کەسوکاری سزادراوانی‌ بادینان داوای‌ هه‌ڵوێست لەنێچیرڤان بارزانی ده‌كه‌ن
  2021-05-04       361       
کەسوکاری سزادراوانی‌ بادینان ده‌ڵێن، ئەوان چاوەڕێی ئازادکردنی رۆژنامه‌نوس‌و چالاكوانه‌كان بون نەك پەسەندکردنی سزاکەیان. هاوكات داوای‌ هه‌ڵوێست لەنێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ سێشیه‌ممه‌ دادگای پێداچونەوەی ھەرێم کە لە پێنج دادوەر پێکدێن -سێ پارتی‌‌و دو یه‌كێتی‌- بەزۆرینەی دەنگی سێ دادوەر سزای بەندکردنی رۆژنامەنوسان‌و چالاکوانانی بادینانی پەسەند کرد.

کەسوکاری زیندانیکراوانی بادینان كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانیان لەگەڵ رێکخراوی CPT ئەنجامداو ئاماژەیان بەوەدا كه‌ ئەوان چاوەڕێی ئازادکردنی ده‌ستگیركراوەکان بون نەك پەسەندکردنی سزاکەیان. داواشیان لەنێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم كرد بڕیاری پێویست لەو بارەوە بدات.

کەسوکاری زیندانیکراوانی بادینان جه‌ختیانله‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ سزادراون هیچ تاوانێکیان نییە تەنیا داوای مافی خەڵکیان کردووە.

هاوکات، نوێنەری رێکخراوی CPT رایگەیاند، دوێنێ کە رۆژی ئازادی رادەبڕین بو، ئەمڕۆ ساڵیادی رفاندنی سەردەشت عوسمان‌و هەواڵی سەپاندنی سزای زیندانییە بەسەر گیراوانی بادیناندا.

راشیگەیاند، ئەوەی ئەوان تێبینیان کرووە لەهیچ دادگایەکی دیکەدا نەبووەو ئەو جۆرە دادگاییە رەتدەکەنەوە، دەشڵێت، چەند رۆژێك بەر لەدادگایی مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بانگەشەی سیخوڕبونی سزادراوانی‌ دەکردو بڕیاری دادگاش هەر هەمان شت بو.

بەتۆمەتی "کۆکردنەوەی زانیاری قەدەغەکراو، کارکردن بۆ گروپی چەکداری‌و پێدانی زانیاری بەلایەنی دەرەکی، بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی کوردستان"، رۆژی 16ی شوباتی‌ 2021 دادگای تاوانه‌كانی 2ی هه‌ولێر بڕیاریدا به‌سزای‌ شه‌ش ساڵ زیندانیكردن بۆ هه‌ریه‌ك له‌رۆژنامەنوسا‌ن‌و چالاکوانانی سنوری بادینان (شێروان شێروانی، ئه‌یاد كه‌ره‌م، گوهدار محه‌مه‌د ئه‌مین، شڤان سه‌عیدو هاریوان عیسا).

بڕیارەکەی دادگای هەولێر بەگوێرەی مادەی 21ی سزادانی عێراقی بو کە تایبەتە بەتێکدانی ئاسایشی هەرێم‌و کارکردنی بۆ لایەنی دەرەکی، بڕیارەکەش لەسەر ئاستی ناوخۆو نێودەوڵەتی ناڕەزایی لێکەوتوەتەوەو داوا له‌دادگای پێداچونەوەی هەرێم ده‌كرا كه‌ بەبڕیارەکەدا بچێتەوەو سزاکە هەڵبوەشێنێتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×