فراكسیۆنی پارتی داوای رادەستكردنی شوێنەكانی پەكەكە دەكات
  2025-05-12       783       

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت "پێویستە سەرجەم ئەو شوێنانەی پەكەكە دەستی بەسەردا گرتون، رادەستی پێشمەرگە بكرێن."

ئاوێنە: مەریوان قەرەنی، كە ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بە فەرمی خۆهەڵوەشاندنەوەی راگەیاند، هەروەها كۆتاییهاتنی هەمو پرۆسەیەكی چەكداری و هەر چالاكییەكیشی راگەیاند كە بە ناوی ئەو حزبەوە بكرێت."

ئاماژەی بەوەشداوە "هەرچەندە ئەم بڕیارە پەیوەندیی بە خودی ئەو حزبەوە هەیە، بەڵام مایەی پێشوازیلێكردنە، چونكە هەمو كوردێك خوازیاری ئاشتییە و حەز بە شەڕ ناكات، بۆیە ئەم بڕیارە دەكرێ دەرفەتێكی تازە بێت بۆ ئەوەی ئاشتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری كوردستان و توركیا بچێتە قۆناغێكی گەشەكردوەوە."

بەقسەی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئەو پرۆسەی ئاشتییەی كە لە توركیا و باكوری كوردستان هاتۆتە ئاراوە، لە لایەن مەسعود بارزانی و پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پشتیوانییەكی تەواوی لێ دەكرێت و وتوشیەتی"ئەم پشتیوانییەش ڕۆڵی دەبێت لە سەرخستنی پرۆسەكەدا."

مەریوان قەرەنی وتوشیەتی"پێویستە ئەوەمان لەبیر نەچێت كە ئەو ناوچانەی پەكەكە دەستی بەسەردا گرتون، لە قەندیل و لە شنگال، خاكی هەرێمی كوردستانن و بەپێی دەستور و یاساكانی عێراق و كوردستان، ئەركی پاراستنی ئەو ناوچانە لە ئەستۆی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندایە، بۆیە بە گرنگی دەزانین كە سەرجەم ئەو ناوچانە رادەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكرێن."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×