وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، محەمەد حەلبوسی،
سەرۆكی ئێستای پەرلەمان، هەر لە ئێستاوە داوای پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەكات.
دەشڵێت: ئەگەر كورد وەكو جاری پێشو پەرتەوازە بێت، رەنگە ئەو پۆستە لەدەست بدەین.
ئاوێنە: بەختیار شاوەیس، وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە
چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای حیزبەكەی، رایگەیاند، لەناو سوننەكاندا دو بەرەی
بەهێز هەن، یەكێكیان محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی ئێستا سەرۆكایەتی دەكات.
وتیشی"شتێكی تازە رویداوە كە محەمەد حەلبوسی لەم چەند رۆژەی دواییدا
باسیكرد، ئەویش پرسی سەرۆك كۆماری عێراقە، كە هەر لە ئێستاوە داوای سەرۆك كۆماری
عێراق دەكەن، هەروەك ئەوەی چۆن سەدرییەكان هەر لە ئێستاوە داوای سەرۆك وەزیرانی
عێراق دەكەن، حەلبوسی و بەرەكەی داوای ئەوە دەكەن كە پێویستە پێكهاتەی سوننە پۆستی
سەرۆك كۆماری وەربگرێت."
بەختیار شاوەیس لەگەڵ ئەوەی لە بایەخی قسەكانی حەلبوسی كەمكردەوە بەڵام وتی"بەدڵنیایی
كورد بەم داوایەی سوننەكان رازی نابێت، ئەمە یەكێك دەبێت لە پێشهاتە تازەكانی ئەم
هەڵبژاردنە. كورد دەبێت بۆ ئەم پێشهاتە ناو ماڵی خۆی رێكبخاتەوە. حەلبوسی لە
راستیدا ئەم یارییەی كە كردویەتی لە پێشوتردا تەنها و تەنها بۆ ئەوە بوە كە خۆی
كاندید بكات و خۆی ببێتە سەرۆك كۆمارو ئەمەیشی نەشاردۆتەوە."
سەبارەت بەوەی كە ئایا حەلبوسی دەتوانێت كێبڕكێ لەسەر پۆستە بكات، بەختیار
شاوەیس وتی"ئەمە ئەكەوێتە سەر كورد خۆی ئایا ئێمەی كورد یەكگرتو و یەكهەڵوێست
دەبین بەرامبەر بەم پێشهاتەو پێشهاتەكانی تریش، یان وەكو جاری پێشو پەرتەوازە
دەبین و بە دو كاندید بۆ سەرۆكایەتی كۆمار دەچینە پەرلەمان، بە دڵنیایی ئەگەر وەك
جاری پێشو بكەین و سوننەكانیش بەوشێوەیە هەر لەئێستاوە داوای پۆستی سەرۆك كۆمار
بكەن، رەنگە ئێمە ئەو پۆستە لەدەست بدەین."