لەعێراق 34 توشبوی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا كە زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی بون
  2021-06-10       437       

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی توشبوانی نوێی كۆرۆنا زیاتر بوە لەوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوەو هاوكات 34 توشبوی دیكەی كۆرۆناش گیانیان لەدەستداوە كە زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی بون.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 44 هەزارو 474 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان چوار هەزارو 684 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە كەمتر بون لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە چوار هەزارو 86 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 34 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی بون و شەش حاڵەتی گیانلەدەستدان بون.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە یەك ملیۆن و 242 هەزارو 540 كەس و لەوانە 16 هەزارو 648 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو یەك ملیۆن و 159 هەزارو 973 كەسیان چاكبونەتەوەو 65 هەزارو 919 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 441 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×