مەلا بەختیار: خێرە گۆڕان لە هاوپەیمانییەكەی لەگەڵ یەكێتی باسی دژایەتی گەندەڵی نەكردوە
  2021-06-21       1116       

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی سەبارەت بەو هاوپەیمانییەی دوێنێ یەكشەممە، لەنێوان حزبەكەی و بزوتنەوەی گۆڕاندا ئیمزاكرا، دەڵێت: گۆڕان هەتا ئێستاش سەروبنی زمانی راگەیاندنیان دژایەتی گەندەڵییە. خێرە لەم هاوپەیمانییە نوێیەدا، داوای پاكسازی گەندەڵی نەكردوە.

ئاوێنە: مەلا بەختیار، ئەمڕۆ دوشەممە، لەمیانی پێشوازیكردنی لەژمارەك كەسایەتی‌و پیاو ماقوڵ ‌و رۆشنبیرانی دەڤەری گەرمیان سەبارەت بە هاوپەیمانی تازە مۆركراوی گۆڕان‌و یەكێتیش، رایگەیاند"كارێكی سیاسی باشە. هیوادارم هەتا یەكگرتنی هەردو لا، بەردەوامبێت."

وتیشی"دەستەواژەی گەندەڵی، لەناوەڕاستی نەوەدەكانەوە كاك نەوشیروانی رەحمەتی دایهێناوە، بەتایبەتی لەئیدارەی سلێمانی ئەوكاتە. كە گۆڕانیش جیابونەوە، هەتا ئێستاش سەروبنی زمانی راگەیاندنیان، دژایەتی گەندەڵییە. ئەندامانی پەرلەمانی عێراق‌و كوردستانی گۆڕان، پەیتا پەیتا باسی گەندەڵی دەكەن، بەئامارو بەڵگەوە، گەندەڵییەكان لەمەرزەكان دەخەنەڕو. خێرە لەم هاوپەیمانییە نوێیەی گۆڕان‌و یەكێتیدا، گۆڕان داوای پاكسازی گەندەڵی نەكردوە."

مەلا بەختیار ئەوەی خستۆتەڕو"بۆ گۆڕان وا تێگەیشتوە بەم هاوپەیمانییە، ئیتر گەندەڵی پاك دەبێتەوە؟ باسنەكردنی گەندەڵی لەم هاوپەیمانییە، لەزەرەری گۆڕان دەشكێتەوە. لەناو ریزەكانیاندا لێكەوتەی خراپی لێدەكەوێتەوە، كە زیانی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی هاوبەش دەبێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×