ئەمریكا: پاداشتی گەورە دەدەینە ئەو كەسانەی كە زانیاریمان لەبارەی هێرشەكان لە عێراق پێ دەدەن
  2021-06-10       629       

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، پاداشتێك كە دەگاتە سێ ملیۆن دۆلار تەرخان كراوە بۆ ئەو كەسانەی زانیارییان لەبارەی ئەو هێرشانەوە پێدەدەن كە لە عێراق دەكرێنە سەر دامەزراوە ئەمریكییەكان.

ئاوێنە: هەژماری "پاداشت لەپێناو دادپەروەری" لە تویتەر كە سەربە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكایە، لە تویتێكدا داوای لە هاوڵاتیانی عێراق كردوە زانیارییان لەبارەی ئەو "تیرۆریستانەوە" بدەنێ كە هێرش دەكەنە سەر دامەزراوە ئەمریكییەكان و دواتر لەنێو خەڵكی مەدەنیدا خۆیان دەشارنەوە.

لە تویتەكەدا هاتوە، واشنتۆن پاداشتێكی تەرخان كردوە كە دەگاتە سێ ملیۆن دۆلار بۆ پێدانی زانیاری لەبارەی ئەو هێرشانەی پلانیان بۆ دادەنرێت یاخود هێرشەكانی رابردو كە كراونەتە سەر دامەزراوەكانی ئەمریكا.

هەروەها داواشی لە هاوڵاتیانی عێراق كردوە بۆ ئەو مەبەستە لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەتسئەپ یان تەلەگرام یاخود سیگناڵەوە پەیوەندییان پێوە بكەن.

ئەوەش دوای ئەوە دێت كە شەوی رابردو، نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا كە هێزەكانی ئەمریكای لێیە، بە سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو كرایە ئامانج.

 

 


زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×