پەرلەمانی عێراق لەدژی بڕینەوەی دارو درەختی سنورەکانی هەرێم لەلایەن تورکیاوە هەنگاو دەنێت
  2021-06-03       516       


سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی بۆ بەدواداچونی بڕینی دار لەسەر سنوری نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا پێکهێناو و باڵیۆزی تورکیاش دەڵێت، ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە وێنەی کوردستان نیە.

ئاوێنه‌: بەگوێرەی رانگەیەنراوی نوسینگەی راگەیاندن، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا پێشوازی کرد لە عەلی ڕەزا گۆنای، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا و نیگەرانی خۆی لە بارەی پرسی بڕینه‌وه‌ی دار له‌ گونده‌كانی سه‌ر سنوری نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا گەیاندە باڵیۆزی تورکیا و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە بە زوترین کات ئەو کارە را بگیرێت.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتوە،" باڵیۆزی تورکیا دڵنیایی داوەتە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کە ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە بڵاو دەکرێنەوە و دەگوترێت لە نێو خاکی ھەرێمی کوردستان ئەو دارانە دەبڕدرێنەوە دوورە لە راستییەوە و ئەو وێنانە ناو خاکی تورکیایە."

لە پاش کۆبونەوە دکتۆر بەشیر حەداد، لیژنەیەکی لە نوێنەرانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری و پەرلەمانتارانی پارێزگای دھۆک پێکھێنا بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە و گەیشتن بە راستییەکان."

ئاشکراشیکرد، بڕياره لژنەکە بە ھەماھەنگی لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان/ لیژنەی ئاسايش و ناوخۆ سەردانی ناوچەکە بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×