پۆلیس: تۆمەتباری سوتاندنی بازاڕی حاجیاوا دەستگیركرا
  2025-05-12       138       

پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، تۆمەتباری سوتاندنی بازاڕی قەزای حاجیاوایان دەستگیركردوە كە ژنێكی 45 ساڵانەو دانی بەوەدا ناوە لەكاتێكدا كە خاوەنەكانیان لە دوكان نەبون، بەمەبەست لەڕێگەی ئاگربەردان لە پارچە قوماشێكەوە، دوكانەكانی سوتاندوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، دوای ئەوەی لە 25/4/2025، روداوێكی ئاگركەوتنەوە لە بازاڕی قەزای حاجیاوا ڕویدا کە بوە هۆی سوتانی بەشێك لە دوکانەکانی مەیدانی شارەکە کە کۆنەفرۆش بون، بەوهۆیەوە زیانی زۆری ماددی بەر خاوەن دوکانەکان کەوت.

ئەوەشی خستۆتەڕو، دوای لێکۆڵینەوەو بەدواداچونی ورد بە سودوەرگرتن لە تۆماری کامێراکانی چاودێری توانرا لەلایەن بنکەی پۆلیسی حاجیاوا تۆمەتبارێکی ئافرەت بەناوی (ش. س. ع.) تەمەن 42 دانیشتوی قەزانی ڕانیە گەڕەكی ڕزگاری، دەستگیربكرێت کە پیشەی دەستگێڕە لەناو بازاڕی حاجیاوا.

پۆلیس ئاماژەی بەوەشداوە، دوای لێكۆڵینەوە لە گەڵیدا لە بەردەم دادوەر و پۆلیسدا دانینا بە تاوانەكەیدا کە بەوتەی خۆی، "کاتێک خاوەنەکانیان لە دوکان نەبون، ئەویش ئاگری لە پارچەیەک قوماش بەرداوە و دوکانەکان گڕیان گرتوە، چونکە مەبەستی بوە دوکانەکان بسوتێنێت."

بەپێی راگەیەندراوەكەی پۆلیس، لەکاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، تۆمەتبارەکە وای خۆی دەرخست کە نەخۆشی دەرونی هەیە، بەوهۆیەش دەنێردرێتە لیژنەی پزیشکی پۆ پشتڕاستکردنەوەی کە ئاخۆ لە ڕوی دەرونییەوە تەندروستە یاخود نەخۆشی دەرونی هەیە.

پۆلیسی راپەڕین وتوشیەتی، دادوەر بڕیاری دا بە ڕاگرتنی تاوانبار بەپێی ماددەی 342 لە یاسای سزادانی عێراقی و لێكۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×