2021-06-24   531     
بەهۆی کەمبونەوەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا و کۆبونەوەی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک پڵەس) کەچاوەڕێ دەکرێت جارێکی دیکە خستنەڕوی نەوت بە جێگری بهێڵنەوە، بەهای نەوت بەردەوامە لەبەرزبونەوە و ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوتی برێنت لەبازاڕەکانی جیهاندا بە 75.52 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئاوێنە: بهگوێرهی ئاژانسهكانی بۆرسهی جیهانی، ئهمڕۆ پێنجشەممە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە 75.52 دۆلارە، بەمەش بەراورد بەدوێنێ نرخی نەوت 0.36% بەرزبوەتەوە. نرخى بەرمیلێک نەوتى خاوی ئەمریکیش بە 73.48 دۆلار مامەڵەى پێوە دەکرێت.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەهۆی کەمبونەوەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا بەڕێژەی 7600000 (حەوت ملیۆن و شەش سەد هەزار بەرمیل نەوت) لەم هەفتەیە و بڕیاری وڵاتانی هەناردەکاری نەوت بۆ بەردەوامی کەمکردنەوەی خستنەڕوی نەوت، وایکردوە بەهای نەوت لەم هەفتەیەدا بەرزبونەوەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
لویز دیکسۆن، شیکەرەوەی بازاری وزە لەئەمریکا بە ئاژانسەکەی راگەیاندوە، چاوەڕێ دەکرێت کەمبونەوەی نەوتی کۆگاکراو و بڕیارەکانی ئۆپیک پڵەس لەکۆبونەوەی مانگی ئابی داهاتو، لەهەفتەی داهاتوشدا کاریگەریان هەبێت لەسەر سیاسەت و داهاتوی بازاری وازە.
وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و هاوپەیمانەکانیان کەناسراون بە ئۆپیک پڵەس بڕیارە لەمانگەکانی تەمموز و ئابدا ژمارەیەک کۆبونەوە لەسەر سیاسەتی وزە و هەناردەی نەوت بدەن، بەوەش لەئێستاوە خواستی جیهانی لەسەر نەوت لەنیوەی دوەمی ئەمساڵدا زیادیکردوە.
لویز دیکسۆن دەڵێت، هەرچەندە گفتوگۆکانی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک و ئەگەری هەڵگرتنی سزاکان لەسەر کەوتی نەوتی ئێران رەنگە کاریگەری هەبێت لەسەر نرخی نەوت، بەڵام چاوەڕێ ناکرێت گۆڕانکارییەکی بەرچاو لەبازاری وزەی جیهانی دروستبکات.
دوێنێش مەحمود واعزی، بەرپرسی نوسینگەی حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران بەمیدکانی وڵاتەکەی راگەیاندوە، لیژنەی دانوستنکار لەگفتوگۆکانی ڤییەننا گەیشتونەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی سزاکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە هەڵبگیرێت بەتایبەت سزاکانی سەر کەرتی نەوت، هەروەها واشنتن رەزامەند بوە بەهەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سەپاندنی سزابەسەر ژمارەیەک بەرپرسی وڵاتەکەی.
باسی لەوەشکردوە، بڕیارە 1040 (هەزار و چل) سزا لەسەر تاران هەڵبگیرێن کەلەسەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپدا بەسەر وڵاتەکەیاندا سەپێنرابون، لەوانەش هەڵگرتنی سزاکان لەسەر کەسانێکی نزیک لەرێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران.
بەگوێرەی شیکەرەوەکانی بازاری وزە لە ئەمریکا بەهۆی زیادبونی خواست و بەنزمی هێشتنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، پێشبینی دەکرێت تاکۆتایی ئەمساڵ نرخی نەوتی برێنت لەنێوان 70 بۆ 80 دۆلاردا جێگیربێت.