکردنەوەی ئۆپۆزسیۆنی ئەو حکومەتانە. ئەشکەنجەی فاشیانەی زیندانیان. دروستکردنی تۆمەتی هەڵبەستراو و بەڕێوەبردنی  سیناریۆی قێزەوەن لەدادگاکاندا.... هیتر و سەدانیتر...
ئەو دەسەڵاتە وسەرانی لەبەرامبەر خەڵک و کۆمەڵگای کوردستان دونیایەک تاوانکاری ئەنجامداوە، تەنها بە زەبری چەک و تیرۆر و داپڵۆسین و خنکاندنی دەنگەناڕازیەکان خۆی بەپێوە راگرتووە. دوایین بەڵگەی سەرکوتگەری ئەم دەسەڵاتە ئەو دۆسیە ریسوایەیە کە بۆ هەڵسوراوان و ڕۆژنامەنووسانی بادینانی هۆنیەوە...
دۆسیەی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینان، لە فۆرمدا شانۆگەریەکی یاسایی بوو  بۆ سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنوس و هەڵسوڕاوانی سیاسی و جەماوەری. بەکردەوە بەیانی ڕاگەیاندنی سەرکوتگەری سیاسی بوو بۆ دەسەڵاتێکی پۆلیسی و دیکتاتۆر. دەسەڵاتی کوردی بە ئاشکرا و ڕەوان بە هەمووانی ڕاگەیاند، کە نەیاری سیاسی ئەو دەسەڵاتە سزای لەسەرە و سزای زیندانی و تیرۆرە. ئەوان لەسەر ئەوە دادگایی و زیندانی نەکراون کە کردویانە، لەسەر ئەوە زیندانی کراون کە هەن...
کۆمەڵگەی کوردستان پێویستی بە ئازادی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی و کەرامەتی ئینسانیە. خەڵکی کوردستان شایەنی دەسەڵاتێکی جنێو فرۆش و سەرکوتگەر نییە، لە جیاتی ئەوەی وەڵام بە خراپی باروگوزەرانی خەڵک بدەنەوە لە ڕێگای کۆمەڵێک پەیجی سۆسیال مێدیا جنێۆ بە هاوڵاتیان دەدەن و سوکایەتی بەهەموو دەنگێکی ئازاد و عەدالەتخواز دەکەن. لەجیاتی موچە و ماف، تۆمەت دابەش دەکەن. لە جیاتی خزمەتگوزاری و پرۆژە، ئاژاوە و پشێوی دروست دەکەن. بەپارەی دزراوی خەڵک، دەیان کەناڵی تەلەفزیۆنی دروست دەکەن بۆ گاڵتەکردن بە بەها مۆدێرنەکان و مافەکانی  تاک و خەڵکی کوردستان. ئەو کارانە بەتەواوی تێکدەرانەیە بۆ سەر هەموو بەهایەکی ژیانی ئینسانی لە کوردستاندا. ئەم دەسەڵاتە شایانی خەڵکی کوردستان و حورمەت و شکۆی مرۆڤ نیە!
ساڵانە بودجەیەکی خەیاڵی چەندین ملیۆن دۆلاری سه‌رفده‌كرێت بۆ دەزگا ئەمنیەکان، بەناوی ئه‌وه‌ى هاوڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان بپارێزن، به‌ڵام ئەو چەندین ملیۆن دۆلارە  سه‌رفده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى هێرش بكه‌نه ‌سه‌ر خەڵک و كه‌سانى ئازاو بوێر، هێرش بكه‌نه ‌سه‌ر ئازادیخوازان، رۆژنامەوان و هەڵسوراوانی مەدەنی كه‌ داواى مافى خه‌ڵكى کوردستان دەکەن‌.
سەردەشت گیانی خۆی نایە پێناو وەستانەوە بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە قاتل و تیرۆریست و سەرکوتگەر و دز و کۆنەپەرستە و پەردەهەڵماڵین لەسەر روخساری راستەقینەی. بەڵام ئەو رێچکەیەی سەردەشتەکان نیشانی کۆمەڵگەیان داوە، بە تیرۆر و کوشتار و سەرکوت و سیناریۆسازی داناخرێت. واقعی تاڵ و کارەساتباری ئەم کۆمەڵگەیە، بنەمای ئەوەیە کە تیرۆری هەر سەردەشتێک چەندین سەردەشتی تر دەهینیتە سەر شانۆی سیاسی و ڕێگایان هەموار و هەموارتر دەکات. بێگومان تێپەرینی کات ناتوانێ سەردەشت و دۆسیەکەی بکات بە ڕابردوو...ئێمە و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لە تاوانی تیرۆری سەردەشت و دەنگە ئازادەکان خۆش نابین.  لەگەل تێپەرینی کات لە پەنادان و پاراستنی تاوانکاران و بکوژاندا.  رق و توڕەییمان لەم تاوانکاری و ستەمگەریە زیاتر دەبیت و لەسەر دادگایی و سزای عادلانەی تیرۆری سەردەشت و  هەموو تاوانکارە دەست خوێناویەکان هەموو کاتێک پێداگر و پێداگرتر دەبین.
هەمیشە و دایم پێداگرین کە دۆسیه‌ی تیرۆری رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمان و دۆسیەی تیرۆر و سەرکوتی دەنگە ئازادەکان، لای ئێمه‌ و ئازادیخوازانی كوردستان  به‌ كراوه‌یی ماوەتەوە، تا ئه‌و كاته‌ی تاوانباران ‌ لە دادگایه‌كی عادلانه‌ و بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆدا سزای خۆیان وەردەگرن، هەر بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
بە دڵنیایی دۆسیەی سەردەشت عوسمان یەکێک لەو دۆسیانەیە کە سەرانی دەسەڵاتداری کوردی لەسەری دادگایی دەکرێ. ئەوانەی لە پشتی تیرۆرەکە وەستاون، ئەوانەی هەڵساون بە ئەنجامدانی تاوانەکە،  لێژنەی لێکۆڵینەوە و ئەوانە لەپشتی داڕشتنی سیناریۆی هەڵبەستراو بە حەقی سەردەشت و خانەوادەکەی، ئەوانەی بە ناوی دادگا  شانۆگەریەکی قێزەونیان نمایش کرد. ئەوانەی هەڕەشەیان دەکرد... چەندین تاوان و پێشێلکاریتر لەسەر ئەو دۆسیە و مەسەلەیە. هەموو ئەوانە بەشێکی ڕاستەوخۆ و بەشدارن لە تاوانی تیرۆری سەردەشت عوسمان و پەنادانی تاوانکاران و تیرۆرستان.
بەرز و بەڕێز بێت یادی سەردەشت و هەموو ئەو مرۆڤانەی لە پێناو ژیان و عەدالەت و ئازادیدا گیانیان بەخشی.
ئازادی بۆ دەستگیرکراوانی بادینان و هەڵسوراوانی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان.
بەکر عوسمان
2021-05-03
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×