وەزارەتی ناوخۆ: پەكەكە چەندین هاوڵاتی خاوەن رەگەزنامەی ئەوروپی ناردۆتە ناو هەرێم بۆ تێكدانی سەقامگیری
  2021-06-10       1141       

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا پەكەكە تۆمەتبار دەكات بەوەی كە "لەم ڕۆژانەدا وەک بەشێک لە پیلانەکانیان لە دژی ھەرێم و بە ھاوکاری دەستێکی ناوخۆیی، چەندین ھاوڵاتی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەوروپاییان ناردوە بۆ ناو هەرێم بۆ بە کارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناو هەرێم لە ژێر ناوی گروپی بەناو ئاشتی و ئازادی."

ئاوێنە: راگەیەندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای ئەوە دێت كە ئەمڕۆ پێنجشەممە، نوێنەری پەیەدە لە هەولێر و ئەندامێكی لیژنەی پەیوەندییەكانی ئەو حزبەو نوێنەری خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوا لە كاتی چونیان بۆ فڕۆكەخانەی هەولێر بۆ پێشوازیكردن لە چەند میوانێك، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركران.

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوەكەیدا وتویەتی"چەندین ساڵە بەھۆی بونی چەکدارانی پەکەکە سەدان گوندو ئاوایی ناوچە سنورییەکان چۆڵکراون و زیانێکی زۆری ماددی بەر هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە کەوتوە. هاوکات بەردەوام ھەوڵی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و دروستکردنی پشێوی و نائارامیان لەناو هەرێم داوە، ئەویش بە ڕێگای جۆراوجۆر لەوانە لەم ڕۆژانەدا وەک بەشێک لە پیلانەکانیان لە دژی ھەرێم و بە ھاوکاری دەستێکی ناوخۆیی، چەندین ھاوڵاتی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەوروپاییان ناردوە بۆ ناو هەرێم بۆ بە کارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناو هەرێم لە ژێر ناوی گروپی بەناو ئاشتی و ئازادی."

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم ئەوەشی وتوە"پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ناو هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت هێڵی سورەو رێگانادەین لەژێر هیچ بیانویەک و لەژێر ناوی هیچ گروپێک، ئەم سەقامگیرییە تێک بدرێت."

هەروەها لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"داواش لەو گروپانەی بە ناو ئاشتی و ئازادی دەکەین خۆیان نەکەنە ئامرازێک بۆ تێکدانی باری ئەمنیی هەرێم. ئەگەر بەڕاستیش نیازیان ئاشتی و ئارامییە، با ڕوی قسەکانیان ئاراستەی قەندیل بکەن چونکە شەڕانگێزی و نائارامی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، پێویستە ئەو گروپانە داوا لە پەکەکە بکەن چیتر دەست نەخاتە ناو کاروبارەکانی هەرێمی کوردستان وسنورێک بۆ شەڕفرۆشییەکانیان و دژایەتی خەڵکی ئاشتیخوازی هەرێمی کوردستان دابنێن."

دەقی راگەیەندراوەكە...

راگەیەندراوێک لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردو چەندین جار چەکدارانی پەکەکە پەلاماری ھێزی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانیان داوە و چەندین ئەفسەر وپێشمەرگەیان شەھید و بریندار کردوە و ھەمو ھەوڵیان بۆ تێکدانی ئارامی وئاسایشی هەرێمی کوردستانە. بەداخەوە لە ڕۆژانی رابردوشدا شەش پێشمەرگەیان شەھید کردو چەندین پێشمەرگەی تریش بریندار بون.

چەندین ساڵە بەھۆی بونی چەکدارانی پەکەکە سەدان گوندو ئاوایی ناوچە سنورییەکان چۆڵکراون و زیانێکی زۆری ماددی بەر هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە کەوتوە. هاوکات بەردەوام ھەوڵی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و دروستکردنی پشێوی و نائارامیان لەناو هەرێم داوە، ئەویش بە ڕێگای جۆراوجۆر لەوانە لەم ڕۆژانەدا وەک بەشێک لە پیلانەکانیان لە دژی ھەرێم و بە ھاوکاری دەستێکی ناوخۆیی، چەندین ھاوڵاتی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەوروپاییان ناردوە بۆ ناو هەرێم بۆ بە کارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناو هەرێم لە ژێر ناوی گروپی بەناو ئاشتی و ئازادی.

لێرەدا بە ڕای گشتی رادەگەیەنین کە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ناو هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت هێڵی سورەو رێگانادەین لەژێر هیچ بیانویەک و لەژێر ناوی هیچ گروپێک، ئەم سەقامگیرییە تێک بدرێت.

داواش لەو گروپانەی بە ناو ئاشتی و ئازادی دەکەین خۆیان نەکەنە ئامرازێک بۆ تێکدانی باری ئەمنیی هەرێم. ئەگەر بەڕاستیش نیازیان ئاشتی و ئارامییە، با ڕوی قسەکانیان ئاراستەی قەندیل بکەن چونکە شەڕانگێزی ونائارامی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، پێویستە ئەو گروپانە داوا لە پەکەکە بکەن چیتر دەست نەخاتە ناو کاروبارەکانی هەرێمی کوردستان وسنورێک بۆ شەڕفرۆشییەکانیان و دژایەتی خەڵکی ئاشتیخوازی هەرێمی کوردستان دابنێن.

وەزارەتی ناوخۆی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
١٠-٦-٢٠٢١

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×