د.هێرش سەید سەلیم: تا ئێستا لەسنوری پارێزگای سلێمانی 39 هەزارو 294 کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە
  2021-06-10       299       

د.هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت "تا ئێستا لەسنوری پارێزگای سلێمانی 39 هەزارو 294 کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە".

 

ئاوێنە: جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاند "پرۆسەی پێدانی ڤاکسین پرۆسەیەکی خاوبووە و هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە بە ڕاستی لە سەرەتاوە ئەو بڕە ڤاکسینەی کە بەدەستمان دەگەیشت هەفتانە بوو یاخود لەو هەفتانەیەش کە دەهات بڕێکی زۆر کەم بوو دەتوانم بڵێم نەدەگەیشتە سێ هەزار ڤاکسین لەبەر ئەوە ئێمە هەر فریا دەکەوتین کە کارمەند و ستافی پزیشکی ئەوانەی کە لە ناوەندە تەندروستیەکان ئیش دەکەن یان ئەوانەی کە کارەکانیان زۆر بەرکەوتەی هەیە ئەوانە زیاتر بخەینە پێشەوەی لیستەکە بەڵام دوای ئەوەی کە ڕێژەی ڤاکسینەکە زۆر بووە ئێستا پێشبینی دەکەم وەکو ئەوەی پێشوو نەبێت کە خەڵک باسی دەکات."

راشیگەیاند "تا ئێستا 39 هەزار و 294 کەس خۆی کوتاوە لە سنوری پارێزگای سلێمانی، ڕاستە هێشتا پرۆسەکە بە دڵی ئێمە نییە بەڵام هێشتا ڕێژەی ڤاکسین ئەو ڕێژە زۆرە نییە کە لەبەردەستدایە، بۆنموونە ئێمە هەتا ئێستا بڕی ڤاکسین کە هاتووە لە سنوری سلێمانیدا 102 هەزار ژەمی ڤاکسینمان وەرگرتووە، 40 هەزارمان بەکارهێناوە پرۆسەکەش وایە ئەگەر ژەمی یەکەم دەدرێت دەبێت چاوەڕێی سێ هەفتە بکرێت بۆ ئەوەی ژەمی دووەمیش بدرێت، واتە دەبێت بەشی هەردووکیان بکات بۆیە هەتا ئێستا ڕێژەی کوتان 40% . ئێمە بۆ لەمەودوا بەنیازین زۆربەی سەنتەرەکان جارێکی تر بخەینەوە ئیش بۆ ئەوەی ڕێژەی پێدانی ڤاکسین زیاتر بکات و بەو شێوە خاویە نەبێت."


جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بە هۆکارێکی تر کرد کە بووەتە هۆی خاوی پرۆسەی پێدانی ڤاکسین، لەو ڕووەوە وتی" کێشەمان لەوەدایە کە ڤاکسینی فایزەر داواکاری زۆر لەسەرە یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوەیە هاوڵاتیان بەدەم هەموو ڤاکسینەکانەوە ناچن، داواکاری زۆر لەسەر فایزەرە بەداخەوە بۆ ئەو تێگەیشتنە خراپەی خەڵک هەیەتی لەسەر جۆرەکانی ڤاکسین ئەمەش وایکردووە خەڵک ناچێت بەدەم ئەسترازینیکا و سینۆفارم و ئەوانی ترەوە لەبەر ئەوە هۆکارەکە بە تەنها ئێمە نیین ئەوەی دەمی بکاتەوە دەڵێت من فایزەرم دەوێت فایزەریش بەو شێوە زۆرە نییە کە بەدەستی ئێمە بگات و بیدەین بە هەموو خەڵکی دڵنیای هاوڵاتیانمان کردۆتەوە کە ڤاکسینەکان هەمووی وەکو یەک کاریگەرن."

وتیشی "من خۆم یەکێک بووم لەوانەی کە سینۆفارمی چینیم بەکارهێناوە لەبری فایزەر و ئەسترازینیکا بۆ ئەوەی خەڵک دڵنیابێتەوە لەوەی کە کاریگەری خۆی هەیە و بەپێچەوانەوە ئەوەی کە باوەڕیان پێیەتی کە ئەمە دروستکراوی وڵاتێکە کە متمانەی نییە نەخێر وانییە کاریگەری خۆشی هەبووە دەتوانم بیسەلمێنم بۆ ئەوە بەڵام گرنگ ئەوەیە هاوڵاتیان بەدەم هەموو ڤاکسینەکانەوە بچن و داواکاریان لەسەر یەک ڤاکسین نەبێت، گرنگە خۆیان بکوتن نەک بڵێن هەردەبێت لەو جۆرە ڤاکسینە بێت کە دەمانەوێت."

د. هێرش باسی لەوەشکرد " ئێمە ئەم هەفتەیە بڕێکی زۆر باشمان بەدەست گەیشتووە بەنیازین لە هەفتەی داهاتووەوە زۆربەی بنکەکانمان پڕبکەینەوە لە ڤاکسین بۆ ئەوەی هاوڵاتیان زۆر چاوەڕێ نەکەن، ئەگەر ناویشیان پڕکردبێتەوە لە ئەپلیکەیشنەکان بتوانن بچن سەردانی شوێنەکان بکەن، بە ڕاستی هاوڵاتیانیش دەبێت ئەوەندە هۆشیاریان هەبێت کە پێشینە بدەن بەو خەڵکانەی کە پیرن یان ئەوانەی کە نەخۆشیان هەیە نەک گەنجێکی 25 ساڵی بچێت لەسەرەدا بوەستێت و چاوەڕێی ڤاکسین بکات و پیرێکیش لە ماڵەوە دانیشتبێت لەبەر ئەوە پێویستە هاوڵاتیانیش ڕەچاوی ئەو بارودۆخە بکەن پێویستە ڕەچاوی ئەوە بکەن کە چ دەزگایەک چ ناوەندێک چ توێژێک لە پێشینەی ئەوانەوەیە کە خۆی دەکوتێت نەک ئەمەش ببێت بە مەسەلەی شتەکانی تر و بکرێت بە واستەکاری خەڵک هەوڵبدات بۆ ئەوەی بە واسیتە ڤاکسین وەربگرێت."


لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا خەڵک هەوڵدەدات وەک خۆت دەڵێیت بە واستە ڤاکسین وەربگرێت؟ لە وەڵامدا د. هێرش سەید سەلیم ڕایگەیاند" بەدڵنیاییەوە من خۆم لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن وتومە کە خۆم سینۆفارمم بەکارهێناوە بۆ ئەوەی هانی هاوڵاتیان بدەم کەچی زۆر لە برادەران یان خەڵکێکی تر تەلەفونم بۆ دەکات و دەڵێت تۆ کەیفی خۆتە کە سینۆفارمت بەکارهێناوە بەڵام من فایزەرم دەوێت و دەبێت بۆشم پەیدابکەیت، لەم وڵاتەدا بە ڕاستی واستەکاری و تەکلیفکردن بووە بە کەلتور، خەڵک ئەستەمە وازی لێبهێنێت هیوادارم ئەو کەلتورە لەناوبچێت و خەڵکی فێربن کە چاوەڕێ بکەن و لە پشوودرێژیدا بن زوو بێت یان درەنگ هەموو خەڵک دەگاتە ئەو بڕوایەی کە ڤاکسین بەبڕێکی زۆریش دەمێنێتەوە و خەڵک لە کاتێکی گونجاو و بەبێ ئەوەی توشی دڵەڕاوکێ بێت ڤاکسینەکەی خۆی وەردەگرێت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×