دادگای كەتن لە هەڵەبجە بڕیاریدا بە سەپاندنی سزای شەش مانگ زیندانی بەسەر رۆژنامەنوس ناسیح عەبدولڕەحیم، كە بەڕێوەبەری بانكی خوێنی هەڵەبجەیە، ئەوەش بە تۆمەتی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی.
ئاوێنە: بەپێی بڕیاری دادگاكەو ناسیح عەبدولڕەحیم بۆ ماوەی شەش مانگ بەپێی ماددەی 2ی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی بەنددەكرێت.
مەریوان عەبدولڕەحیم، برای ناسیح عەبدولڕەحیم، بە روداوی راگەیاند، "براکەم بەپێی ماددەی2ی یاسای قەدەغەکردنی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بڕیاری 6 مانگ زیندانیکردنی بۆ دەرچوە، بەڵام ئێمە چاوەڕێی ئەوەین کە پێداچونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت و سزاکەی بکرێتە ماددی یان سوک بکرێت."
لە ئایاری 2020 ناسیح عەبدولڕەحیم نوسراوێکی لەبارەی سزادانی سێ کارمەندی تەندروستیی هەڵەبجە لە پەڕەی فەیسبوکی خۆی بڵاوکردوەتەوە، بەپێی وتەکانی مەریوان عەبدولڕەحیم، ئەو سێ کارمەندە سکاڵایان لەسەر تۆمار کردوەو بەو هۆیەوە براکەی سزادراوەو لە رۆژی چوارشەممەوە لە زینداندایە.
لە کاتێکدا دکتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە نوسراوێکی ئاراستەی دادگەی کەتن لە هەڵەبجە کردوەو رایگەیاندوە، "بڵاوکردنەوەی ئەو نوسراوە هیچ زیانێکی لە پێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە نەداوە".
ناسیح عەبدولڕەحیم، جگە لەوەی فەرمانبەری وەزارەتی تەندروستییە، چالاکڤان و رۆژنامەنووسیشە، سەرۆکی سەنتەری میترۆ لەبارەی دەستگیرکردنەکەیەوە وتی"ناحەقی بەرامبەر کراوە."
رەحمان غەریب، سەرۆکی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان بە روداوی وت"بەداخەوە هەوڵێک هەیە کە هاوڵاتی و میدیا بەشدار نەبێ لە روبەڕوبونەوەی گەندەڵی، ئەمە لێکەوتەی خراپی هەیەو دەبێ دەسەڵات لێکۆڵینەوە لە هاوڵاتیی نەکات لەسەر ئەوەی کە گەندەڵی ئاشکرادەکەن، ئەمە کارێکی زۆر خراپە و دەبێ دادگەکان هانی میدیاو هاوڵاتی بدەن بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵی، هەروەها دەبێ هاوکاریی هاوڵاتی بکرێت و زانیاریش بدرێتە میدیا."
رەحمان غەریب وتیشی "وەکو سەنتەری میترۆ، داوای پێداچونەوە بە بڕیارەکەدا دەکەین، چونکە ناحەقی کراوە بەرامبەر بە ناسیح عەبدولڕەحیم".