لەسەر سوتاندنی چوار هەزار داری ڕێگای کەسنەزان لەهەولێر سکاڵای یاسایی تۆمار دەکرێت
  2021-06-08       558       

پارتی سەوزی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات سوتاندنی چوار هەزار دارەکەی هەولێر، مەرامێکی بازرگانی لەپشتە، لەسەر ئەوە لەهەولێر سکاڵای یاسایی تۆماردەکات.

 

ئاوێنە: دانا نەجمەدین، وتەبێژی پارتی سەوزی کوردستان لەکۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "دیاردەی سووتاندن و تێکدان و لەنابردنی ژینگە و سروشتی کوردستان بەردەوامە، بەجۆرێک لەڕێگەی کەسنەزان لەهەولێر، بەدرێژایی شەقامەکە کە زیاتر لەهەزار دۆنمە سوتێنراوە. ئەو زەوییەی سوتێنراوە داری بەتەمەنی تێدایە، کە بەچوار هەزار دار مەزەندە دەکرێت، ئەمەش کارەساتێکی گەورەیە و لەماوەى چەند ساڵی ڕابردوودا چەندجارێک دووبارەبووەتەوە. لەساڵانی پێشوودا چیای گۆیژە و ڕێگای ڕاپەڕین سوتێنرا، هەروەها لەناحیەی سیروان لەهەڵەبجە و بانی مەقان لەنزیک چەمچەماڵ بەهەمانشێوە ئەم دیاردەیە دووبارە بووەتەوە، هەروەها لەپارێزگای دهۆک تورکیا خەریکی تێکدان و سوتاندنی سروشت و ژینگەی ناوچە سنوورییەکانە.لەهەموو پارێزگاکانی کوردستان ئەم دیاردانە دەبینن، کە هەریەکە و دەستێکی لەپشتە و بەئامانجێکی تایبەت دەکرێن، بۆیە داواکارە لەهەموو لایەنەکان لەئاست ئەم دەستدرێژییە بێدەنگنەبن. ئەو شوێنانەى دەستووتێنرێن شوێنی بازرگانین و بەدەستی دەزانن و بەمەبەست کراوە و مەرامێکی بازرگانی گەورە لەپشت ئەم دیاردانەوەن".
راسێگەیاند "لایەنی دەسەڵات لەنێو حکومەتى هەرێم لەئاست ئەم دیاردەیە بێدەنگە، بۆیە وەک پارتەکەیان سکاڵای یاسایی بەرامبەر حاڵەتەکانی پێشتر تۆمارکردووە و ئێستاش بۆ ئەم حاڵەتەى ڕێگای کەسنەزان لەدادگا سکاڵای یاسایی تۆماردەکەن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×